هەولێر- لە دەستپێکی کۆنفرانسی نەوت و غازی کوردستاندا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر بەشداریی هەرێمی کوردستان لە بازاڕی وزەی جیهانیدا و جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە مامەڵەکانیدا لەگەڵ تورکیا پابەند دەبێت بە دەستووری عێراقەوە.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی دا بە گفتوگۆکانی چەند رۆژی پێشووی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا سەبارەت بە هاوکاری نێوان هەردوولا لە بواری نەوت و غازدا، لەوانەش هەناردەکردنی نەوت و ووتی رێکەوتنەکەی نێوان هەولێر و ئەنکەرە پابەندە بە دەستووری عێراقەوە.

هەروەها ووتی "لە هەموو قۆناغەکانی ئەم دانوستاندنانەدا سووربووم لە سەر لایەنی شەفافیەت و لێپرسراوێتیی پرۆسەی هەناردەکردن و داهاتەکانی هەرێمی کوردستان. لێرەدا دەمەوێت رایبگەیەنم کە بانگهێشتی بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی و لایەنی سێهەمی سەربەخۆ دەکەین بۆ چاودێریکردنی هەموو قۆناغەکانی پرۆسەکە."   

سەرۆک وەزیران ووتەکانی لە سێهەم کۆنفرانسی نەوت و غازدا پێشکەش کرد. زیاتر لە هەزار بەرپرسی تەنفیزی کەرتی پیشەسازی ووزە و گەورە دیپلۆماتی وڵاتانی جیهان ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون. هەروەها جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژ نووری شاوەیس و وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشتی هەورامی و وەزیری ووزەی تورکیا تەنەر یەڵدز ووتاریان لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا پێشکەش کرد.

سەرۆک وەزیران ووتی خەڵکی کوردستان لەژێر سایەی رژێمی پێشوودا ناڵاندوویانە بەدەست چەندین تاوانەوە لەوانەش کیمیاباران کردن، بەڵام ئێستا عێراقێکیان دەوێت کە وەک هاوڵاتی یەکسان مامەڵە لەگەڵ هەموواندا بکات. هەروەها ووتی "پێمان وایە کە تاکە رێگەی یەكێتی و سەقامگیری عێراق پابەندبوونی راستەقینەیە بە دەستووری عێراقەوە کە رێگە دەدات بە دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەت و سامان، ئەمانە ئەو پرەنسیپانەن کە جێبەجێ دەبن بە تایبەت  لەسەر بەڕێوەبردنی سامانە سروشتیەکانی وڵاتمان. ئێمە هەمیشە لە رابردوودا و ئێستاش جەخت دەکەینەوە کە وەک هاوبەشی راستەقینە کار دەکەین، بەڵام بەهۆی رابردوویەکمانەوە کە پڕ بووە لە داپڵۆسین و کوشتن، قورسە متمانە بەوانی دی بکرێت بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسمان."

سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە کوردستان پێویستە ببێتە هاوبەشێکی یەکسان لەگەڵ بەغدا و دەیەوێت عێراق ببێتە وڵاتێک کە لە ئاشتیدا بێت لەگەڵ خۆیدا و دەرچێت لەو سیستەمە مەرکەزیەی کە هێشتا وڵات بە ئاراستەیدا دەڕوات.

هەروەها رایگەیاند "تەواوکردنی ئەم هاوکاریەمان لەگەڵ تورکیا لە بواری ووزەدا دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. دەمەوێت دۆستانمان لە بەغدا دڵنیا بکەمەوە کە ئەم پرۆسەیە کۆمان دەکاتەوە، دەرگاکانمان هەمیشە کراوە بوون بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن و بە کراوەییش دەمێننەوە."

وەزیرانی ووزەی کوردستان و تورکیا، کە لە گفتوگۆی جیدی و چڕوپڕ و دروستکەردان دەربارەی هاوکاری لە کەرتی ووزەدا، لە هەمان کاتدا هانی حکومەتی عێراقی دەدن لە بەغدا بۆ ئەوەی بەشدار بێت لەو گفتوگۆیانەدا سەبارەت بە دانانی باشترین هاوکێشەی دابەشکردنی داهات بۆ پرۆسەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاو.  

وەزیری ووزەی تورکیا تەنەر یەڵدز جەختی کردەوە کە تەرکیزی سەرکردایەتی تورکیا لەسەر بەرژەوەندی هاوبەشی هەموو لایەنەکان و سەقامگیری عێراقە. هەروەها ووتی "پێمان وایە دەتوانین کاریگەریەکی بەهێزمان هەبێت لەسەر لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا."

