هەولێر، هەرێمی کوردستان –  ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا لە هەولێر، کۆمپانیا کارکەرەکانی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان پەیمانیان دا 50 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری فریاگوزاری دابین بکەن بۆ ئەو ئەو ئاوارانەی کە بە رێژەی زۆر لە چەند هەفتەی پێشوودا بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵهاتوون.

د. ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کورستان، رایگەیاند "هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر بایی 10 ملێۆن دۆلار سووتەمەنی و 25 ملیۆن دۆلاریشی لە پارەی بنیاتنانی تواناکانی وەک یارمەتی فریاگوزاری دابینکردووە ، بەڵام لەبەر گەورەبوونی راددەی قەیرانەکە و زیادبوونی ژمارەی ئەو ئاوارانەی کە رۆژانە هەڵدێن، هەموومان دەبێت پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی بە پەلە یارمەتی زیاتری پێویست دەستەبەر بکەین."  

ئومێد وایە کە 50 ملیۆن دۆلاری تر لە هاوکاری دارایی لەلایەن کۆمپانیاکانەوە لە رێگەی هەوڵەکانیانەوە پەیدا بکرێت سەرەڕای ئەو هاوکاریە داراییەی کە پێشتر لەلایەن حکومەتی هەرێمی کورستانەوە تەرخانکرا بوو. د. ئاشتی ووتی کە بەرامبەر هەر دۆلارێک کە لە لایەن کۆمپانیایەکی نەتەوە دەدرێت، حکومەتیش دۆلارێک دەبەخشیت.

هەوروەها وتیشی، "خۆشحاڵم کە لە کۆبوونەوەکەماندا کۆمپانیاکانی نەوت و غاز رازی بوون یارمەتی دارایی دەستەبەر بکەن بۆ ئەم هەوڵە مرۆییە. هاوکاریان جیاوازیەکی گەورە دروستدەکات لەسەر ژیان و خۆشگوزەرانی ئاوارەکان و هەروەها یارمەتی ئەو کۆمەڵگانەش دەدات کە ئاوەرەکان لێیان نیشتەجێ بوون."

لە کۆبوونەوەکەدا، د. ئاشتی هەورامی و نوێنەرانی باڵای کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانی نەوت و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری و بەرپرسانی UNHCR و نوێنەرانی رێکخراوە ناحکومیە نێودەوڵەتیەکان گفتگۆیان کرد لەسەر چۆنیەتی دەستکردن بە دابینکردنی هاوکاری دارایی بۆ ئەم دەستپێشخەریە گرنگ و بەپەلەیە.

ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کرد کە داواکاری ئاراستەی کۆمپانیاکانی نەوت و غاز بکات، وەک هاوبەشێکی درێژخایەنی هەرێمی کوردستان، کە دەتوانن رۆڵیان هەبێت لە پشتگیریکردنی ئەم هەوڵە مرۆییەدا.

بەرپرسی UNHCR لە هەرێمی کوردستان و باکووری عێراق ویلیام تۆڵ بە ئامادەبووانی راگەیاند کە دەستپێشخەری هاوشێوەی لە پیشەسازی نەوتەوە بینیوە لە جیهاندا لە کاتی قەیرانەکاندا و ئاماژەی دا بە ئەزموونی خۆی لە وڵاتی ئازربایجان پاش روخانی حکومەتی کۆمۆنیستی لەو وڵاتەدا.

هەروەها تۆڵ ستاییشی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە بە تەنگەوە چوونیان بۆ قەیرانی ئاوارەکان و وەک هەوڵی "کەم وێونە" باسی لێوە کردن. بەڵام روونیشی کردەوە لە لەگەڵ هاتنی زستاندا و هاتنی ئاوارەی زیاتردا بەرەو هەرێمی کوردستان، بارودۆخەکە پێویستی بە یارمەتی زیاتر دەبێت.

بەپێی خەمڵاندنە هەنووکەییەکانی UNHCR، ژمارەی خەڵکی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 200,000، و رۆژانەش ژمارەیان روو لە زیادبوون دەکات. نزیکەی نیوەیان لە کامپە کاتیەکاندا جێگیر کراون بەڵام ژمارەیەکی بەرچاویشیان نیشتەجێی گوند و شار و شارۆچکەکان بوون و لە ململانێدان بۆ دەستکەوتنی بژێوی ژیان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاژانسە نێودەوڵەتیەکانی فریاگوزاری و رێکخراوە ناحکومیەکان و هاوڵاتیان هەموویان بەرامبەر ئەو ئاستەنگانە وەستاونەتەوە کە رووبەرووی ئاوارەکان بووەتەوە، بەڵام پێویستە لە رێگەی دابینکردنی فریاگوزاری کرداریەوە کاری زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان هاوکاری بکرێت لەخۆ گونجاندنیدا لەگەڵ راددەی قەیرانەکە.

نەخشەکان

شوێنمان کەون لەسەر تویتەر

Follow Us On Twitter - Image

راپۆرتی مانگانە و زانیاری دەربارەی بەرهەمهێنان

بە پێی رێکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق و یاسای بودجەی ٢٠١٥.