هەولێر – سەرەڕای گرفتی گەورەی سیاسی و ئابووری، و کاری تێکدان و دزی لە هێڵی بۆری هەناردەی نەوتی کوردستان لەناو تورکیادا، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان توانیویەتی هەناردەی نەوتی خاو زیاد بکات و ئەوەندەش داهاتی بەدەستهێناوە کە بتوانێت پلانی حکومەتی هەرێم بەدی بهێنێت.

سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی فرۆشی راستەوخۆی نەوت (کە بەهاوبەشی لە مانگی حوزەیراندا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەر پێنج حزبە سیاسیەکەی ناو حکومەتی بنکە فراوان پەسەند کرا) توانای بەخشی بە حکومەتی هەرێم دەست بکات بە دانی تێچووەکانی حکومەت و مووچەی فەرمانبەران. هەروەها بشتوانێت دەستبکات بە دانی موستەحەقاتی کۆمپانیا نەوتیەکان تاکو بتوانن بمێننەوە و ئاستەکانی هەناردەی نەوتیان زیاد بکەن، کە زۆر گرنگە بۆ خۆشگوزەرانی ئابووری هەرێم. 

لە ساڵی ٢٠١٤ دا حکومەتەکەی سەرۆک وەزیرانی پێشوو د. نوری مالیکی تەواوی بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی کە بووە مایەی دروستبوونی قەریرانێکی دارایی گەورە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.

لەو کاتەدا، سەرەڕای توانای سنوورداری هەناردەکردنی نەوت، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، بە پشتگیری ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، خێرا هەستا بە دۆزینەوەی سەرچاوەی دارایی بەدیل بۆ هەرێمی کوردستان لە رێگای ١) زیادکردنی توانای گواستنەوەی هێڵی بۆری نەوت، ٢) زیادکردنی بڕی هەناردەی نەوت، ٣) مسۆگەرکردن و وەرگرتنی پارەی پێشینە لە کڕیارانەوە بەرامبەر دابینکردنی نەوت بۆیان لە داهاتوودا.

لە بەرەنجامی راستەوخۆی ئەو رێوشوێنانەی سەرەوە، هەرچەندە مووچەی وەزارەتەکانی حکومەت نەتونرا لە کاتی خۆیاندا بدرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانی لە رووی داراییەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤ خۆی لە زۆربەی قەیرانەکە دەرباز بکات. بەڵام هەندێک هۆکاری چاوەڕواننەکراوی تر هاتنە ئاراوە و بەشێوەیەکی یەکجار زۆر کاریگەریان هەبوو لەسەر دۆخی دارایی هەرێم، وەکو تێچووەکانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و بارگرانی ئابووری بەهۆی نیشتەجێبوونی یەک ملیۆن و هەشسەد هەزار ئاوارەوە لە هەرێمی کوردستان.

پاشان لە کۆتایی ٢٠١٤ دا، دوابەدوای چەند گفتوگۆیەکی نوێ لەسەر بودجەی حکومەتی فیدراڵ، حکومەتی هەرێمی کوردستان و تەواوی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان (بە هەر پێنج حزبەکەی ناو حکومەتی بنکەفراوانەوە) بڕیاریان دا هەلێک بدەنەوە بە حکومەتی نوێی بەغدا بە سەرۆکایەتی د. حەیدەر عەبادی.

هەموو سەرکردە سیاسیەکانی کوردستان هانی ئەو هاوکاری و هەماهەنگیەیان دا کە لەگەڵ بەغدادا بەدیهات، کە بەشێوەیەکی گشتی بریتی بوو لە پلانێک بۆ دابینکردنی بڕێکی دیاریکراو لە نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ سۆمۆ بەرامبەر تەواوی موستەحەقاتی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٥ کە مانگانە بە نزیکەی یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێنرا و ئەمەش لە یاسای بودجەی فیدراڵی ٢٠١٥ دا چەسپێنرا.

