2014/8/29 – هەولێر (mnr.krg.org) -
لەو کاتەوەی رێکخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە حوزەیرانی ئەمساڵەوە هاتووەتە ناو عێراقەوە، سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆیی پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەندەی لە توانایدا بێت بەردەوام فریاگوزاری مرۆیی دەستەبەر دەکات بەڵام بە تەنها ئەم ئەرکە گەورەیەی پێ جێبەجێ ناکرێت. لەبەرئەوە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بڕیاری دا بە بەرفراوانکردنی دەستپێشخەری مرۆیی نەوت و غازی کوردستان بۆ ئەوەی ئەو هاوکاریە مرۆییە پەنابەر و ئاوارە ناوخۆییەکانی ئەم دواییانەش بگرێتەوە.
لە بنەڕەتدا دەستپێشخەری مرۆیی نەوت و غازی کوردستان لە ئەیلولی ٢٠١٣ دا لە لایەن ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکانەوە راگەیەنرا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کۆمپانیا کارکەرەکانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دابینکردنی فریاگوزاری مرۆیی لە پیشەسازی نەوتەوە بۆ ئاوارانەی کە بەهۆی قەیرانی سووریاوە هەڵهاتبوون. حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی کۆمپانیا کارکەرەکانی نەوت و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری دەکات کە بەشداربوون لەو دەستپێشخەریەدا و ١٥ ملیۆ دۆلاریان بۆ پیتاکی فریاگوزاری دابینکرد.
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان خۆشحاڵە کە ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی نەوتی لە هەرێمی کوردستان پێشتر پرسیاریان کردووە دەربارەی چۆنیەتی دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و ئاوارەی ناوخۆیی. بە بەرفراوانکردنی دەستپێشخەری مرۆیی نەوت و غازی کوردستان، کۆمپانیاکان چوارچێوەیەکی کارکردنیان لەبەر دەستە بۆ دابینکردنی پیتاکەکان.
بەپێی دەستپێشخەری مرۆیی نەوت و غازی کوردستان، کۆمپانیاکانی نەوت راستەوخۆ پیتاکەکان دەبەخشنە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی فریاگوزاری مرۆیی و رێکخراوە ناحکومیەکان کە بەشدارن لە دابینکردنی هاوکاریدا بۆ ئاوارەکان. بەشداریکردن لەم هەوڵەدا هاوکاری ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە ئاوارەکان دەکات. ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت بەشداری بکەن دەتوانن پەیوەندی بکەن بە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە بۆ دەستکەوتنی لیستێکی رێکخراوە هاوکارەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستاندا.
زیاتر بخوێنەوە سەبارەت بە هاوکاری کۆمپانیاکانی نەوت بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان و پەنابەرەکان لە قۆناغی دووەمی دەستپێشخەری نەوت و غازی کوردستاندا.