هەولێر – لەرۆژی دووەمی کۆنفرانسی نەوت و غازی کوردستاندا،جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان عیماد ئەحمەد بە ئامادەبووانی کۆنفرانسەکەی راگەیاند، "نەوت و غازی کوردستان بووەتە هێزێک بۆ سەقامگیری و سوودی بۆ هەموو گەلی عێراق دەبێت."
هەروەها ووتی، "کوردستان پەیوەندی باشی لەگەڵ تورکیادا هەیە و بەردەوامیش دەبێت لە پەرەپێدانی پەیوەندیەکانیدا لەگەڵ ئێران. هەرێمی کوردستان هۆکار نەبووە بۆ ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا بەڵکو بە پێچەوانەوە رۆڵێکی گرنگ و ئەرێنی گێڕاوە لە ئارامیی ووڵاتانی دراوسێیدا."
جێگری سەرۆک وەزیران ووتارەکەی لەدانیشتنی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا پێشکەش کرد کە تیایدا قسەکەران گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە کوردستان لە قۆناغی بەدواداگەڕانەوە دەڕوات بەرەو پەرەپێدان و بەرهەمهێنان.
لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی لایەنی بەهێزبوونی پیشەسازی نەوت و غاز و ئەگەری هاتنە ناوەوەی چین بۆ کوردستان، وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان د. ئاشتی هەورامی ووتی، "ئێمە لە بەدواداگەڕانەوە دەڕۆین بەرەو بەرهەمهێنان. ساڵی داهاتوو، قسە دێتە سەر ئەوەی چەندمان بەرهەمهێناوە و چەندمان هەناردە کردووە. ئاراستەی پیشەسازیەکە و کۆمپانیاکان و بەهێزبوونیان پرۆسەیەکە کە لەلایەن بازاڕەوە دەجوڵێنرێت. ئێمە رۆڵێکمان هەیە لە دەستنیشانکردنی وەبەرهێنانەکان و تەکنەلۆژیادا، و رێبەری پرۆسەکە دەکەین لەرێی شەفافیەت و ئابووری بازاڕەوە. ئەگەر چین، یان هەر وڵاتێکی تر، تەکنەلۆژیا و وەبەرهێنان لەگەڵ خۆی دێنێت، ئەوا بەخێرهاتنیان دەکەین."
نەدیم زەهاوی، پەرلەمانتاری بەریتانی و هاوسەرۆکی گروپی پەرلەمانیی گشت پارتەکان سەبارەت کوردستان و ئەندامی یەکەی سیاسەتی ووزەی ژمارە ١٠، دیدوبۆچوونی بەریتانیای گواستەوە سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەکەردنی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان و ووتی،"هاتنی غاز لە کوردستانەوە بۆ ئەوروپا هەواڵێکی خۆشە بۆ ئێمە چونکە بەرهەمی غاز نرخەکان بۆ بەریتانیاش دادەبەزێنێت ، و دەبێتە کەناڵێکی دابینکردن بۆ ئەوروپا کە ئاساییشی ووزەی زامن دەکات."
زەهاوی بەشێک بوو لەو پانێڵەی کە لەلایەن مایكڵ هاوەرد، راوێژکاری وەزیری سامانە سروشتیەکانەوە بەڕێوەبرا، و د. ئاشتی هەورامی و بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە فەلاح موستەفا و بەرپرسی نووسینگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق زاڵمای خەلیلزادی تێدا بەشدار بوو. پانێڵەکە باسیان لە چەند بابەتێک کرد لەوانە هاوکاری ووزە لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و نیگەرانیەکانی واشنتۆن سەبارەت بەم هاوکاریە و پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاریگەری قەیرانی مرۆیی سوریا.
