لەندەن – "ئەو هەواڵە مێژووییەی کە هەرێمی کوردستانی عێراق و تورکیای دراوسێی گەیشتوونەتە ریکەوتنێکی هەمەلایەن بۆ دروستکردنی هێڵی بۆری نەوت و غاز بۆ هەناردەکردنی یەدەگی دەوڵەمەندی هێدرۆکاربۆنی هەرێمی ئۆتۆنۆم بەرەو بازاڕەکانی جیهان" بە فەرمی لە پێشنیارێکدا لە پەرلەمانی بەریتانیا پێشوازی لێکرا.

پێشنیاری سەرەتای رۆژ کە لەلایەن رۆبەرت هالفۆن، پەرلەمانتاری دیاری پارتی پارێزگاران و دۆستی دێرینی هەرێمی کورستان خرایە ڕوو، "بە گەرمی پێشوازی" لەو هەواڵە دەکات و ئاماژە دەدات بە چەندین دەرەنجامی ئەرێنی ئەو رێکەوتنە.

پێشنیارەکە دەڵێت رێکەوتنەکە "رێگە دەدات بە هەرێمی کوردستان 2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا هەناردە بکات بۆ بازاڕەکانی جیهان و لانی کەم 10 ملیار مەتر سێجا غاز لە رۆژێکدا هەناردە بکات بۆ تورکیا لە هەوڵێکدا کە ئاسایش و فرەچەشنیی خستنەڕووی وزە زیاد دەکات."

هەروەها زیاتر دان بەوەدا دەنێت کە ئەم رێکەوتنە "سەرکەوتنی دیبلۆماسی" پیشان دەدات کە پشت ئەستوورە بە بەرژەوەندی خودی و توندوتۆڵی دوو لایەن کە رۆژێک لە رۆژان ناکۆک بوون"، هەروەها ئومێدی هەیە کە ئەمە "دەبێتە مایەی پشتگیریکردن لە پرۆسەیەکی ئاشتی سەرکەوتوو لە نێوان تورکیا و کوردەکانیدا." 

ئەم پێشنیارەی بەڕێز هالفۆن، کە جێگری سەرۆکی گروپی پەرلەمانیی گشت پارتەکانە دەربارەی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەو ترسانە دەڕەوێنێتەوە کە لە لایەن هەندێکەوە گوزارشتیان لێدەکرێت سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا.

پێشنیارەکە "ئەو ترسە نەگونجاوە رەتدەکاتەوە کە پێی وایە سەربەخۆیی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێتە هۆی دابەشبوونی عێراق، چونکە وڵات بە گشتی سوود لە سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان دەبینێت، نەوت موڵکی خەڵکی عێراق دەمێنێتەوە و داهاتەکانی فرۆشی وزەش دابەشدەکرێن بەسەر هەموواندا و بەپێی هاوکێشەیەکی بەهێز و زۆر پێویستی هاوبەشیپێکردنی داهات و سیستەمێکی فیدراڵی کە بە تەواوی کار بکات، وەک باسکراوە لە دەستووری عێراقدا کە لە 2005 لە لایەن خەڵکی عێراقەوە پەسەندکراوە."

پێشنیاری سەرەتای رۆژی بەڕێز هالفۆن دوا بە دوای هەواڵی رێکەوتنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا پێشکەشکرا. ئەم پێشنیارە لە رۆژانی داهاتوودا لەلایەن دۆستی تری هەرێمی کوردستان لەناو پەرلەمانی بەریتانیا و هەروەها لەلایەن پەرلەمانتارانی هەموو پارتەکانەوە پشتگیری لێدەکرێت.

پێشنیاری سەرەتای رۆژ میکانیزمێکی پەرلەمانیە کە رێگە دەدات بە پەرلەمانتاران را و بۆچونیان بە ئاشکرا باس بکەن و پاشان دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ باسکردنی مەسەلەکە لەگەڵ وەزیرەکان لە کاتی گفتوگۆ و دانیشتنەکانی پەرلەمان و هەروەها بۆ ئاگادارکردنەوەی میدیا.

پەرلەمانتارانی گروپی پەرلەمانی گشت پارتەکان، کە ئەم هەفتەیە شاندێک دەنێرن بۆ هەرێمی کوردستان، هەوڵدەدەن گفتوگۆیەکی تایبەت دەربارەی بەرەوپێشچوونەکانی هەرێمی کوردستان ساز بدەن لەوانەش ئەم هەواڵە مێژووییە.

 

دەقی تەواوی پێشنیارەکە:

رۆبەرت هالفۆن              هەرێمی کوردستانی عێراق

٢٠١٣/١١/٧

ئەم  ئەنجومەنە بە گەرمی پێشوازی لەو هەواڵە مێژووییە دەکات کە هەرێمی کوردستانی عێراق و تورکیای دراوسێی گەیشتوونەتە ریکەوتنێکی هەمەلایەن بۆ دروستکردنی هێڵی بۆری نەوت و غاز بۆ هەناردەکردنی یەدەگی دەوڵەمەندی هێدرۆکاربۆنی هەرێمی ئۆتۆنۆم بەرەو بازاڕەکانی جیهان؛ لەو باوەڕەدایە کە ئەمە رێگە دەدات بە هەرێمی کوردستان 2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا هەناردە بکات بۆ بازاڕەکانی جیهان و لانی کەم 10 ملیار مەتر سێجا غاز لە رۆژێکدا هەناردە بکات بۆ تورکیا لە هەوڵێکدا کە ئاسایش و فرەچەشنیی خستنەڕووی وزە زیاد دەکات؛ هەروەها دان بەوەدا دەنێت کە ئەم رێکەوتنە سەرکەوتنی دیبلۆماسی پیشان دەدات کە پشت ئەستوورە بە بەرژەوەندی خودی توندوتۆڵی دوو لایەن کە رۆژێک لە رۆژان ناکۆک بوون؛ ئومێدی هەیە کە ئەمە دەبێتە مایەی پشتگیریکردن لە

 پرۆسەیەکی ئاشتی سەرکەوتوو لە نێوان تورکیا و کوردەکانیدا؛ و ئەو ترسە نەگونجاوە رەتدەکاتەوە کە پێی وایە سەربەخۆیی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێتە هۆی دابەشبوونی عێراق، چونکە وڵات بە گشتی سوود لە سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان دەبینێت، نەوت موڵکی خەڵکی عێراق دەمێنێتەوە و داهاتەکانی فرۆشی وزەش دابەشدەکرێن بەسەر هەموواندا و بەپێی هاوکێشەیەکی بەهێز و زۆر پێویستی هاوبەشیپێکردنی داهات و سیستەمێکی فیدراڵی کە بە تەواوی کار بکات، وەک باسکراوە لە دەستووری عێراقدا کە لە 2005 لە لایەن خەڵکی عێراقەوە پەسەندکراوە.

 

 

 

نەخشەکان

شوێنمان کەون لەسەر تویتەر

Follow Us On Twitter - Image

راپۆرتی مانگانە و زانیاری دەربارەی بەرهەمهێنان

بە پێی رێکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق و یاسای بودجەی ٢٠١٥.