د. ئاشت هەورامی بە ئامادەبووانی کۆنفراسەکەی راگەیاند کە هێڵی بۆری نوێی کوردستان – تورکیا کار دەکات. هەروەها ووتی "هێڵە نوێکە تاقی کراوەتەوە و لە ساڵی داهاتوودا بڕی 350,000 بەرمیل لە رۆژێکدا پێیدا تێپەڕ دەبێت و جێگەی گواستنەوەی نەوت بە تانکەر دەگرێتەوە.

هێڵی بۆریەکە لە کێڵگەی نەوتی تەق تەقەوە دەستپێدەکات، بە کێڵگەی خورمەڵەدا تێپەڕ دەبێت و لە فیشخابووردا دەڕوات بەرەو سنووری تورکیا و پاشان بەرەو بەندەری جیهان. بە هاتنی ٢٠١٥، هێڵەکە توانستی هەناردەکردنی یەک ملیۆن بەرمیلی دەبێت لەرۆژێکدا. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتی تەواوی لە ئەستۆیە سەبارەت بە پرۆسەی گواستنەوەکە بۆ جێگرتنەوەی شێوازە هەنووکەییەکەی گواستنەوەی نەوت بۆ تورکیا کە لە رێی تانکەرەوەیە، بەڵام بانگهێشتی حکومەتی فیدراڵی و لایەنی تریش دەکات بۆ ئەوەی چاودێری پرۆسەکە بکەن.

د. ئاشتی بە ئامادەبووانی راگەیاند هەرێمی کوردستان لە سەر رێچکەیەکە بۆ ئەوەی ببێتە بەشدارێکی پەتی بۆ بودجەی فیدراڵی، و هەموو عێراقیش سوودمەند دەبێت لە جێبەجێکردنی دەستووری عێراقدا. هەروەها رایگەیاند "دەمانەوێت بەغدا بەشدار بێت لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ تورکیا چونکە دیالۆگ و نیازی باش بوونیان هەیە لەگەڵ پشتگیری هاوڕێکانمان لە تورکیا. شتەکان بەرەو پێشەوە دەڕۆن،"

 لەگەڵ هەبوونی ٤٥ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ و سێ بۆ چوار ترلیۆن مەتر سێجا لە غاز، هەرێمی کورستان بە یەکێک لە دوا بەرەکانی نەوت و غاز دادەنرێت. لەماوەی چەند ساڵی پێشوودا، هەرێم بووەتە یەکێک لە چالاکترین ناوچەکانی بەدواداگەڕانی هێدرۆکاربۆن لە جیهاندا.

د. رۆژ، جیگری سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەختی کردەوە لەوەی کە داهاتەکانی نەوت و غاز ستانداردەکانی ژیانی هەموو عێراقیەکان بەهێز دەکات. هەروەها ووتی "پەرەپێدانی نەوت و غاز نەک تەنها داهات دروستدەکات بەڵکو دەبێتە مایەی سەقامگیری و ئاساییش بۆ هەموو وڵات."

سەرۆکی دەستپێکی دانیشتنەکان لە کۆنفرانسەکە سێر جێرەمی گرینستۆک، کە باڵیۆزی پێشووی بەریتانیاش بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای راوێژکاری لامبێرت ئێنەرجیە، ووتی "هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغی چەسپاندن هەنگاو دەنێت. پیرۆزبایی لە کوردستان دەکەم بۆ ئەو بەرەوپێشچوونەی کە لەگەڵ تورکیادا ئەنجامی داوە و هەروەها پیرۆزبایی لە تورکیاش دەکەم بۆ ئەو رۆڵەی کە لەم پەیوەندیەدا گێڕاویەتی."

لە یەکەم رۆژی کۆنفرانسدا، چەندین گفتوگۆ ئەنجامدرا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی پیشەسازی نەوت و پسپۆڕان لەسەر لایەنی جیاجیای پیشەسازی نەوت و غاز. ‌هەروەها بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشداریان کرد.

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر کۆنفرانسی نەوت و غازی کوردستانی عێراق، سەردانی ئەم ماڵپەرە بکە http://www.cwckiog.com/

 

نەخشەکان

شوێنمان کەون لەسەر تویتەر

Follow Us On Twitter - Image

راپۆرتی مانگانە و زانیاری دەربارەی بەرهەمهێنان

بە پێی رێکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق و یاسای بودجەی ٢٠١٥.