بەڕێز فەلاح موستەفا تیشکی خستە سەر قەیرانی مرۆیی لە سووریا و کاریگەریەکانی لەسەر کوردستان و ووتی، "پێدەچێت هیچ چارەسەرێک لە ئاسۆدا نەما بێت بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە. بارودۆخی ئاوارەکان مەترسیدارە و پێویستمان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە یارمەتیی زیاتر پێشکەش بکات و هەروەها دەمانەوێت بەغداش بەشداری خۆی هەبێت بۆ هەوڵەکانی ئێمە. پێم خۆشە سوپاسی ئەو کۆمپانیا نەوتیانە بکەم کە لە کوردستان پەیمانیان دا بە یارمەتیدانی ئاوارەکانی سووریا، ئەم هەوڵە جیاوازیەک دروستدەکات."
دەربارەی مەسەلەی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز قوباد تاڵەبانی ووتی، "ئەولەویەتەکانی کابینەی داهاتوو بریتی دەبێت لە پێشکەشکردنی سیاسەت و خزمەتگوزاری باشتر بە خەڵک. دەمانەوێت تەرکیز بخەینە سەر ئەوەی پێویستیە بۆ هاوڵاتیانمان و بەرەوپێشبردنی جۆری پەروەردە و چاودێری تەندروستی."
زاڵمای خەلیلزاد پیرۆزبایی لە سەرکەوتنی کوردستان کرد لە پەرپێدانی کەرتی ووزەی خۆیدا. دەربارەی نیگەرانیەکانی ئەمریکا لەسەر هاوکاریکردن لەگەڵ تورکیادا، ووتی، "پێموایە ئەمریکا پشتگیری دەکات و لەو باوەڕەدایە کە شتێکی باشە نەوتی زیاتر لە عێراقدا بەرهەمهێنراوە لەوانەش هەرێمی کوردستان چونکە شتێکی باشە بۆ بەکاربەران لە جیهاندا لەوانەش خەڵکی ئەمریکا. ئەمریکا دەیەوێت نەوتی کوردستان بەشدارێکی دارایی پەتی بێت نەک تەنها بۆ کوردستان بەڵکو بۆ هەموو عێراق."
یەکێکی تر لە بابەتەکانی کۆنفرانسەکە باسکردنی ئەو لایەنە بوو کە چۆن کەرتی نەوت و غاز دەتوانێت یارمەتی پەرەپێدانی ئابووری کوردستان بدات و چۆن کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانی نەوت بەشدار دەبن لە پرۆژە کۆمەڵایەتیەکان و گەشەپێدانی شارەزاییەکان و دروستکردنی هەلی کاردا.
نوێنەری باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بەیان سامی عەبدولڕەحمان، کە سەرۆکایەتی دانیشتنێکی کرد دەربارەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان، ووتی، "پیشەسازی نەوت و غاز بە تەنها بریتی نیە لە پێوانەکانی سایزمیک و بەرمیل و هێڵی بۆری بەڵکو خەڵکیش دەگرێتەوە. دەمانەوێت هەلی کار دەستەبەر بکەین بۆ کۆمەڵگە ناوخۆییەکان و گەشە بدەین بە شارەزایی گەنجەکانمان و چاودێری تەندروستی، و داهاتوویەکی گەشاوە بۆ خەڵکەکەمان دابین بکەین."
هەروەها ئەندامانی پانێڵی ئەم دانیشتە بریتی بوون لە بەڕێوەبەری بەرنامەکان لە ئامینا بەڕێز مایا خوری کە بەرپرسەر لە رێکخستن و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان لە هەولێر، و راوێژکارێکی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەڕێز ئیان ماکنتۆش کە باسی لە زیادکردنی ژمارەی کەسانی کوردی خاوەن شارەزایی کرد لە کەرتی نەوت و غازدا، و هەروەها راوێژکاری پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەڕێز شاهۆ حسێن کە ووتی پێویستە سێگۆشەیەکی هاوکاری هەبێت لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت و کۆمەڵگەکاندا.
مایا خوری داوای دروستکردنی هێڵێکی بۆری پەروەردەی کرد شان بە شانی هێڵی بۆریەکانی نەوت و ووتی، "داخستنی بۆشاییەکانی شارەزایی و دروستکردنی سەرمایەی مرۆیی پرۆژەیەکی دوور مەودایە کە پێویستی بە سەرچاوە و سەرمایە هەیە."
