دوای چاوپێکەوتنێکی تۆڕی هەواڵی NRT لە بەرواری  13 ی تشرینی یەکەم لەگەڵ دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆکوەزیرانی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێیخۆشە ئەم روونکردنەوانە بدات لەسەر لێدوانەکانی دکتۆر بەرهەم سالح سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەکان لەو ماوەیەدا کە سەرۆکوەزیران بووە.

لە چاوپێکەوتنەکەدا، دکتۆر بەرهەم دەڵێت ئەو کاتەی کە سەرۆکوەزیران بووە ( 09.2009-04.2012)، 42 گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەم ( هاوتایە لەگەڵ 90% ی هەموو گرێبەستەکانی PSC کە تا ئێستا واژووکراون) لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتدا واژووکراون و لەلایەن ئەوەوە لەبەردەم پارلەمان ئاشکراکراون بۆ ئەوەی پەسەندیان بکات.

 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان روونیدەکاتەوە کە بەپێی یاسای نەوت و گازی ساڵی 2007 ی پارلەمانی کوردستان، گرێبەستەکانی نەوت و گاز، پێویست بە پەسەندکردنیان ناکات لەلایەن پارلەمانەوە. لەبەر ئەوەش لە راستیدا گرێبەستەکانی نەوت و گاز کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە واژووکراون لەلایەن پارلەمانەوە پەسەند نەکراون و پێویست بە پەسەندکردنیشیان ناکات. بەپێی یاسای کوردستان، ئەنجومەنی هەرێمی کاروباری نەوت و گاز ئەرکی پەسەند کردنی گرێبەستەکانی هاوبەشکردنی بەرهەم و گرێبەستەکانی دیکەی نەوت و گازی لە ئەستۆدایە کە پێکهاتووە لە سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان و دارایی و سامانە سرووشتییەکان.

لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر دەستپێشخەری خودی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بە پاڵپشتی دکتۆر بەرهەم، گرێبەستەکانی هاوبەشکردنی بەرهەم لەبەردەم لێژنەی نەوت و گازی پارلەمانی کوردستان خراونەتەروو بۆ ئەوەی ئەوان بتوانن هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەو شرۆڤەی خۆیان هەبێت.

 دکتۆر بەرهەم لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵیت ئەو کاتەی کە ئەو سەرۆکوەزیران بووە شیرینی گرێبەستە نەوتییەکان بە شەفافی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەکارهێنراون. ئەوەش تەرخانکردنی زیاتر لە 130 ملیۆن دۆلار لەلایەن دکتۆر بەرهەمەوە بۆ زانکۆی ئەمریکی سلێمانی لەخۆ دەگرێت. دکتۆر بەرهەم دەزانێت هەموو پارەی شیرینی گرێبەستەکان چۆن خەرجکراوە، هەروەها ئاگادارە ئەو پارەیە کە بۆ زانکۆی ئەمریکی سلێمانی تەرخانکراوە لەگەڵ ئەو پارانەی دیکە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کورستانەوە خەرجکران ، پرۆسەی چاودێری دارایی سەربەخۆی ئیستای داهاتە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیانگرێتەوە. دکتۆر بەرهەم دەڵێت ئەو، رێککەوتنی ستراتژی وزەی درێژخایەنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی تورکیای واژوونەکردووە، بەڵام ئەو کاتەی کە ئەو سەرۆکوەزیران بووە، سەرۆکوەزیرانی ئێستای حکومەتی هەرێمی کورستان، نێچیرڤان بارزانی وەک جێگری سەرۆکی پارتی چووە بۆ ئەنقەرە و وەزیری سامانە سرووشتییەکانی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە واژووبکات.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان شانازی دەکات بەو رێککەوتنە مێژووییەوە و پێخۆشە روونیبکاتەوە کە رێککەوتنی ستراتژی وزە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا لە ساڵی 2013 دا لەلایەن نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکوەزیرنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردوغان واژووکرا . هەروەها لە کاتی واژووکردنەکەدا عیماد ئەحمەد ، جێگری سەرۆکوەزیران و هەندێ بەرپرسی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دکتۆر ئاشتی هەورامی ، وەزیری سامانە سرووشتییەکان، ئامادەبوون.

ئێمە هیوادارین ئەمە هەندێ لەو هەڵە تێگەیشتنانە روونبکاتەوە کە رەنگە لە چاوپێکەوتنەکەی سەرۆکوەزیرانی پێشوو لەگەڵ کەنەڵی NRT دا درووستبووبێت. هەرچەندە پێمانوانیە ئامانجی لێدوانەکانی دکتۆر بەرهەم ئەوە بووبێت کە هەوڵیدابێت بیروڕای خەڵک بەلارێدا ببات.

نەخشەکان

شوێنمان کەون لەسەر تویتەر

Follow Us On Twitter - Image

راپۆرتی مانگانە و زانیاری دەربارەی بەرهەمهێنان

بە پێی رێکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق و یاسای بودجەی ٢٠١٥.