هەولێر، هەرێمی کوردستان (mnr.krg.org) – کۆمپانیا کارکەرەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان تاکو ئێستا بڕی ١٥ ملیۆن دۆلاریان وەک فریاگوزاری مرۆیی تەرخانکردووە بۆ ئاوارە سووریەکان کە بەهۆی جەنگ و قەیرانەکانی سووریاوە هەڵهاتوون، ئەمەش لەرێگەی دەستپێشخەریەکەوە کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە راگەیەنرا. هەزاران ئاوارەی سووریا کە بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵهاتوون لەرێگەی ئەم کۆمەکە مرۆییەوە یارمەتی و فریاگوزاریان پێگەیشتووە.

بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کۆمەکە داراییەکانیان بە باشترین و کاریگەرترین شێوە بەکار دەهێنرێن،کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان و کۆمپانیا خزمەتگوزاریەکانیش کۆمەکەکانیان بەخشیوە بە رێکخراوە ناحکومیەکان. سەرباری کۆمەکی دارایی کۆمپانیاکانی نەوت، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان خۆشی لە ٢٠١٣دا  بڕی ١٠ ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری بەخشیوە بە ئاوارەکانی سووریا، وەک لە لاپەڕە ٣٠ ی راپۆرتی دارایی ٢٠١٣  دا پیشاندراوە.

لەو کاتەوەی راگەیەنراوە، دەستپێشخەری مرۆیی نەوت و غازی کوردستان لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای ئاوارەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان  (UNHCR)ەو ە پشتگیری لێکراوە. رێکخەری (UNHCR) لە هەرێمی کوردستان  ئیمانوێل گیگناک ووتی "ئەم دەستپێشخەریەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەرز دەنرخێنین بۆ ئەوەی وەک یەک تیم لەگەڵ کەرتی نەوتدا لە هەرێمی کوردستان پشتگیری سەدان هەزار ئاوارەی سووریا بکەن. ئەم هاوکاریە زۆر گرنگە، بە تایبەتی بە رەچاوکردنی ئەو راستیەی کە ئەم خەڵکانە لە ژێر فشاردا لە ماڵ و وڵاتی خۆیان هەڵهاتوون. زۆربەیان هەموو شتێکیان لەدەستداوە و بە بڕێکی کەم لە کەلوپەل یان بەبێ هیچ شتێک پەڕیونەتەوە بەرەو عێراق. لەبەرئەوە، ئەم دەستپێشخەریەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەگەڵ کەرتی نەوتدا رێگەیەکی دوورودرێژ دەبڕێت بەرەو دڵنیابوون لەوەی کە ئەم ئاوارانەی سووریا هاوکاریی سەرەکیان بۆ دابینکراوە. زۆر هیواخوازین کە دەستپێشخەری هاوشێوە لە داهاتوودا دووبارە ببنەوە چونکە بە داخەوە چاوەڕواندەکرێت قەیرانی سووریا درێژە بکێشێت و ئاوارەکانی سووریاش بەردەوام بن لە هەڵهاتن."

ئەو کۆمپانیایانەی کۆمەکیان بەخشیوە پێکهاتوون لە تۆتاڵ، شێڤرۆن، وێسترن زاگرۆس، گەڵف کیستۆن، هێس، گەنەل ئێنەرجی، کار گروپ، تاقە، ماراسۆن و ئۆیڵ سێرچ. هەروەها کۆمپانیا خزمەتگوزاریەکانیش بەشداربوون لە کۆمەک بەخشیندا لەوانەش ئێنسن ئێنەرجی سێرڤسس (Ensign Energy Services) و ئۆ ئەی جی ئێس جی (OAGSG).

کۆمپانیای گەنەل ئێنەرجی ئەنگلۆ – تورکی کۆمەکە داراییەکانیان بەخشیوە بە رێکخراوی منداڵپارێزی نێودەوڵەتی (international Save the Children). کیێران کینگ لە منداڵپارێزی نێودەوڵەتی لە عێراق ووتی "داهاتووی منداڵە سووریەکان لەژێر هەڕەشەدایە چونکە بێ بەشن لە خوێندن و دەکەونە دوای هاوتاکانیانەوە. شەریکایەتیمان لەگەڵ گەنەل ئێنەرجی و کۆمەکە داراییە بەخشندەکەیان توانا دەبەخشێت بە رێکخراوی منداڵپارێز باشتر یارمەتی منداڵە ئاوارەکان بدات لە رێی دابینکردنی پەناگە و ناوچەی سەلامەت کە تیایاندا دەتوانن یاری بکەن، فێر ببن، دەستبکەن بە چاک بوونەوە لەو زەبرە دەروونیەی کە بەهۆی هەڵهاتنینان لە ماڵەکانیانەوە ئەزموونیان کردووە."

