هەولێر - ئەمڕۆوەزارەتی سامانە سروشتیەکان بڕیاریدا بە دانی یەکەم بەشی پاداشتە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتیە نێودەوڵەتیە هەناردەکارەکانی کارکەر لە هەرێمی کوردستان، هەر وەک لە بەیاننامەی ٢٧/٨ دا وەزارەت ئاماژەی پێدا بوو.
هاوکات لەگەڵ راوێژی پێشووتری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بە ئەنجوومەنی هەرێمیی کاروباری نەوت و غاز، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بڕی ٧٥ ملیۆن دۆلاری لە داهاتی فرۆشی راستەوخۆی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستانی لە جیهان پەسەند کرد وەک پاداشتی دارایی بۆ ئەوەی بخرێتە سەر حسابی کۆمپانیاکانی تی تی ئۆپکۆ وەک کۆمپانیای کارپێکەری بلۆکی تەق تەق (٣٠ ملیۆن دۆلار)، دی ئێن ئۆ وەک کۆمپانیای کارپێکەری بلۆکی تاوکێ (٣٠ ملیۆن دۆلار)، گەڵف کیستۆن پێترۆلیەم وەک کۆمپانیای کارپێکەری بلۆکی شێخان (١٥ ملیۆن دۆلار).
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بڕیاریدا کە ئەو بڕانە لە ماوەی حەوت رۆژی داهاتوودا بخرێتە سەر حسابی بانکیی ئەم کۆمپانیایانە.
هەناردەی نەوتی خاو سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەرێمی کوردستانە و یارمەتیدەرە بۆ دانی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت و هەروەها بۆ بەردەوامیدان بە خزمەتگوزاریە سەرەکیەکانی حکومەت و بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان دژی تیرۆریستانی داعش.
بە داخەوە، دابەزینی زۆری نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا مانای ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە ململانێدا دەبێت بۆ پڕکردنەوەی لانی کەمی پێداویستیە داراییەکانیی. بەڵام لە هەمان کاتدا زانراوە کە ناواقعیە چاوەڕوان بکەین لە کۆمپانیا نەوتیە نێودەوڵەتیەکان بتوانن بە ئاستەکانی ئێستایان نەوت هەناردە بکەن بەبێ وەرگرتنی هەندێک لە شایستە داراییەکانیان لەسەر بنەمایەکی پیشبینی کراو. دانی ئەم شایستە داراییانە وا دەکات کۆمپانیا هەناردەکارەکان بتوانن تێچووە بەردەوامەکانیان پڕ بکەنەوە و پلان دابنێن
بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە کێڵگە نەوتیەکاندا کە بەمەش بەرهەمهێنان زیاد دەبێت کە یارمەتیدەر دەبێت لە هاوکاریکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا.
کاتێک لەسەرەتای ٢٠١٦ دا بڕەکانی نەوتی هەناردەکراو زیاتر دەبن، حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوان دەکات کە بڕی داهاتی تر بەردەستبخات بۆ دانی پارەی کۆمپانیا نەوتیە نێودەوڵەتیەکان تاکو بگەنەوە بە شایستە داراییەکانی پێشوویان بەپێی گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەش.
دووبارە حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی کۆمپانیا نەوتیە نێودەوڵەتیەکان دەکات بۆ بەشداریەکەنیان لە هەرێمی کوردستان و سەرکەوتنی ئەمساڵیان لە بەرزکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ ئاستە پێوانەییەکان لەم بارودۆخە پڕ گرفتەدا.