هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق
٣١ مایس ٢٠١٧
لە ماوەی رابووردودا چەندین راپۆرتی رۆژنامەوانی نادروست و دەنگۆ بڵاوکراونەتەوە، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، دەربارەی دادگای ناوبژیوانیی و سکاڵای داناغاز لە دادگای ئەمریکا. ئاگادارین کە هەندێک کەناڵی میدیایی ناوخۆ، هەوڵی بەهەڵەدابردنی هاووڵاتیان دەدەن، بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی ئەجێندای سیاسیی خۆیان. لەبەرئەوە دەخوازین ئەمانەی خوارەوە روون بکەینەوە:
بەپێی یاسا پەیوەندارەکان و رێساکانی ناوبژیوانیی، پێویستە نهێنیپارێزی پەیڕەوبکرێت سەبارەت بە ناوەڕۆکی کەیسەکە.
بەبێ پێشێلکردنی ئەرکی نهێنیپارێزیی، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارە هەندێک زانیاری نادروست و ناتەواو راستبکاتەوە.
سکاڵا نوێیەکی دانەغاز بۆ قەرەبوو، هێشتا بڕیاری دادگای لەسەر دەرنەچووە، کەچی هەندێک کەناڵی میدیایی لە کوردستان زانیاری نادروست و شێوێنەر بڵاودەکەنەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پێداگری لەسەر مافەکانی و داکۆکیکردن لە پێگەی خۆی لە پەیوەندیدا بە سکاڵاکەی داناغازەوە. بەوپەڕی رێزەوە داوا لە هاووڵاتیانی خۆمان دەکەین، رێگەنەدەن بەهەڵەدا ببرێن، لەلایەن میدیای نابەپرسیارەوە کە هاندەری سیاسییان هەیە.
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان، راستکردنەوەی کردوە بۆ راگەیەندراوی داناغاز، کە تەنها ئاماژە دەدات بەو بڕگەیەی بڕیاری دادگا کە قەرەبووی وەرگرتوە، بەمەش بۆچوونێکی ناتەواو و شێوێنەر دروست دەکات.
لەبەرئەوەی هێشتا لەناو میدیادا، هەندێک لەم بەهەڵەدابردنە درێژەی هەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە ناوەڕۆکی راگەیاندنی رۆژنامەوانی پێشووی دەکاتەوە، کە ئەمەی خوارەوە پوختەکەیەتی:
- دادگای ناوبژیوانیی، سکاڵای داواکارانی رەتکردەوە کە داوای 1.7 ملیار دۆلار قەرەبوویان کردبوو بەرامبەر گازی زیادە. دادگا بڕیاریدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی هەیە بۆ وەرگرتنی گازی بەرهەمهاتوو لە هەموو بەشەکانی (خۆرمۆر) بەبێ هیچ پارەدانێکی زیادە بە داواکاران، هەروەها داواکاران مافیان نییە تاکلایەنە داوای تێچووی ئەم گازە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.
- دادگا بەتەواوی داوای (داناغاز و کرێسنت)ی رەتکردەوە، کە گوایا 3.3 ملیار دۆلار زیانیان پێگەیشتووە لە داهات و پارەدان، کە بەوتەی خۆیان لە دۆخی ئاساییدا وەریاندەگرت.
- هاوکات دادگا داوای داناغازی رەتکردەوە بۆ 24 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بەرامبەر زیانەکانی بەهۆی فرۆشتنی ناچاریی پشکەکانی لەئەنجامی گرفتە داراییەکانی.
- دادگای ناوبژیوانی 18 بڕگەی لە کۆی 19 بڕگەی سکاڵای داواکاران رەتکردەوە، کە گوایا ئەو مافانەیان هەیە بەپێی گرێبەست.
- دادگا بڕیاریدا کە هەندێک لەو بڕگانەی سکاڵای داواکاران، دەربارەی پراکتیزەکانی پیشەسازی نێودەوڵەتی نەوت "هەڵەن" و لەم روەوە، رەتیکردەوە بڕیار لە بەرژەوەندی داواکاران بدات.
بەپێی بڕگەکانی رێککاری ژمێرەیی لە گرێبەستەکەیدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای (پێرڵ)، ئەرکی یاسایی هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر هەر داهاتێک، پاش وەرگرتنەوەی تێچووەکانی وەبەرهێنان لە بواری نەوت و شایستە داراییەکانی بەپێی گرێبەستەکە.
بابەتەکانی تر کە هێشتا یەکلای نەبوونەتەوە، لە قۆناغی داهاتووی ناوبژیوانییەکەدا لەلایەن دادگاوە تاوتوێ دەکرێن. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر داکۆیکردن لە پێگەی خۆی بە هەموو رێگەیەکی شیاو.
هاوکات راگەیاندنی رۆژنامەوانی داناغاز، زانیاری نادروستی تێدایە سەبارەت بە ئەدای خۆی. دادگا لەو بڕوایەدا نەبوو کە داواکاران، بەشێوەیەکی کارا و باش کارەکانیان بەڕێوەبردوە، یان دواکەوتن نەبووە لە جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا. بەڵکو تەنها ئاماژەی بەوەدا کە بەڕێوەبردنی داواکاران بۆ پێشکەوتنی پرۆژەکە، نەبۆتە هۆی پێشێلکردنی گرێبەست. داواکاران بە چوار ساڵ کارگەی گازی شل (LPG)یان تەواوکرد، سەرەڕای ئەوەی لەسەرەتادا ئاماژەیان بەوە دەکرد کە تەنها بە نۆ تا دە مانگ تەواوی دەکەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رای وایە کە شێوازی داواکاران لە ناوبژیوانییەکەدا بونیاتنەر نییە و ناکۆکییەکە ئاڵۆزتر دەکات. لەجیاتی پەنا بردنە بەر سکاڵای یاسایی گران و درێژخایەن و سەرقاڵکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم بابەتەوە، پێویستە داواکاران وەک کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی تری بواری نەوت، هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ پەرەپێدانی سەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان و گەیاندنی زۆترین سوود بە خەڵکی هەرێمی کوردستان.
داواکاران باش ئاگاداری فشارە داراییە گەورەکانن، کە رووبەڕووی حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە. قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی ئەو هەنگاوانەن، کە گرنگن بۆ هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی رۆڵی کاریگەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریزمی داعش و میوانداریکردنی 1.8 ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان.
لەکۆتایدا، داواکاران بەشێوەیەکی بژاردەیی و شێوێنەر رووداوەکان دەگێڕنەوە، چونکە ئاماژە نادەن بە هەندێک بڕگەی سەرەکیی داواکەیان، کە وەک لەسەرەوە باسکران دادگا رەتیکردونەوە.