بەهۆی کۆمەکی دارایی کۆمپانیای (شێڤرۆن)ەوە، رێکخراوی منداڵپارێزی نێودەوڵەتی جلوبەرگی زستانەی بۆ نزیکەی ٨،٠٠٠ منداڵ دابینکردووە و شوێنی سەلامەتی بۆ منداڵان دروستکردووە و هەروەها هەڵدەستێت بە دروستکردنی چوار شوێنی یاری لە سێ کامپدا لە هەولێر.

کۆمپانیای هێس کۆمەکی داراییان داوە بە رێکخراوی (International Rescue Committee ) یان (IRC) بۆ پشتگیریکردنی پێنج دەستپێشخەری زۆر گرنگ بۆ بێدەرەتانترین چینەکان لەنێو ئاوارەکاندا بە تایبەتی ژنان و بەساڵاچووان و منداڵان و گەنجان. هەروەها ئەم کۆمەکە یارمەتیدەر بوو بۆ رێکخراوی (IRC)  بۆ دروستکردنی یەکەم قوتابخانەی ناوەندی لەناو کامپی دۆمیز، کە گەورەتیرن کامپی ئاوارەکانە، و دابینکردنی کەلوپەل بۆی.

کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پەترۆلیەم بڕیاری داوە کۆمەک دابین بکات بە پشتبەستن بە هەر بەرمیلێکی بەرهەمهێنراو لە ١ ی ئەیلولی ٢٠١٣ ەوە بۆ ماوەی یەک ساڵ لەپێناو یارمەتیدانی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم فریاگوزاریە مرۆییەدا.

دەستپێشخەری مرۆیی نەوت و غازی کوردستان لە ئەیلولی 2013 دا لە لایەن د. ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەکان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کۆمپانیا کارکەرەکانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستاندا، راگەیەنرا.

د. ئاشتی هەورامی ئامانجێکی دیاریکرد بۆ پەیداکردنی 50 ملیۆن دۆلاری  لە هاوکاری دارایی لەلایەن پیشەسازی نەوتەوە. سەرەڕای ئەو هاوکاریە داراییەی کە پێشتر لەلایەن حکومەتی هەرێمی کورستانەوە تەرخانکرا بوو، د. ئاشتی ووتی کە "بەرامبەر هەر دۆلارێک" کە لە لایەن کەرتی نەتەوە دەدرێت، حکومەتیش "دۆلارێک دەبەخشیت." لە ئێستادا نزیەکەی ٢١٥،٠٠٠ ئاوارەی سووری تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس لە رێگەی کۆمەکە داراییەکەیانەوە بۆ رێکخراوی مێرسی کۆر (Mercy Corps) بێدەرەتانترینی چینەکانی لەنێو ئاوارەکاندا هەڵبژارد کە بریتی بوون لە ٣٩ خێزان و ژمارەیەکی زۆری منداڵان و ئەو خێزانانەی کەژن بەڕێوەیان دەبات بۆ وەرگرتنی کەلوپەلی زستانە و پێویستیی تەندروستی.

نەک تەنها کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و گەڕان بەڵکو کۆمپانیا خزمەتگوزاریەکانیش هەوڵەکانیان خستووتە گەڕ بۆ پشتگیریکردن لە دەستپێشخەری مرۆیی نەوت و غازی کوردستان. بەهۆی کۆمەکی دارایی کۆمپانیای ئێنسن ئێنەرجی سێرڤسس (Ensign Energy Services) ەوە، رێکخراوی (Norwegian Refugee Council) یان (NRC) جلوبەرگ و کەلوپەلی زستانەیان بۆ ١٠٠٠ ژن دابینکردووە لە کامپەکاندا. هەروەها ئۆ ئەی جی ئێس جی (OAGSG) هاوکاری رێکخراوی خێرخوازیی (رایز فاوندەیشن – Rise Foundation) ی کردووە بۆ جێبەجێکردنی کارەکانیان لەرێی دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و بەکار‌هێنانی پاسێکی ڤان و پشتگیری کارگێڕی بۆ کارمەندەکانیان.

نەخشەکان

شوێنمان کەون لەسەر تویتەر

Follow Us On Twitter - Image

راپۆرتی مانگانە و زانیاری دەربارەی بەرهەمهێنان

بە پێی رێکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق و یاسای بودجەی ٢٠١٥.