وەزارەتی سامانە سروستیەكان پێشوازی لە تەشریعكردنی یاسای سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی وگازییەكان دەكات لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، و پیرۆزبایی لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بە بۆنەی پەسەندكردنی ئەم یاسایە، و وەزارەت هیواخوازی هەرچی زوو جێبەجێكردنی یاساكەیە.

یاسای سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەكان رێگە دەدات بە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم بە هەڵبژاردنی دەستەیەک، کە لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند دەکرێت، تاکو هەڵبسێت بە دەستەبەركردنی ژمێرە گشتیەكانی ئەو داهاتەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەناردەی نەوت و بەرهەمە پاڵێوراوەکان و پاداشتەكانی گرێبەستەكانی كۆمپانیاكانی نەوتەوە بەدەستی دەهێنێت لە چوارچێوەی گرێبەستەكانی نەوت و گاز كە لەسەر بنەمای دەستوور و لەبەر ڕۆشنایی یاسای نەوت و گازی هەرێم ژمارە 22 ساڵی 2007 ڕێكخراون.

سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی وگازییەكان بەرەوپێشچوونیكی دامودەزگایی گرنگە لە هەرێمی كوردستاندا و بنەما سەرەكییەكانی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستانەوە  داڕێژرا و پشتیوانی كرا لە پێناو برەودان بە شەفافیەت لە بەڕێوەبردنی كەرتی نەوت و غازدا.

بە پێی ئەم یاسایە، داهاتەكانی نەوت رێگەیان پێ دەدرێت بچنە یەكێك لەم پێنچ سەرچاوەیەوە: بودجەی ساڵانەی هەرێمی كوردستان، خەرجیەكانی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، ژێرخانی پیشەسازی نەوت وگاز، پاراستنی ژینگە، و سندوقی نەوەكانی داهاتوو.

ئەم سندوقە وەك میكانیزمێكی ژمێریاریی رۆڵ دەبینێت و یارمەتیدەر دەبێت لە بەرەوپێشبردنی تێگەیشتنێكی گشتیدا سەبارەت بەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی چەند پارە لە هەناردەی سەربەخۆی نەوت و بەرهەمە پاڵێوراوەکانەوە بەدەست دەهێنێت، هەروەها متمانیەكی گشتی زیاتر دەدات بەوەی كە داهاتەكانی نەوت و گاز بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتیەكان دەگوازرێنەوە و ووردبینیان بۆ دەكرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتیەكان یاسای سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی وگازییەكان بە پێویست زانیبوو بۆیە لەكاتی داڕشتنی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠٠٧ ماددەی ١٦ ی یاساكە و چەند ماددەیەكی یاساكەی تەرخانكرد بۆ ئەم سندوقە و دواتریش لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا.

بە دەستپێشخەری وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، یەكەم رەشنووسی یاسای سندوقی داهاتەكانی نەوت و غاز لە ساڵی ٢٠١١ دا پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوكات كراو و پەسەندكرا و دواتر ڕەوانەی پەرلەمان كرا، بەڵام ماوەی پەرلەمان تەواو بوو پێش ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ئەم یاسایە بكرێت.

ئەم رەشنووسە لە لایەن حكومەتەوە گەڕێنرایەوە، و دواتر لە سەرەتای ساڵی  ٢٠١٣ دا دووبارە گەڕێنرایەوە بۆ پەرلەمان، و چەند گفتوگۆیەكی سەرەتایی لەبارەوە كرا بەڵام دووبارە لە پەرلەمان مایەوە و ماوەی پەرلەمان تەواو بوو بەبێ پەسەندكردنی یاساكە. 

ئەنجومەنی وەزیران ئەم رەشنووسەشی وەگرتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ یاسای وەرگرتنی شایستە داراییەكان لە داهاتی فیدڕاڵی ژمارە (٥) ی ٢٠١٣ و قۆناغی هەرێم بۆ هەناردەكردنی نەوت بگونجێت و لە تشرینی یەكەمی ساڵی  ٢٠١٤ دا لە دوای پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە وەكو پڕۆژە یاسا گەڕێنرایەوە پەرلەمان، لە شەش مانگی پێشوودا، پەرلەمان بە تێروتەسەلی گفتوگۆی كرد لەسەر رەشنووسی ئەم یاسایە و هەفتەی پێشوو دەنگی لەسەر درا.

بۆ پێشوازیكردن لە یاساكە، وەزیری سامانە سروشتیەكان ئاشتی هەورامی ووتی: "ئەمە یاسایەكی گرنگە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان. هەنگاوێكی ترە لە بەهێزكردنی بناغەی گەشەی دامەزراوەیی كەرتی نەوت و غازمان. یارمەتیدەر دەبێت لە دروستكردنی تێگەیشتنێكی گشتیدا بەرامبە بڕە هاتوو و رۆیشتووەكانی داهاتی نەوت، و هەروەها پێ بە پێیە لەگەڵ یاسای نەوت و غاز و دەستووری عێراقدا."

هەروەها هەورامی ئاماژەی دا بەوەی كە چەند یاسایەكی تری گرنگ كە باسكراون لە یاسای نەوت و غازی ٢٠٠٧ دا ماون لە پەرلەمان بۆ تێپەڕاندن لەوانەش رەشنووسی  یاسای كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینەوە و بەرهەمهێنان (KEPCO) كە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە بە هەماهەنگی ڕاوێژكارانی یاسای لە ئەنجومەنی وەزیران ئامادە كراوە و  لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانیشەوە پەسەندكراوە ، وە حاڵی حازر كار لەسەر ئامادەكردنی دوا رەشنووسی پڕۆژە یاسای كومپانیای بە  بازاڕكردنی نەوت دەكرێت تا لە نزیكترین دەرفەتدا بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەسەندكردن و دواتریش ڕەوانەی پەرلەمان دەكرێت.

ئاشتی هەورامی ووتی "هیوادارین پەرلەمانی كوردستان ئەولەویەت بدات بە گفتوگۆكردنی رەشنووسی ئەم یاسا گرنگانە بە زووترین كات."

نەخشەکان

شوێنمان کەون لەسەر تویتەر

Follow Us On Twitter - Image

راپۆرتی مانگانە و زانیاری دەربارەی بەرهەمهێنان

بە پێی رێکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق و یاسای بودجەی ٢٠١٥.