لەپێناو زامنکردنی پرۆسەیەکی تەندەرلێدانی کێبەرکێکراو و دادپەروەرانە و شەفافدا، پرۆسەی کڕین لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان پێکهاتووە لە هەوڵێکی هاوبەش لە نێوان کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتدا. وەزارەت دڵناییی دەکات لەوەی کە هەموو داواکارە تۆمارکراوەکانی تەندەر بانگهێشت بکرێن بۆ ئەوەی لەکوێدا شیاوبێت تەندەر لێبدەن، ئەمەش لەگەڵ پەیڕەویکردنی سیاسەتی دەرگای کراوەدا تاوەکو هەموو داواکارانی تەندەر یان بەڵێندەرە فەرعیەکان بتوانن نیگەرانیەکانیان بگەیەنن.
پرۆسەی کڕین لەلایەن کۆمپانیا نەوتیە نێودەوڵەتیەکەوە ئەنجام دەدرێت، هەرچەندە رێگەش دەدرێت بە لیژنەی بەڕێوەبردنی هاوبەش لە قۆناغی جیاجیادا چاودێری پرۆسەکە بکات. سەرۆکی لیژنەی بەڕێوەبردن (کە ئەندامی وەزارەتە) لەگەڵ ئەندام و راوێژکارە هاوەڵەکانیدا پابەندن بەوەی ستراتیژی تەندەرلێدان پەسەند بکەن بۆ زامنکردنی پلانێک لەپێناو دانانی رێوشوێنێکی دادپەروەرانەی کڕیندا کە هەموو بەشدارە تۆمارکراوەکان لەخۆ بگرێت و هیچ یەکێک لە تەندەرلێدەران پەک نەخات بەبێ پاساوی بەهێز.
لە کاتی پرۆسەکەدا، راسپاردە هونەری و بازرگانیەکان لەلایەن کۆمپانیا نەوتیە نێودەوڵەتیەکە و وەزارەتەوە هەڵدەسەنگێنرێن و دوا رەزامەندی لەلایەن سەرۆکی لیژنەی بەڕێوەبردنەوە، کە سەر بە وەزارەتە، وەردەگیرێت. بەشداری و راوێژی وەزارەت و کۆمپانیا نەوتیە نێودەوڵەتیەکە لە پرۆسەی کڕیندا یاریدەدەر بووە لە نەشونماپێکردنی متمانە و شەفافیەت لە سیستەمەکەدا، و رێگەیداوە بە گفتوگۆی هونەری و بازرگانی کراوە کە دواجار بووەتە مایەی بەهێزکردنی کەرتی خزمەتگوزاریەکان لە هەرێمدا لەپێناو پشتگیریکردنی چالاکیەکانی ناو کێڵگەی نەوت.