٢٠١٤/١١/٧
هەولێر- وەزارەتی سامانە سروشتیەکان خۆشحاڵە بە راگەیاندنی زیادبوونی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە.
رێژەی رۆیشتنی رۆژانە لە هێڵی بۆری نەوتی خاوی کوردستانەوە بۆ تورکیا لە 185,000 بەرمیل نەوتی رۆژانەوە لە ئابدا بۆ نزیکەی 300,000بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەفتەی یەکەمی تشرینی دووەمدا زیادی کردووە، ئەم زیادبوونەش بە رێژەی%60 ە لە چوار مانگی پێشوودا.
لە کۆتایی ئەمساڵدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەیدایە هەناردەکردن بۆ 400,000 بەرمیل نەوتی رۆژانە زیاد بکات و هەروەها بۆ 500,000 بەرمیل نەوتی رۆژانە لە کۆتایی چارەکی یەکەمی 2015 دا زیادی بکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو رێگەیە ماوەتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجی بەرهەمهێنانی خۆی بە بڕی 1 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە کۆتایی 2015 و سەرەتای 2016دا.
بەناوی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان مافە دەستووریەکانی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنان و بە بازاڕکردن و فرۆشتنی سەرچاوە سروشتیەکانی خۆی.
لە کانونی دووەمی 2104ەوە، نزیکەی 34.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەکراوە و لەو بڕەش 21.5 ملیۆن بەرمیلی لە رێگەی بەندەری جیهانەوە فرۆشراوە. ئەو بڕەی دەمێنێتەوە لە رێی تانکەرەوە بۆ مێرسین لە تورکیا هەناردەکراوە.
کۆی بەهای ئەو نەوتەی هەناردەکراوە بە نەقد و بە شێوەیەکی عەینی 2.87 ملیار دۆلارە، کە لەو بڕە 2.1ملیار دۆلاری بە نەقدی وەرگیراوە و 775ملیۆن دۆلاری بە شێوەیەکی عەینی وەرگیراوە لەبری ئاڵوگۆڕی بەرهەمەکان (کە بریتیە لە 710,000تەنی مەتری لە بەرهەمەکانی نەوتی سپی و بەنزین و دیزڵ).
لە بڕە پارە نەقدەکە، نزیکەی 400ملیۆن دۆلار بەکارهێنراوە بۆ تێچوونی بارکردن و دانی بەشێکی پاداشتی بەرهەمهێنەرەکانی نەوت. بەم پێیە پوختەی پارەی نەقدی بەدەستهاتوو لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەو ماوەیەدا بریتیە لە 1.7ملیار دۆلار. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان 500ملیۆن دۆلاری تریشی پێشتر وەرگرتووە لەو کڕیارانەی کە لە داهاتوودا بڕەکانی نەوتی خاویان پێدەگات لەرێی بەندەری جیهانەوە.
هەموو ئەو داهاتانەی کە لە فرۆشتنی نەوتەوە بەدەستهاتوون وەک بەشێک لە مافی دەستووری %17ی هەرێمی کوردستان لە داهاتی عێراق و وەک بەشێک لە مافی %17 ی هەرێم لە بڕە پاڵێوراوەکانی عێراق بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ئەم داهاتە تەنها بەشێکی بچووکی موستەحەقاتی ساڵانەی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی 2014 ی عێراق کە لە کانونی دووەمی 2104ەوە لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە بڕاوە.
ئەم داهاتانە یارمەتیدەرن بۆ خۆڕاگرتنی هەرێم بەرامبەر ئەو کێشە گەورانەی رووبەڕووی خۆشگوزەرانی و سەقامگیریەکەی بونەتەوە کە بریتین لە جەنگ دژی تیرۆریستانی داعش و لێشاوی چاوەڕواننەکراوی ئاوارەکان و ئابڵوقە ئابووریە بەردەوامە سەپێنراوەکان لە لایەن بەغداوە.
ئەو پابەندبوونەی کە کۆمپانیا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی نەوت پیشانیان دا بەرامبەر کار و چالاکیەکانیان یارمەتیدەر بووە لە زیادکردنی بەرهەم بۆ ئاستە پێوانەییەکان. هەروەها دامەزراندن و بەردەوام پەرەپێدانی هێڵی بۆریەکانی هەناردەکردن رێگەی خۆشکردووە بۆ فرۆشتنی بڕێکی زیاتری نەوت لە بازاڕە جیهانیەکاندا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزانێت کە، لە پێناو گەشەپێدانی بەردەوامی پیشەسازی نەوتی کوردستاندا، پێویستە کۆمپانیا بەڵێندەرەکان مافە داراییەکانیان بەدەست بهێنن پێ بە پێ لەگەڵ موستەحەقاتی ناو گرێبەستەکانیاندا. لە مانگی تشرینی دووەمدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی سەرەتایی 75 ملیۆن دۆلار دەدات بە بەرهەمهێنەران لەبری هەناردەکردن، لەگەڵ دانی بڕەکانی تر لە دواتردا لە سەر بنەمایەکی رێکخراو. لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمدا، بەرهەمهێنەران موستەحەقاتی تەوای خۆیان وەردەگرن بە پێی گرێبەستەکانیان.
لەم کاتە سەختانەدا کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتگیری کۆمپانیا بەڵێندەرەکانی دەکات کە بەردەوام پشتی خەڵكی کوردستانیان گرتووە.