لە ئەیلولی 2013 دا لە لایەن د. ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەکان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کۆمپانیا کارکەرەکانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستاندا، راگەیەنرا.
ئامانجی ئەم دەستپێشخەریە دابینکردنی فریاگوزاری کتوپڕە لە کۆمپانیاکانی پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان کە دوا بەدوای پشێویەکانی سووریا بە لێشاو لە چەند مانگی پێشوودا هەڵهاتوون بەرەو هەرێم.
حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاژانسە نێودەوڵەتیەکانی فریاگوزاری و رێكخراوە ناحکومیەکان و هاوڵاتیانی هەرێمیش هەموو هاوکاربوون بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو گرفتانەی کە بەسەر ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان هاتووە، بەڵام بە کردار کاری زیاتر پێویستە ئەنجام بدرێت بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان تاوەکو بتوانێت مامەڵە لەگەڵ راددەی قەیرانەکەدا بکات بە تایبەتی لە بارودۆخی سەختی زستانی ئێستادا.
ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کرد کە داواکاری ئاراستەی کۆمپانیاکانی نەوت و غاز بکات، وەک هاوبەشێکی درێژخایەنی هەرێمی کوردستان، بتوانن رۆڵیان هەبێت لە پشتگیریکردنی ئەم هەوڵە مرۆییەدا.
د. ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کورستان، رایگەیاند "هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر بایی 10 ملێۆن دۆلار سووتەمەنی و 25 ملیۆن دۆلاریشی لە پارەی بنیاتنانی تواناکانی وەک یارمەتی فریاگوزاری کتوپڕ دابینکردووە، بەڵام لەبەر گەورەبوونی راددەی قەیرانەکە و زیادبوونی ژمارەی ئەو ئاوارانەی کە رۆژانە هەڵدێن، هەموومان دەبێت پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی بە پەلە یارمەتی زیاتری پێویست دەستەبەر بکەین."
د. ئاشتی هەورامی ئامانجێکی دیاریکردووە بۆ پەیداکردنی 50 ملیۆن دۆلاری تر لە هاوکاری دارایی لەلایەن کۆمپانیاکانەوە. سەرەڕای ئەو هاوکاریە داراییەی کە پێشتر لەلایەن حکومەتی هەرێمی کورستانەوە تەرخانکرا بوو، د. ئاشتی ووتی کە "بەرامبەر هەر دۆلارێک" کە لە لایەن کەرتی نەتەوە دەدرێت، حکومەتیش "دۆلارێک دەبەخشیت."
هەوروەها وتیشی، "خۆشحاڵم کە لە کۆبوونەوەکەماندا کۆمپانیاکانی نەوت و غاز رازی بوون یارمەتی دارایی دەستەبەر بکەن بۆ ئەم هەوڵە مرۆییە. هاوکاریان جیاوازیەکی گەورە دروستدەکات لەسەر ژیان و خۆشگوزەرانی ئاوارەکان و هەروەها یارمەتی ئەو کۆمەڵگانەش دەدات کە ئاوارەکان لێیان نیشتەجێ بوون."
لە لایەکی ترەوە، کۆمسیۆنی باڵای ئاوارەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) پشتگیری لە دەستپێشخەری مرۆیی پیشەسازی نەوت و غازی کوردستان دەکات.
بەرپرسی UNHCR لە هەرێمی کوردستان و باکووری عێراق ویلیام تۆڵ راگەیاند کە دەستپێشخەری هاوشێوەی لە پیشەسازی نەوتەوە لە وڵاتانی تری جیهاندا بینیوە لە کاتی قەیرانەکاندا و ئاماژەی دا بە ئەزموونی خۆی لە وڵاتی ئازربایجان پاش روخانی حکومەتی کۆمۆنیستی لەو وڵاتەدا.
هەروەها تۆڵ ستاییشی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە بە تەنگەوە چوونیان بۆ قەیرانی ئاوارەکان و وەک هەوڵی "کەم وێونە" باسی لێوە کردن. بەڵام روونیشی کردەوە لە لەگەڵ هاتنی زستاندا و هەڵهاتنی ئاوارەی زیاتردا بەرەو هەرێمی کوردستان، بارودۆخەکە پێویستی بە یارمەتی زیاتر دەبێت.
بەپێی خەمڵاندنە هەنووکەییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و UNHCR، ژمارەی خەڵکی ئاوارە لە هەرێمی کوردستاندا دەگاتە زیاتر لە 250,000 کەس. نزیکەی نیوەیان لە کامپە کاتیەکاندا جێگیر کراون بەڵام ژمارەیەکی بەرچاویشیان نیشتەجێی گوند و شار و شارۆچکەکان بوون و لە ململانێدان بۆ دەستکەوتنی بژێوی ژیان.
لەم وەزری زستانەدا، یارمەتی دارایی زیاتر پێویستە. ئەگەر کۆمپانیاکەت دەیەوێت بەشدار بێت لە دەستپێشخەری مرۆیی پیشەسازی نەوت و غازی کوردستان یان پێویستی بە زانیاری زیاتر هەیە، تکایە پەیوەندی بکەن بە KOGHI@mnr.krg.org.
بە پێی دەستپێشخەری مرۆیی پیشەسازی نەوت و غازی کوردستان، هاوکاریە داراییەکان لە لایەن کۆمپانیاکانی نەوتەوە راستەوخۆ دەدرێن بە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی فریاگوزاری و ئەو رێكخراوە ناحکومیەکانەی کە بەشدارن لە هەوڵەکانی فریاگوزاریدا بۆ ئاوارەکان.
بۆ بینینی لیستی ئاژانس و رێکخراوە ناحکومیەکان، کلیل لە لاپەڕەی ڕیکخراوە ناحکومیەکان بکە.