سەبارەت بە پێویستی و پلانەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بۆ پەرەپێدانی هێزێکی کاری خاوەن شارەزایی لە پیشەسازی نەوت و غازدا، ئیان ماکنتۆش ووتی، "سەرقاڵی دامەزراندنی رێکخراوی بەرنامەی گەشەپێدانی تواناکانین بەناوی کۆمەڵەی گەشەپێدانی تواناکانی هێزی کاری نەوت و غازی کوردستان بۆ دڵنیابوون لە تەرکیز خستنە سەر هەر بوارێک بە راستی و دروستی و لەپێناو هاندانی هاوکاریکردن لە رێکخراوە پەیوەندیدارەکانەوە."
پرۆژەکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان وەک دامەزراندنی نەخۆشخانەیەکی نوێی منداڵان بۆ چارەسەرکردنی ژمارەی زۆری مردن و کەم ئەندامبوونی منداڵان. ئەم پرۆژەیەش لەلایەن رەنج شاوەیس دکتۆری نەشتەرگەریی منداڵان و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەی منداڵانی کوردستان لە هەولێر خرایە روو.
کۆنفرانسەکە لەلایەن بەڕێز سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانیەوە کرایەوە و هەروەها وەزیری ووزەی تورکیا تەنەر یەڵدز ووتاری تیادا پێشکەش کرد. هەروەها سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان فوئاد حسێن و پارێزگاری نەینەوا ئەسیل نوجەیفی و وەزیری پلاندانان عەلی سندی و وەزیری خوێندنی باڵا عەلی سەعید و ووتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەفین دزەیی و سەرۆك وەزیرانی پێشووی حکومەتی هەرێم بەرهەم ساڵح و ئەندامانی لیژنەی ووزە و نەوتی پەرلەمانی عێراق و راوێژکاری وەزیری نەوتی ئێران و باڵیۆزانی پێشووی بەریتانیا ویلیەم پاتی و سێر جێرەمی گرینستۆک و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی گازپرۆم نەفت ئەلکساندەر دیوکۆڤ و هەوروەها بەرپرسان و وەزیرانی پێشوو و ئێستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون.
هەرەوها رۆژی دووەمی کۆنفرانسەکە تەرکیزی خستە سەر داهێنانە تەکنەلۆژیە یەکانگیرەکان بۆ پشتگیریکردنی گەشەی داهاتوو و بەهێزکردنی وەبەرهێنانی گەڕان و بەرهەمهێنان لە پیشەسازی نەوت و غازدا.
گفتوگۆکانی رۆژی یەکەم تەرکیزیان خستە سەر سەرکەوتنەکانی لایەنی یەدەگ و گەڕان و بەرهەمهێنان و پلانەکانی داهاتوو، و بەکارهێنانی ووزە بۆ گەشەپێدانی ئابووری کوردستان لەسەر ئاستێکی بەرفراوانتر.
هەروەها چەندین وێرکشۆپیش لە پێش کۆنفرانسەکە ئەنجامدران کە تەرکیزیان خستە سەر یاسای نەوت و گرێبەستەکانی ژێرخان و تەکنیکەکانی خزمەتگوزاری کێڵگەکانی نەوت و لایەنی لۆجیستی و دامەزراندنی ناوخۆیی.
ئێستا کە ساڵی سێهەمیەتی، کۆنفرانسی نەوت و غازی کوردستانی عێراق بڕیاردەران و کەسایەتیە دیارەکانی لە یەک نزیک کردەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەرفەت و گرفتە سەرەکیەکانی کەرتی نەوت و غازی کوردستان کە بەرفراوانبونێکی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت.
کۆنفرانسە چوار رۆژیەکە لە رۆژی ٤/١٢ دا بە سەردانێک بۆ پرۆژەکانی ووزەی کوردستان تەواو بوو کە دەرفەتێکی رەخساند بۆ بینینی توانای شاراوەی هەرێم و خستنەڕووی ئەوەی کە چۆن دوا بەرەی مەزنی ووزەی جیهان کۆمپانیا سەرەکیەکان رادەکێشێ و هەروەها لە پێناو بینینی روو بە رووی سەرکردە و پسپۆڕانی پیشەسازیەکەدا.