نووسینی: گاری کێنت

9/1/2014

رووداو – بێ ئاگایی بەریتانیا و تەنانەت ووریاییەکەشی بەرامبەر هەرێمی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا نەماوە بەهۆی ئەوەی پەرلەمانتاران و هەروەها وەزیرەکانیش دانپێدانانیان بە توانا شاراوەکەی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە پەرەسەندندایە.

دواترین نیشانەی ئەم بۆچوونە گۆڕڕاوە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە پەرلەمانتارە بەریتانیەکان لە ئەنجوومەنی گشتیدا (House of Commons) دووەم گفتۆگۆ سەرەکی پەرلەمانتارییان لەسەر هەرێمی کورستان لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا زامنکردووە. دوا گفتۆگۆ لە کۆتایی شوباتی ساڵی پێشوودا ئەنجامدرا کاتێک پەرلەمانتاران جینۆسایدی دژی کوردانی عێراقیان بە رەسمی ناساند.

ئەم جۆرە گفتۆگۆیانە گران بە دەستدەهێنرێن و دەگمەنن. دیبەتی داهاتوو، کە 90 خولەک دەبێت و لە کاتژمێر 9:30 تاکو 11:30 ی سەر لە بەیانی (بە کاتی بەریتانیا) لە رۆژی چوارشەممە 15ی کانوونی دووەم، روو دەدات بە ناوی "پەیوەندیەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان" دەبێت.

ئەم گفتۆگۆیە لە لایەن پەرلەمانتاری پارتی پارێزگاران جەیسن مەکارتنی، کە ئەفسەر بووە لە هێزی ئاسمانی شاهانە لە ئەنچەرلیک و زاخۆ کاتێک بەریتانیا یاریدەدەر بوو لە سەپاندنی ناوچەی دژە فڕینی سەر هەرێمی کوردستان لە سەرەتای نەوەتەکاندا. هەروەها لە حوزەیرانی رابردوودا سەردانی هەرێمی کورستانیشی کردووە.

هەروەها ئەم گفتۆگۆیە لە لایەن گروپی پەرلەمانیی گشت پارتەکانەوە پشتگیری لێکراوە، کە جەیسن مەکارتنی ئەندامێکی پیشەنگیەتی. چاوەڕوان دەکرێت جەیسن مەکارتنی هاوپشتی بکرێت لە لایەن ئەندامی پێشەنگی تری گروپی دۆستایەتی فرە پارتەکان وەک پەرلەمانتار نازم زەهاوی و هاو سەرۆکەکەشی پارلەمانتار مێگ مەن و رۆبەرت هالفۆن و ئەوانی تریش وەک ووتەبێژی پارتی کرێکاران بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئیان لۆکاس کە ئەویش لە حوزەیرانی رابردوودا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو.

بابەتەکانی پەرلەمانتارەکان لە لایەن وەزیری دەرەوە وەڵام دەدرێنەوە و لە رێی کەناڵی پەرلەمانی بەریتانیشەوە پەخش دەکرێت، بڕوانە www.parliament.uk.

چاوەڕواندەکرێت پەرلەمانتارانی گروپی گشت پارتەکان داوای قووڵکردنەوەی پەیوەندیە بازرگانی و کلتوریەکان بکەن لەنێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستاندا. ئەم پەرلەمانتارانە دەبنە سەدایەک بۆ پێشنیازەکانی راپۆرتی دوا ئەرکی دۆزینەوەی راستیەکانی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو سەبارەت بە هەرێمی کوردستان کە بەم زووانە بڵاو دەکرێتەوە.

پێشنیازە سەرەکیەکان بۆ حکومەتی بەریتانی بریتی دەبن لەمانەی خوارەوە:

"پیشنیار دەکەین کە لیژنەی هەڵبژاردنی کاروباری دەرەوەی سەر بە ئەنجومەنی گشتی لێکۆڵینەوە بکات لەسەر پەیوەندیەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستانی عێراق و داهاتووی چاوەڕوانکراوی کوردانی سووریا و تورکیا و ئێران.

پێشنیار دەکەین کە حکومەتی بەریتانیا بە سەردانێکی رەسمی بانگهێشتی سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکات بۆ لەندەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە.

پێشنیار دەکەین کە حکومەتی بەریتانیا ئەگەری سەردانێکی وەزیری دەرەوە لەبەرچاو بگرێت بۆ هەرێمی کورستان.

هانی حکومەتی بەریتانیا دەدەین بۆ چوونە ناو گفتوگۆوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەبارەت بە دابینکردنی کەلوپەلی ئەمنیی ناکوشندە.   

هانی حکومەتی بەریتانیا دەدەین بۆ دامەزراندنی نوێنەری بازرگانی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان.

هانی سەرۆک وەزیران دەدەین سیمینارێک ساز بدات لە داونینگ ستریت سەبارەت بە بەرژەوەندیەکانی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستاندا.

هەوڵدەدەین کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆدا ساز بدەین بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر رژێمی ڤیزا و هەر کۆسپێکی ناپێویست لەپێناو زیادکردنی پەیوەندیە کلتوری و بازرگانیەکاندا لەگەڵ کوردستان.

بەردەوام هانی حکومەتی بەریتانی دەدەین بۆ بە رەسمی ناساندنی جینۆسایدی دژی کورد و تەواو بەشدار بوونیی لە دیاریکردنی 14ی ئازاری هەموو ساڵێک وەک رۆژی ئەنفال."

هەروەها راپۆرتەکە پێشوازی لە پەیوەندی نوێی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەکات و هانی دەرکردنی یاسایەکی نوێ و متمانەپێکراوی دابەشکردنی داهاتەکان دەکات کە پشتبەستوو بێت بە دەستووری عێراق، تاکو کوردستان پێویستیی هاوڵاتیانی بەدی بهێنێت.

گروپی گشت پارتەکان، وەزیری پێشووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست (ئەلیستێر بێرت)ی وەک جێگری سەرۆکی گروپە پارمانیەکە دامەزراندووە. بێرت خاوەن رێز و پایەیەکی زۆرە لە پەرلەماندا. ئەم گروپە سەرقاڵی پلاندانانە بۆ سەردانێکی تری هەرێمی کوردستان لە پێش نەورۆزدا.

 

گاری کێنت کارگێڕی گروپی پەرلەمانی گشت پارتەکانە. نووسینی ئەم ستوونە بۆ رووداو چالاکیەکی شەخسیە.

 

 

 

 

نەخشەکان

شوێنمان کەون لەسەر تویتەر

Follow Us On Twitter - Image

راپۆرتی مانگانە و زانیاری دەربارەی بەرهەمهێنان

بە پێی رێکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق و یاسای بودجەی ٢٠١٥.