هەولێر- حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵە بە راگەیاندنی گەیاندنی سەرکەوتووانەی یەکەم بڕی غازی سروشتی لە کێڵگەی غازی (سمێل)ەوە بۆ ویستگەی کارەبای دهۆک لە رێگەی هێڵی بۆریەوە.
کێڵگەی غازی سمێل دەکەوێتە ناوچەی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەشی دهۆکەوە و لەلایەن کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ)ی نەرویجیەوە بەڕێوە دەبرێت، و لەگەڵ کۆمپانیای گەنەل ئێنەرجی شەریکە ئەنگلۆ-تورکیەکەیدا، رێکەوتنێکی فرۆشتنی غازی مێژوویان لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا لە ١٨ ی ئەیلولی ٢٠١٣ دا ئیمزا کرد.
چاوەڕواندەکرێت بڕە رادەستخراوەکان لە مەودای درێژدا بگاتە ١٢٠ ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا و ئەمەش پیشانی دەدات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت سەرکەوتووانە سامانی تازە دۆزراوەی غازی خۆی لە کوردستان گەشە پێبدات.
بە پێی ئەم رێکەوتنە درێژخایەنەی فرۆشتنی غاز، حکومەتی هەرێمی کوردستان تا بڕی ١٢٠ ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی لە رۆژێکدا دەکڕێت. قەبارە سەرەتاییەکان بە نزیکەیی لە ٥٥ ملیۆن پێ سێجای پێوانەییەوە لە رۆژێکدا دەستپێدەکات و دواتر لە ماوەی چاند مانگی داهاتوودا بەرز دەبێتەوە بۆ ١٢٠ ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی لە رۆژێکدا، و پاشان ئومێد دەکرێت بەرهەمهێنانی غاز دواجار بگاتە ٢٠٠ ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی لە رۆژێکدا.
ویستگەی کارەبای دهۆک ویستگەیەکی ٧٥٠ مێگاواتیە لەناو شاری دهۆکدا و ٤٠ کیلۆمەتر دوورە لە کێڵگەی غازەکەوە. شەش تۆربایینەکەی ویستگەکە تا ئێستا بەهۆی دیزڵی گرانەوە ئیشیان کردووە بەهۆی درەنگ کەوتنی گەیشتنی بڕە رادەستخراوەکانی غاز لە ناوچەی خۆر مۆرەوە بۆ ئەم ویستگەیە. هەر یەکێک لەو تۆربایینانە نزیکەی ٢٤ ملیۆن لیتر دیزڵ لە مانگێکدا بەکار دەبات، یان نزیکەی ٥٠.٢٧ ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی لە رۆژێکدا بەکار دەبات.
ئەم غازە سروشتیەی کە لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت جێگەی دیزڵ دەگرێتەوە لە ویستگەکەدا و بەشێکە لە ستراتیجی حکومەتی هەرێم بۆ پاشەکەوتکردنی ملیۆنەها دۆلار بۆ خەڵکی کوردستان کە هەموو ساڵێک لە هاوردەکردنی دیزڵی گراندا بۆ ویستگەی کارەباکە خەرج دەکرێت.
ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەکان، وتی کەوتنە گەڕی سەرکوتوانەی ویستگەی کارەبای دهۆک کە لەلایەن (ماس گڵۆباڵ)ەوە بەڕێوە دەبرێت و دوستکردنی هێڵی بۆری سەرەکی فیدەر لەلایەن (کار گروپ)ەوە و دروستکردنی دامودەزگاکانی کێڵگەی غازی سمێل لەلایەن (دی ئێن ئۆ)وە نیشانەی هەنگاوێکی گەورەن بەرەوپێشەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
هەروەها وتی، "ئەمە دەرەنجامی هەماهەنگی و هاوکاریەکی براوە – براوەیە لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و کۆمپانیا ناوخۆییەکانی کوردستان و کۆمپانیا نەوتیە نێودەوڵەتیەکاندا بۆ بەخێرایی رادەستخستنی غازی سروشتی لە پێناو قازانجی هاوڵاتیاندا."
کار گروپ هەستاوە بە دروستکردنی هێڵی بۆری غازی ٣٦ ئینچی لە سمێلەوە بۆ ویستگەی کارەبای دهۆک و هەروەها هێڵی فیدەرەکەشی دروستکردووە لە کێڵگەی غازی سمێلەوە کە بەستراوەتەوە بە هێڵی بۆری سەرەکی غازەکەوە.
ماس گڵۆباڵ دامودەزگای تۆربایینەکانیان بەگەڕ خستووە بۆ وەرگرتنی غازەکە.
چاوەڕواندەکرێت لە کۆتایی ٢٠١٥ دا خەڵکی دهۆک بەشی خۆیان لە کارەبای بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی هەبێت، ئەمەش زیاد لە ١٠٠ ملیۆن دۆلار کە مانگانە لە سووتەمەنی گراندا سەرف دەکرێت دەگێڕێتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدا هەیە لە دوو ساڵی داهاتوودا غاز لەبری دیزڵ لە هەموو ویستگەکانی کارەبای هەرێمدا بەکار بهێنرێت.
ئاشتی هەورامی وتی "سیاسەتمان هێشتنەوەی گڵۆپی ماڵانە بە داگیرساوی و دابینکردنی ووزەی هەرزانتر و دۆستی ژینگەیە بۆ نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان و کارگەکان."
هەروەها وتی "ئەم دەستکەوتە گرنگە پیشانی دەدات کە دەکرێت غازی تازە دۆزراوەی کوردستاندا لەکاتی گونجاوی خۆیدا بە پارە بکرێت، و ئەمەش سەرەتای دروستکردنی بازاڕی غازە لە کوردستاندا – ئومێد دەکرێت تۆڕی غازی کوردستان لە دهۆک لە داهاتوویەکی نزیکدا ببەسترێتەوە بەو هێڵی غازەی کە دەبەسترێتەوە بە هەولێرەوە – لە پێناو زیاد کردنی بڕە رادەستخراوەکانی غاز لەناو کوردستاندا بۆ بازاڕای ناوخۆ."
ئاشتی هەورامی وتیشی "تایبەتمەندیەکانی غازەکە هاوتایە لەگەڵ تایبەتمەندیەکانی غازی کوردستاندا لەپێناو دڵنیابوون لەوەی تۆڕی غاز لەناو کوردستاندا هاوتایە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتیەکاندا و دەتوانرێت لە دامودەزگاکانی ناوخۆ و دەرەوەدا بەکار بهێنرێت."