هەولێر - حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی مانگانەی هەناردەکردن بۆ مانگی حوزەیرانی ٢٠١٥ بڵاو دەکاتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان (17,130,639) بەرمیلی لە نەوتی خاو (واتە تێكڕا 571,021 بەرمیلی رۆژانە)ی لە مانگی حوزەیراندا لە رێی هێڵی بۆری کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جیهان کردووە لە تورکیا. لەم بڕە، کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە12,740,711 بەرمیل (واتە بە تێکڕای424,690 بەرمیلی رۆژانە) بەشداریان کردووە، لە کاتێکدا کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور ب4,389,928 بەرمیل ( واتە تێکڕا بە 146,331 بەرمیلی رۆژانە) بەشدار بوون.
لە مانگی حوزەیراندا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 4,493,334 بەرمیل (واتە تێكڕای149,778 بەرمیلی رۆژانە)ی رادەستی سۆمۆ کردووە لە بەندەری جیهان.
بەهۆی چەند بارودۆخێکەوە کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بووە لە حوزەیراندا، ماوەی 45 کاتژمێر کاتی لە کارکەوتن هەبووە لە هێڵی بۆری هەناردەکردنەکەدا.
لە مانگی حوزەیراندا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچار بوو فرۆشی سەربەخۆی نەوت زیاد بکات بەهۆی ئەو بڕە قەرزانەوە کە بە هۆی بڕینی بودجەی ساڵی 2014ەوە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دروستبوون، و بەهۆی پێویستیی دانەوەی ئەو قەرزانەی کە لە 2014دا کەڵەکە بوون لە ئەنجامی وەرگرتنی پارەی پێشوەخت لە فرۆشتنی نەوت – ئەو فرۆشتنەی کە لەرووی داراییەوە هاوکار بوو بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتێکی هەستیاردا لە رووی ئەمنی و سەقامگیریەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق. ئەمساڵ، بارودۆخی سەختی ئابووری هەرێمی کوردستان ئاڵۆزتر بوو بەهۆی ئەوەی حکومەتی فیدراڵ بەشێوەیەکی جوزئی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی نارد. سەرباری ئەمەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەمێنێتەوە بە تەواوی یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2015. بەردەوامیش کار لەگەڵ هاوبەشەکانیدا دەکات لە بەغدا بۆ گەیشتن بە چارەسەری هەموو كێشە هەڵواسراوەکانی پەیوەست بە نەوت و غازەوە کە لە راگەیەنراوی هاوبەشی رۆژی ١٧/٦/٢٠١٥ ی ئەنجومەنی باڵای نەوت و غازی هەرێم و پێنچ حزبە سیاسیەکەی هەرێمی کوردستاندا باسکراون.