هەرچەندە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان زۆر خۆشحاڵ بوو بە رێکەوتنەکە لەگەڵ بەغدا، بەڵام چونکە شکستخواردنی هەموو رێکەوتنەکانی پێشوومان لەبەرچاو بوو لەبەرئەوە گومانمان هەبوو کە ئایا لە واقعدا بەغدا پاپەند دەبێت بە بەدیهێنانی هەموو ئیلتیزاماتە داراییەکانیەوە بەرامبەر بە کوردستان بەپێی رێکەوتنەکە. سەرباری ئەوە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بە تەواوی هاندەری بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ بەردەوامبوون و چالاکانە هەموو ئەوەی مومکین بوو بەجێی هێنا لەپێناوی ئەوەی پلانەکە بۆ هەردوو لا سەربکەوێت.

بەداخەوە، وەک وەزارەتی سامانە سروشتیەکان پێشبینی کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم پێنج مانگی ٢٠١٥ دا تەنها نزیکەی یەک لەسەر سێی موستەحەقاتەکەی لە بودجەی فیدراڵی لە بەغداوە بۆ هات. ئەمەش بووە مایەی خراپتر بوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و بووە هۆی دواکەوتنێکی بەرچاوی مووچەی کارمەندانی حکومەت لەوانەش مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ.

لەبەرئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان پێشبینی قوڵبوونەوەی مانگانەی قەیرانەکەی کرد، لە بەهاری ٢٠١٥ دا هەستا بە رێکخستنی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غازی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران و سەرکردایەتی سیاسی پێنج حزبەکەی کوردستان و پەرلەمانتارانی کوردستان و پەرلەمانتارە کوردەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ روونکردنەوە و ئاگادارکردنەوەیان لەوەی کە چی لەپێشمان چاوەڕێمان دەکات.

وەزیری سامانە سروشتیەکان واقعە ئابووریەکانی ئەو بارودۆخەی روونکردەوە کە رووبەرووی هەرێم بووەتەوە و هانی دان کردار بنوێنن بۆ پشتگیریکردنی ریفۆرمەکانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکان.

وەزیری دارایی، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پشتگیری کرا، پێشەنگ بوو لەمەدا و پلانی ریفۆرمکردنی داڕشت بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکانی حکومەت و زیادکردنی داهاتی ناپەیوەست بە نەوتەوە لە هەرێمدا.

بەداخەوە، وەزیری دارایی پشتگیری سیاسی پێویستی بەدەست نەهێنا (بە تایبەتی لە هەندێک بڕیار بە دەستی سەرەکی حزبەکەی خۆیەوە) بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەی ریفۆرمە. بەم پێیە، کەمیی بودجەی بەغدا لەگەڵ خەرجیی بەردەوام زیادبووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە هۆی دواکەوتنی زیاتری مووچەی حکومەت و پشتگیریەکان بۆ پێشمەرگە و هێزەکانی تری ناوخۆ.

لە کۆتایی بەهاری ٢٠١٥ دا، ئامادەنەبوون یان نەتوانینی بەغدا بۆ ناردنی بەشە بودجەی شایستەی هەرێمی کوردستان ئاشکرا بوو بۆ حکومەتی هەرێم و تەواوی سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان. بەڵام سەرباری ئەو بەڵگە روون و ئاشکرایانە، سەرکردایەتی سیاسی هەرێم هیچ کردارێکی نەنواند بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو واقعە نوێیەی کە بەرەوخراپتر دەچوو.

تەنها لە ناوەڕاستی حوزەیراندا حزبە سیاسیەکانی کوردستان بە نابەدڵیەوە رازی بوون بەو پێشنیارەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کە دەمێک بوو پێشکەشی کردبوو بۆ فرۆشتنی راستەوخۆی نەوتی هەرێم لەپێناو دابینکردنی هیڵێکی ژیانی راستەوخۆ و پێشبینی کراوی ئابووری بۆ هەرێمەکەمان.

ئەو بڕیارە سیاسیە لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٥ دا چووە واری جێبەجێ کردنەوە. بەرنامەکەش پێکهاتبوو لەمەی خوارەوە:

  • وەزارەتی سامانە سروشتیەکان هەستێت بە زیادکردنی هەناردە بۆ ٥٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە لە نەوتی خاوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بە گریمانەی ئەوەی هیچ وەستانێکی دەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەت لە بۆری نەوتدا و هیچ دەستێوەردانێکی سیاسی یان پەشیمانبوونەوەیەک لە بڕیارەکە روونادات.
  • گریمانەی ئەوە کرا و ئومێد هەبوو کە تێکڕای نرخی بەرمیلێک لە ٥٥ دۆلاردا دەمێنێتەوە بۆ باقی ساڵی ٢٠١٥.
  • لەبەرئەو گریمانانەی سەرەوە، چاوەڕوان دەکرا مانگانە نزیکەی ٨٥٠ ملیۆن دۆلار بەدی بێت بۆ دانی تێچووە بەردەوامەکان و مووچەی حکومەت و هەرەوها بۆ دانەوەی مووچە دواکەوتووەکان.
  • وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەرپرسیارێتی دۆزینەوەی کڕیارەکانی نەوتی خاوی پێ سپێردرا و هەروەها داوای لێکرا بگاتە رێکەوتن لەگەڵ کڕیارانی پێشووی نەوتی هەرێمدا بۆ دواخستنی دانەوەی موستەحەقاتەکانی ٢٠١٤یان بەرامبەر پارەی پێشینە تاکو ٢٠١٦ بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت مانگانە ٨٥٠ ملیۆن دۆلاری تەواو بەدەست بهێنێت لە ماوەی ٢٠١٥ دا.
  • گریمانەی ئەوە کرا کە مانگانە ٨٥٠ ملیۆن دۆلار بەس دەبێت بۆ لادانی بڕێک پارە بۆ دانی موستەحەقاتی ئەو کۆمپانیا نەوتیە نێودەوڵەتیانەی کە نەوت هەناردە دەکەن تاوەکو بتوانن ئاستەکانی هەناردەکردن بپارێزن و زیادیشی بکەن، بەمەش داهات زیاتر بکرێت.
  • هەروەها رێکەوتنیش کرا لەسەر ئەوەی کە وەزارەتی دارایی بەرپرس دەبێت لە وەرگرتنی هەموو داهاتی نەوت لە بانکی نێودەوڵەتی کوردستان و هاڵک بانک (لە تورکیا).
  • لە سەرەتای تەمموزدا، بڕیارێکی تری حکومەتی هەرێم کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئیمزا کرا، دەسەڵاتی بەخشی بە وەزیری دارایی بۆ بەڕێوەبردنی جوڵەی پارە لە حسابی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هاڵک بانک.
  • هەروەها رێکەوتن کرا لەسەر ئەوەی کە هەموو داهاتێکی تریش، کە ناچێتە سەر حسابی هاڵک بانک لەبەر هەر هۆکارێک، دەبێت ئاراستەی حسابی وەزارەتی دارایی بکرێت لە بانكی نێودەوڵەتی کوردستان.

بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی سەرەوە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ئەمانەی خوارەوەی ئەنجامدا:

  • دەستبەجێ گرێبەستی لەگەڵ بازرگان و کڕیاری بەئەزموونی نێودەوڵەتی نەوت ئیمزاکرد، ئەمەش پرۆسەیەک بوو لە هەفتەی سێهەمی حوزەیرانی ٢٠١٥ دا لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غازی هەرێمەوە پەسەند کرا.
  • وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کڕیارانی ناچار کرد مانگانە گەرەنتیی دانی ٨٥٠ ملیۆن دۆلار بدەن بە گریمانەی ئەوەی تێکڕای ئاستەکانی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەدی دێن.
  • وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بە ر‌ێکەوتن هەموو ئەو بازرگانانەی قایل کرد بە دواخستنی وەرگرتنەوەی نەوت لەبەرامبەر پارەکانیان کە پێشینە لە ٢٠١٤دا درابوون تاکو ساڵی ٢٠١٦.
  • هەرچەندە، لە رووی کرداریەوە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان رووبەڕووی چەندین وەستانی گەورە بوەوە لە بۆری نەوتەکەدا لەناو تورکیا بەهۆی کاری تێکدەرانە و دزینەوە، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی ئاستەکانی هەناردە و بەفیڕۆچوونی داهات بە بڕی ٥٠١ ملیۆن دۆلار (هەفتەی رابردوو ووردەکاریەکان لەمبارەیەوە بڵاوکرایەوە)، بەداخەوە هەندێک لە سیاسەتمەدارانی ناوخۆمان پێدەچوو زۆر ‌هێواش بن لە ئیدانەکردنی ئەو کارە تێکدەرانانە کە روویاندا لە تورکیا تاکو کردەوەی هاوشێوە لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە.
  • کەمی هەناردەکردن لەلایەن هەرێمەوە کە لە گرێبەستەکاندا رێکەوتنی لەسەر کرابوو وای لە کڕیاران کرد بتوانن پابەند نەبن بە دانی بڕی ٨٥٠ ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا، بەڵام تەنانەت ئەو کاتەش دووبارە بازرگانەکان قایل کران کە دانی بڕە پارەکان لەو حاڵەتانەشدا نەبڕن.

