مانچستەر، بەریتانیا –  دوێنێ لە شاری مانچستەر لە بەریتانیا، ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبووانی کۆنفرانسی پارتی پارێزگارانی راگەیاند کە هێڵێکی بۆری هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە چەند مانگێکی تردا دەکەوێتە گەڕ.

د. هەورامی ووتی، "هێڵی نوێی بۆری هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان نزیکە لە تەواوبوون و چاوەڕواندەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵدا بکەوێتە گەڕ." هەروەها ووتی چاوەڕواندەکات راددەی هەناردەکردن لە 2015 بگاتە یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا و لە 2019  بگاتە دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا و رایگەیاند "ئێمە یارمەتیدەر دەبین لە ئاساییش و بەردەوامیی دابینکردنی ووزەدا بۆ جیهان."

هەروەها ووتی "هاوبەشیپێکردنی داهاتەکانی نەوت بەپێی دەستووری فیدراڵی، و سەربەخۆیی ئابووری کوردستان رەچەتەن بۆ یەکێتی عێراق."

وەزیری سامانە سروشتیەکان لە کۆبوونەوەیەکدا کە دەربارەی ئاساییشی ووزە بوو قسەکانی پێشکەشکرد. ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا رێکخرا بوو. قسەکەرانی تر بریتی بوون لە پەرلەمانتاری بەریتانی نازم زەهاوی، نوێنەری خانەی چاتەم هاوس جەین کینینمۆنت، شرۆڤەکار و راوێژکار شوان زوڵاڵ، نوێنەری باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بەیان سامی عەبدولڕەحمان. کۆبوونەوەکە لە لایەن پەرلەمانتاری بەریتانی و جێگری سەرۆکی گروپی پەرلەمانیی گشت پارتەکان سەبارەت بە هەرێمی کوردستان رۆبەرت هالفن سەرۆکایەتی دەکرا.

د. هەورامی، لە بەردەم جەماوەرێکدا کە پێکهاتبوون لە ئەندامانی پارتی پارێزگاران و دیپلۆمات و رۆژنامەوان و خاوەنکاران و شرۆڤەکاران، ووتی سامانی ووزەی هەرێمی کوردستان پشتگوێ خراو بوو یان لە دژی کورد بەکاردەهێنرا لەلایەن حکومەتەکانی پێشووی عێراقەوە. د. هەورامی ووتی "لەگەڵ رزگاربوونی عێراقدا، سەردەمێکی نوێ، دەرفەتێک بۆ هاوبەشیپێکردنی دەسەڵات و سامان، هاتە ئاراوە لە عێراقدا. دەستووری عێراق ئاسانکاری لەم بارەیەوە دەکات بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە."

هەروەها، وەزیری سامانە سروشتیەکان ئاماژەی دا بەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تورکیا تەنها وەک کەناڵێک نابینێت بۆ نەوت و غازی کوردستان بەرەو بازاڕەکانی خۆرئاوا، بەڵکو وەک بەکاربەرێک و هاوبەشێکیش دەیبینێت. د. هەورامی تیشکی خستەسەر رۆڵی کۆمپانیا بەریتانیەکانی کەرتی ووزە و ئەوانەشی کە بەگشتی لە ئابووری گەشەکردووی کوردستاندا بەشدارن. هانی کۆمپانیا بەریتانیەکانی دا بەردەوام وەک مەنزڵگەیەک بۆ وەبەرهێنانەکانیان سەیری کوردستان بکەن. "پەیوەندیەکی باشمان هەیە لەگەڵ بەریتانیا و چەندین دەرفەتیش هەیە بۆ کۆمپانیا بەریتانیەکان. بارودۆخەکە بۆ هەردوولا سەرکەوتنی تێدایە."  

بەیان سامی عەبدولڕەحمان لەبارەی ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەولەویەتدان بە گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و پیشەسازی لەپێناو خۆبەدوورگرتن لە پشتبەستنی زیاد لە پێویست بە کەرتی ووزە دوا و ووتی "کوردەکان ئێستا لایەنێکی سەرەکین لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە رووی ئاساییشی ووزە و یەکلاییکردنەوە سیاسیەکانیشدا."

نازم زەهاوی، کە یەکەم ئەندام پەلەمانی بەریتانیایە بە رەچەڵەک کورد بێت، بە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکەی راگەیاند کە چی دی گروپەکانی وەک کورد ناکرێت پشتگوێ بخرێن لەلایەن ئەوانەی دەیانەوێت ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بچەسپێنن. جەین کینینمۆنت رایگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بەوەیە ئابوری خۆی فرەچەشن بکات. هەروەها ووتی "ئەمساڵ سەردانی کوردستانم کرد و قسەم لەگەڵ قوتابیانی لاودا کرد کە جەختیان لەوە کردەوە کە نەوت و غاز بەفێڕۆ نەدراوە و ئابووریش زیاد لە پێویست پشتی پێنەبەستووە. فرەچەشنکردنی ئابووری لایەنێکی زۆر گرنگ دەبێت بۆ ئایندەی کوردستان."

شوان زوڵاڵ هەرێمی کوردستانی وەک سەرچاوەیەکی گەشەکردوو و زیندووی ووزە بۆ ئەوروپا باس کرد و ئاماژەی دا بەوەی کە هەرێمی کوردستان ئومێدەوارە لە داهاتوویەکی نزیکدا یاسای کانزاکانیش دەربکات، کە دەرگای کەرتێکی نوێ لە ئابووری کوردستاندا دەکاتەوە.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا، کە لە شاری مانچستەر ئەنجامدرا، د. ئاشتی هەورامی و بەیان سامی عەبدولڕەحمان چاویانکەوت بە چەند وەزیر و پەرلەمانتارێکی بەریتانیا لەوانەش وەزیری کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەلیستەر بێرت، وەزیری ووزە مایکڵ فالۆن، وەزیری خەزێنە ساجید جاڤید، نوێنەری بازرگانی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لۆرد مارلاند کە بەم دواییانە سەرۆکایەتی شاندێکی بازرگانی کرد بۆ کوردستان. هەروەها چاویان کەوت بە باڵوێزی تورکیا لە بەریتانیا ئوناڵ چەڤیکۆز کە بەخێرهاتنی کردن بۆ پێشوازگەی هاوڕێیانی پارێزگاری تورکیا لە کۆنفرانسی پارتەکەدا.

هەروەها لە مانگی ئەیلولدا، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ئامادەی کۆنفرانسە ساڵانەکانی هەردوو پارتی کار و لیبراڵ دیموکرات بوو. نوێنەرایەتی حکومەتی

هەرێم لە کۆنفرانسی پارتی کرێکاراندا گفتوگۆیەکی رێکخست لەسەر کوردستان بە بەشداری وەزیری سێبەر بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئیان لوکاس، هاوتاکەی لە پارتی کرێکاران لۆرد گلاسمان، باڵوێزی عێراق لە بەریتانیا فایق نێروەیی و بەڕێوەبەری گروپی پەرلەمانیی گشت پارتەکان سەبارەت بە هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا.

 

 

نەخشەکان

شوێنمان کەون لەسەر تویتەر

Follow Us On Twitter - Image

راپۆرتی مانگانە و زانیاری دەربارەی بەرهەمهێنان

بە پێی رێکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق و یاسای بودجەی ٢٠١٥.