٢٠١٥/٧/٦
هەولێر - ئاماژە بەو لێدوانانەی کەلەلایەن دانا غاز پی جەی ئێس سی "دانا"ەوە بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە پرۆسەی دادوەریکردن لەنێوان دانا غاز و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هێشتا بەردەوامە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم روونکردنەوە بڵاودەکاتەوە. دادوەریکردنە مەحکومە بە بەرپرسیارێتی پاراستنی نهێنی بەگوێرەی یاسا و رێساکانی دادوەری. بەبێ ئەوەی خۆمان لە بەرپرسیارێتی پاراستنی نهێنی لابدەین، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت کە هەندێک لێدوانی دانا غاز راستبکاتەوە کە دروستنین، ئەمەش بۆ ئەوەی بازاڕ بەهەڵەدا نەبردرێت. بەگشتی، راگەیێنراوەکەی دانا غاز بازاڕ بەهەڵەدا دەبات و تێڕوانینێک دروستدەکات کە هەم نادروستە و هەم ناتەواوە.
لە ٢ ی تەمموزی ٢٠١٥، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی هەندەکی پێگەیشت لە دادگای نێوبژیوانەوە سەبارەت بەو دادوەرییەی کە ئێستا لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و دانا غاز و ئەوانی دیکەدا هەیە. ئەم بڕیارنامە هەندەکییە تەنها دەربارەی بەشێکی دیاریکراو لەو بابەتانەیە پەیوەست بە لێکدانەوەی بەڵێننامەوەن و هیچ جۆرە بڕە پارەیەکی بڕیاری لێنەداوە بۆ هیچ لایەنێک. بڕیارنامە هەندەکییەکەی دەستەی دادوەران لە هەندێک بابەتدا لێکدانەوەی دانا غازی پەسەندکردووە و هەندێکی دیکەی رەتکردووەتەوە. چەندین بابەتی جێی مشتومڕ، لەوانەش دژە داوای حکومەتی هەرێمی کوردستان دژ بە دانا غاز بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی گەورە، لەم بڕیارنامە هەندەکییەی دادوەراندا نەهاتووە و لە قۆناغی دواتری دادوەرییەکەدا باسدەکرێت.
لێدوانەکانی دانا غاز دەربارەی بڕیارنامە هەندەکییەکە ناڕاستن و، یاخود لە زۆر رووەوە ناتەواون. ئەمەش بەشێکە لەو رووانە:
١- دانا غاز باسی نەکردووە، کە لە هەموو ئەو داوایانەدا شکستیهێناوە کە خاوەنی بەهای گەورەن لەڕووی ماددییەوە. بۆنموونە، دەستەی دادوەران بڕیاریاندا کە ١.٣ ملیار دۆلار وەسڵی دانا غاز کە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەرکردووە هیچ جۆرە بناغەیەکیان نییە لە بەڵێننامەکەدا. ئەو وەسڵانە بە هەڵە دەرکراون و دەبێت بە تەواوی بکێشرێنەوە.
٢- دانا غاز باسی ئەوەشی نەکردووە کە دادگا گەیشتووە بەو ئەنجامەی کە مافی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بەخۆڕایی هەموو ئەو غازەی پێبدرێت کە لە کێڵگەی خۆرمۆر و پێویستە بۆ وێستگەکانی وزە لە هەولێر و بازیان ئەمەش بەپێی ئەو پلانە خزمەتگوزارییەی کە لەنێوان لایەنەکاندا هەیە . دادگا بڕیاریداوە کە دانا غاز مافی نییە هیچ بڕە پارەیەک وەربگرێت بۆ ئەو غازەی دەیدات و لە ٢٠٠ ملیۆن مەتر سێجا غاز زیاتر بێت، ئەم بڕیارەش پێچەوانەیە لەگەڵ بانگەشەکانی پێشووی دانا غازدا.
٣- بانگەشەکانی دانا غاز دەربارەی ئەوەی کە دەتوانێت ماف و ئەرکەکانی نێو رێککەوتننامەی سەرەتایی ببەخشێتە لایەنی دیکە، نادروستن. دادگا بڕیاریدا بەشێکی گرنگی ئەو رێککەوتنانەی پێشوو کە دانا غاز ویستوویەتی بیانکات نادروستن و هیچ کاریگەرییەکی یاسایی نییە، چونکە دژن بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن.
٤- دادگا بڕیاریداوە کە ویستی دانا غاز بۆ گواستنەوەی بەشێک لە بەرپرسیارییەتییەکانی بۆ کۆمپانیای پێڕڵ پێترۆڵیەمی سنووردار نادرووستە هەر بۆیە دانا غاز بەتەواوی و بەپێی رێکەوتننامەی سەرەتایی بەرپرسیارە لەبەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکانی. لەژێر رۆشنایی ئەم راستییەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرژدی بەردەوام دەبێت لە داواکانیدا دژ بە دانا غاز بەهۆی پێشێلکردنی ئەرکەکانی و لەناو ئەو داوایانەشدا داواکان بۆ قەرەبووکردنەوە.
٥- دانا غاز بەرەنجامی بڕیارەکانی دادگا لەسەر مافەکانی لە خۆر مۆر و چەمچەماڵ بەهەڵە پیشان دەدات. هەر پلانێک بۆ دۆزینەوە و گەشەپێدانی زیاتر لە هەر یەک لەو کێڵگانە پێویستی بە رەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمەش بەپێی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و و پراکتیزە جیهانییەکانی سێکتەری جیهانی نەوت. بەپێی یاسای حکومەتی هەرێمی کوردستان، سامانەکانی هەردوو ناوچەکە وەک موڵکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەمێننەوە.
٦- بڕیارنامە هەندەکییەکە هیچ جۆرە بڕگەیەکی تێدا نییە بۆ پێدانی قەرەبووی ماددی بە دانا غاز.
٧- دانا غاز رێوشوێنەکانی پرۆسەی دادگاییەکەی نێوان خۆی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای بەریتانی بەهەڵە دەخاتەڕوو. پێویستە رایگشتی بزانێت پێشتر داواکانی پێشووی دانا غاز دژ بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای بەریتانیدا کۆتایی هاتوون و فەرمان بە دانا غاز درا کە تێچووی قەرەبووکردنەوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدرێت بەهۆی شکستی داناغاز لەوەی پابەندبێت بە بڕگەکانی یاسای پاراستنی دەوڵەتی شانشینە یەکگرتووەکان ١٩٧٨. لەم قۆناغەدا، دادگای بەریتانی هیچ جۆرە بڕیارێکی زیاتری نەداوە و ، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی مافەکانی تایبەتمەندی و مافەکانی دیکەی پارێزراوە.
٨- داناغاز ئەوەی نەخستووەتەڕوو کە دادگاکە هیچ جۆرە بڕیارێکی کۆتایی نەداوە دەربارەی دژە داواکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قەرەبووی ماددی.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەستاوە، بە داواکردنی قەرەبووی ماددی گەورە لەئەنجامی شکستی دانا غاز و بەرپرسانی بۆ پابەندبوون بە بەرپرسیارییەتەکانی، و هەموو رێگەیەکی گونجاو دەگرێتەبەر بۆ بەردەوامبوون لەسەر دژە داواکانی بۆ قەرەبووکردنەوە دژ بە دانا غاز و بەرپرسەکانی.