سەرباری هەموو ئەم گرفتانە، نرخی نەوتی خاو لە ئێستادا بە بەراورد بە نرخەکەی لە ناوەڕاستی حوزەیرانی ٢٠١٤ دا بە نزیکەیی بە رێژەی ٢٠% دابەزیوە.

سەرباری هەموو ئەو کۆسپانەی سەرەوە، ئەم بڕە پارانەی خوارەوە لە ماوەی شەست رۆژدا لە ٢٤ی حوزەیرانەوە بۆ ٢٤ی ئاب دەستەبەرکراون و دەکرێن.

آ) لە ٢٠ی ئابەوە، كڕیارەکانی نەوتی هەرێم بڕی 1.24 ملیار دۆلاریان خستووەتە سەر حساب لە بانکی نێودەوڵەتی کوردستان لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی – بەدواداچوونکردن لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی کوردستاندا دەربارەی بەڕێوەبردن و جوڵەی ئەو بڕە پارە وەگیراوانە ئیشی وەزارەتی داراییە.

ب) بڕێکی تر کە بریتیە لە 187.5 ملیۆن دۆلار لە ٢١ی ئابدا لەلایەن کڕیارەکانەوە دەخرێتە سەر هەمان حساب لە بانکی نێودەوڵەتی کوردستان (واتە ئەمڕۆ).

ت) بڕێکی تر کە بریتیە لە 125 ملیۆن دۆلار لە ٢٤ی ئابدا دەخرێتە سەر هەمان حساب لەلایەن كڕیارەکانی نەوتی هەرێمەوە.

پ) واتە کۆی گشتی 1.55 ملیار دۆلار بەدەستهاتووە کە زیاترە لەو بڕەی بەڵێنی لێدرابوو بەپێی ئەو رێکەوتنانەی لەگەڵ بازرگانەکاندا کرابوو سەرباری کەمبوونەوەی هەناردەکردنی نەوت بەهۆی وەستانەکانەوە و بە لەبەرچاوگرتنی تێچووی ئەو بەرهەمە پاڵێوراوانەی کە كڕڕاون و لەخوارەوە ئاماژەی پێدراوە.

ج) هەروەها حکومەتی هەرێم هەستاوە بە كڕینی بەرهەمە پاڵێوراوەکان، کە بایی 134.0 ملیۆن دۆلار بووە بە ئاڵوگۆڕی نەوتی هەناردەکراو بەرامبەر دیزڵ بۆ ویستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان. لەبەرئەوە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان زۆر باش لەپێش خشتەکەیە بۆ کۆکردنەوەی پارە بە بەراورد لەگەڵ بەرنامە پەسەندکراوەکە سەرباری کۆسپەکان و وەستانەکانی بۆری هەناردەکردن.

بەڕێوەبردنی پارە و حەواڵەکردنی لەرێگەی بانکی نێودەوڵەتی کوردستان و هاڵک بانکەوە تەنها بە وەزارەتی دارایی سپێردراون. بەڵام وەزارەتی دارایی نەیتوانیوە هەموو داهاتەکانی نەوت بهێنێتەوە ناو هەرێمی کوردستان لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

  • وەزارەتی دارایی نەیتوانیوە رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ ئەوەی وەزیری دارایی بەرپرسیارێتی دارایی وەربگرێت بەرامبەر هاڵک بانک بۆ گواستنەوەی پارە بۆ کوردستان. دەوترێت ئەمەش بەهۆی دەستێوەردانی راستەوخۆی سیاسیەوە بوبێت لەلایەن هەندێ کەسی ناو حزبەکەی خۆیەوە بۆ ئەوەی پەنجەی لۆمەکردن ئاراستەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بکرێت لەسەر دواکەوتنی مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی حکومەت.
  • هەروەها چەند کۆسپێکی زانراو هەن دەربارەی هێنانی دۆلار بۆ ناو کوردستان لە کاتی گونجاودا لە رێگەی بانکی نێودەوڵەتی کوردستانەوە و لە گۆڕینەوەیدا بۆ دینار بۆ پێدانی مووچە. وەزارەتی دارایی سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ ئەم کۆسپانە، و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیش هەمیشە ئامادەبووە بۆ هاوکاریکردن گەر پێویست بووبێت.

