هەولێر - حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی مانگانەی هەناردەکردنی نەوت بۆ مانگی ئەیلولی 2015 بڵاو دەکاتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 18,614,798 بەرمیل نەوتی خاوی (واتە تێکڕا 620,478 بەرمیلی رۆژانە)ی لە مانگی ئەیلولدا لە ڕێی تۆڕی بۆری نەوتی کوردستانەوە بۆ بەندەری جیهان لە تورکیا هەناردە کردووە.
لەم بڕە، کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان بە 13,898,548 بەرمیل (واتە تێکڕا بە 463,258 بەرمیلی رۆژانە) بەشداریان کردووە و ئەو کێڵگانەشی کە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە بەڕێوە دەبرێن بە 4,715,794 بەرمیل (واتە تێکڕا بە 168,904 بەرمیلی رۆژانە) بەشداریان کردووە.
بەهۆی چەند بارودۆخێکەوە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندایە، لە مانگی ئەیلولدا هێڵی بۆری هەناردەکردن بۆ ماوی ٢ رۆژ لەکارکەوتووە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەنجامی کاری تێکدەرانە و دزیکردنەوە روویداوە.
لە ئەیلولدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو لە زیادکردنی فرۆشتنی راستەوخۆی خۆی لە بەندەری جیهان بۆ قەرەبووکردنەوەی هەرێم بەرامبەر کەمیی دابینکردنی بودجە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە لە بەغدا.
هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانیدا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ هەموو کێشە هەڵواسراوەکانی پەیوەست بە نەوت و غازەوە و لەم بارەیەوە حکومەتی هەرێم دەرفەتێک دەبێنێت بۆ بەرەوپێشچوونێکی باش لە گفتوگۆکانی داهاتوودا لەسەر بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٦.
بۆ بینینی کۆی راپۆرتەکە،تکایە کلیک لێرە بکە.