٢٠١٤/٩/١٥

هەولێر - وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بە پێویستی دەزانێت هەندێک لە لێکدانەوە هەڵەکانی نرخی بەنزین راست بکاتەوە کە لەلایەن د. عیزەت سابیر،سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووری وەبەرهێنانی پەرلەمانی کوردستانەوە لە نامەیەکی کراوەدا بۆ سایتی خەندان لە ١٢/٩/٢٠١٤ دا خرابوونەڕوو.

لە نامەکەیدا، پەرلەمانتارەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان قازانجێکی زۆر دەکات لە فرۆشتنی بەنزین بە نرخی ٩٠٠ دینار بۆ لیترێک (بانگەشەی ئەوە دەکات کە تێچووی بەنزین بۆ یەک لیتر ٤٠٠ دینار دەکەوێت لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان)، لەکاتێکدا پارێزگای کەرکوک لیترێک بەنزین بە ٨٠٠ دینار دەفرۆشێت.

لێکدانەوە سەرەتاییەکانی پەرلەمانتارەکە راست نین.

لێکدانەوەکەی بۆ تێچووی بەرمیلێک بەنزین لەسەر حکومەتی هەرێم بەم شێوەیەی خوارەوەیە: ٣٠ دۆلار دەدرێت بە کۆمپانیای بەرهەمهێن؛ ١٧ دۆلار لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەدرێت بە پاڵاوگە؛ ٣ دۆلاریش کرێی گواستنەوەیە. واتە ٣٠ + ١٧ + ٣ = ٥٠ دۆلار. پاشان ٥٠ دۆلارەکە دابەش دەکات بەسەر ١٥٣ (کە بریتیە لە ژمارەی لیتر بۆ هەر بەرمیلێک بەپێی گریمانەی ئەو کە بەدەست دێت پاش پاڵاوتن) تاکو نرخی یەک لیترمان دەست بکەوێت کە ٣٣ سەنتە. بە نرخی ١٢٠٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک، نرخی لیترێک دەکاتە ٤٠٠ دیناری عێراقی.

یەکەم، ئەو ١٥٣ لیترەی ئاماژەی پێ دەدات هەمووی بریتی نیە لە بەنزین، بەڵکو تەنها ٢٠٪ ی ئەم بڕە دەبێتە بەنزین، ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێتە بەرهەمی تر کە بەهایان کەمترە لە بەنزین.

دووەم، راستیەک هەیە، تێچووی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان زۆر زیاترە لە ٣٠ دۆلار بۆ بەرمیلێک لە نەوتی خاو کە ئەو لە لێکدانەوەکەیدا گریمانەی بۆ کردووە.

تەنانەت ئەگەر ژمارەکانی پەرلەمانتارەکە بە ‌هێند وەرگرین بۆ تێچووەکانی بەرهەمهێنان، ئەوا دەبێت ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک زیاد بکەیت چونکە بەغدا لەسەر حکومەتی هەرێم حسابی دەکات وەک نرخی بازاڕ لەبەر بەکارهێنانی ئەم نەوتە و لە بودجەی هەرێمی دەبڕێت. بەم پێیە، کۆی تێچوونەکان پێویستە بە ١٥٠ دۆلار بۆ بەرمیلێک حساب بکرێت نەک ٥٠ دۆلار بۆ بەرمێلێک وەک پەرلەمانتارەکە ئاماژەی بۆ کردووە.

ئەمەش نرخی لیترێک سێ ئەوەندە زیاتر دەکات بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەچاو ئەوەی پەرلەمانتارەکە لێکدانەوەی بۆ کردووە: کەواتە ١٢٠٠ دینار دەکات نەک ٤٠٠ دینار وەک پەرلەمانتارەکە ئاماژەی پێکردووە.