بە کورتی

  • وەزارەتی سامانە سروشتیەکان پابەندە بە ئەرکەکانیەوە و بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکانی بە خەڵکی کوردستان.
  • وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەسەر بنەمای پیشەیی و تەکنیکی کار دەکات لە هەموو بەشەکانیدا، بە پێچەوانەی ئەو خورافاتانەی کە لە لایەن هەندێک سیاسەتمەدار و میدیاکانیانەوە بڵاو دەکرێنەوە؛ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان رێگە بە دەستێوەردانی حزبی نادات لە کارەکانیدا.
  • وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەرگری لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دەکات دژی دەستێوەردانی سیاسی نەگونجاو و پێشەنگە لە زامنکردنی سەقامگیری ئابووریدا بۆ کوردستان و داهاتووەکەی.
  • وەزارەتی سامانە سروشتیەکان پێی وایە وەزیری دارایی ئیشێکی زۆر باش دەکات لە وەزارەتەکەیدا، بەڵام بۆ ئەوەی کاریگەرتر و سەرکەتووتر بێت، نابێت بەهۆی دەستێوەردانی سیاسیەوە کۆسپی بۆ دروست بکرێت بەشێوەیەک ببێتە مایەی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
  • پێویستە دەستبەجێ وەزیری دارایی پشتگیری بکرێت و رێگەی پێبدرێت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی دەربارەی ریفۆرمی ئابووری، و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیش شان بە شان ئامادەی هاوکاریە لەم پرۆسەیەدا.
  • وەزارەتی سامانە سروشتیەکان متمانەی هەیە کە، بە مەرجێک وەستانی گەورە لە هەناردەکردنی نەوتدا روو نەدات ئیدی لەرێگەی کاری تێکدەرانەوە بێت یان لەرێگەی دزیەوە یان لەرێگەی دەستێوەردانی سیاسیەوە یان لەرێگەی پەشیمان بوونەوەوە لە سیاسەتە پەسەندکراوەکانی هەناردەکردن، ئەوا دەکرێت پێداویستیە دەستبەجێکانی خەڵکی کوردستان بەدی بهێنرێن لەرێگەی فرۆشتنی راستەوخۆی نەوتەوە.
  • هەروەها پێویستە دەرگاکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە کراوە بمێننەوە بۆ دایەلۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ هاوڕێ بەرپرسەکانمان لە بەغدا لەسەر دۆزینەوەی رێگاچارە بۆ هەموو کێشە هەڵپەسێراوەکان سەبارەت بە نەوت و غاز و پەرەپێدانی هاوکاری درێژخایەن.
  • لە کۆتاییدا، ئەگەر حزبە سیاسیەکانمان پێشتر پشتگیری حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بکردایە بۆ ئەوەی زووتر مامەڵەیان لەگەڵ پابەندنەبوونی بەغدادا بکردایە بۆ نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم، ئەوا دەمانتوانی بارگرانی قەیرانە داراییەکە لەسەر هەرێمەکەمان کەمتر بکەینەوە. بەڵام لەم قەیرانەی ئێستادا، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان داوا لە هەموو حزبە سیاسیەکانی کوردستان دەکات ئەجێندا کورتبین و زیانبەخشەکانیان وەلاوەنێن و نەوت وەک فوتبۆڵیکی سیاسی بەکارنەهێنن چونکە ئەمە بووەتە مایەی پەک خستنی توانامان بۆ پاراستنی متمانەی کڕیاران و ‌بەردەوامبوونی وەبەرهێنانی کۆمپانیا نەوتیەکان لە هەرێمەکەماندا.

نەخشەکان

شوێنمان کەون لەسەر تویتەر

Follow Us On Twitter - Image

راپۆرتی مانگانە و زانیاری دەربارەی بەرهەمهێنان

بە پێی رێکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق و یاسای بودجەی ٢٠١٥.