ئەگەر بە شێوازێکی تر لەمە بڕوانین:

حکومەتی هەرێمی کوردستان ٣٠ دۆلار وەک تێچووی کۆمپانیاکان دەدات (بە پێی گریمانەی پەرلەمانتارەکە). ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی نەوتەکەی هەناردە بکردایە، ئەوا دەگەیشتە ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، واتە بە قازانجی ٧٠ دۆلار.

ئەگەر هیچ توانایەکی پاڵاوتن لە کوردستاندا بوونی نەبوایە، ئەوا حکومەتی هەرێم بەرهەمەکانی وەک بەنزینی لە دەرەوە لە بازاڕە نێودەوڵەتیەکانەوە هاوردە دەکرد بە نرخی ١٥٢ دۆلار بۆ بەرمیلێک (ئەمەش بە پێی نرخی نێودوەڵەتی ٩٥٠ دۆلار بۆ یەک تەن لەگەڵ تێچووەکانی گواستنەوە بە ٢٠٠ دۆلار بۆ یەک تەن بۆ کوردستان).

لەبەرئەوە، پوختەی تێچووی بنەڕەتی بۆ بەرمیلێک بەنزین بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:

١٥٢ + ٣٠ – ٧٠ = ١١٢ دۆلار (٩٠٠ دینار بۆ لیترێک، بە گریمانەی ئەوەی کە ١٥٩ لیتر هەیە لە بەرمیلێکدا).

سەرباری ئەوە، دووبارە دەبێت ١٠٠ دۆلاری تر بۆ هەر بەرمیلێک زیاد بکرێت بۆ ئەو ژمارەیەی سەرەوە چونکە بەغدا داوای دەکات لە حکومەتی هەرێم و لە بودجەی هەرێمی دەبڕێت، ئەمەش تێچووی بەرمیلێک لە بەرهەمەکان دەگەیەنێتە ٢١٢ دۆلار، واتە ١٧٠٠ دینار بۆ هەر لیترێک نەک ٤٠٠ دینار وەک لەلایەن پەرلەمانتارەکەوە لێکدانەوەی بۆ کراوە.

سەبارەت بە کەرکوک کە لیترێک بەنزین بە ٨٠٠ دینارە، مایەی سەرسوڕمانە کە پەرلەمانتارەکە نەیتوانیوە تێبینی بکات کە ئەو سووتەمەنیەی کەرکوک کە ئەو ئاماژەی بۆ دەکات پێکهاتەیەکی پلە نزمی تێدایە کە پێی دەڵێن نەفتا کە بەنزین نیە چونکە ژمارەیەکی نزمی ئۆکتانی هەیە کە (٨٠)یە لەگەڵ راددەیەکی زۆر لە ماددەی گۆگردی مەترسیدار بە رێژەی (٣٠٠ بۆ ٥٠٠ پی پی ئێم). ئەمە بە بەراورد لەگەڵ بەزینی خاوێنی هەرێمی کوردستان کە ئۆکتانی بەرزە لەنێوان (٨٨) بۆ (٨٩) دایە و بڕی (٥٠ پی پی ئێم) کەمتر لە گۆگردی تێدایە کە هاوتایە لەگەڵ باشترین پێوەرە نێودەوڵەتیەکان.

ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان سازش بکات لەسەر کوالیتی و بەنزین بە هەمان مواسەفاتی کەرکوک دابەش بکات کە پەرلەمانتارەکە ئاماژەی بۆ کردووە، ئەوا حکومەتی هەرێمیش دەتوانێت لیترێک بەنزین بدات بە ٨٠٠ دینار، یان زۆر هەرزانتری بکات. بەڵام هەروەک پەرلەمانتارەکە دەبێت بزانێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان سازشکردنی لەم جۆرە لەسەر کوالیتی قبوڵ ناکەن.

 

 

 

 

نەخشەکان

شوێنمان کەون لەسەر تویتەر

Follow Us On Twitter - Image

راپۆرتی مانگانە و زانیاری دەربارەی بەرهەمهێنان

بە پێی رێکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق و یاسای بودجەی ٢٠١٥.