هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (mnr.krg.org) – حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە وادەی دیاریکراوەوە بۆ جێبەجێکردنی رێکەوتنەکەی بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا، و هاوکارە لە زیادرکردنی هەناردە و داهاتی نەوتدا لە کاتێکی یەکجار گرنگدا بۆ سەقامگیری و یەکێتی ووڵات.
هاوشان لەگەڵ پابەندبوونی بە بەندەکانی یاسای بوجەی فیدراڵی ٢٠١٥ ەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان تاکو کۆتایی شوبات نزیکەی ٩٧% ی بڕی رێکەوتن لەسەرکراوی لە نەوتی خاو بۆ سۆمۆ لە بەندەری جیهانی تورکی ناردووە. (بڕوانە خشتەی هاوپێچ)
لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕواندەکات حکومەتی فیدراڵی پابەندبوونەکانی بەدی بهێنێت بەپێی یاسای بودجە و شایستەی مانگانەی یاسایی لە بەشی خۆی لە بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات، لەگەڵ بڕی تەرخانکراوی تایبەتی رێکەوتن لەسەرکراو لە پارە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.
ووردەکاری ئەو گفتوگۆیانەی کە بوونە هۆی تێپەڕاندنی بودجەی ٢٠١٥ لە خوارەوە روونکراوەتەوە:
رێکەوتنە کاتیەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ٢٠١٤
بەندەکانی پەیوەست بە نەوتەوە لە یاسای بودجەی فیدراڵی ٢٠١٥ دا لە ئەنجامی زنجیرەک دەستپێشخەری نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری نەوتی نوێی فیدراڵی هاتنە ئاراوە. لە ئارەزوویەکی دوو لایەنەوە سەرچاوەیان گرت بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکیە زیانبەخش و درێژخایەنەکان لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و بڕە تەرخانکراوەکانی بودجە بۆ هەرێم کە لەلایەن ئیدارەی پێشووەوە لە بەغدا دروستبوبوون.
لە تشرینی دووەمی ٢٠١٤ دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە رێکەوتنێکی کاتی لەگەڵ بەغدا بۆ دابینکردنی بڕی ١٥٠،٠٠٠ بەرمیل رۆژانە لە نەوتی بەرهەمهێنراوی خۆی بۆ سۆمۆ لە بەندەری جیهان. لە بەرامبەردا، حکومەتی فیدراڵ رازی بوو بە ناردنی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەر یەکێک لە سێ مانگی کۆتایی ٢٠١٤. حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی نەوتەکەی دابینکرد و بەغداش پارەی مانگی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی نارد، بەڵام پارەی مانگی کانوونی یەکەمی نەنارد.
سەرباری ئەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو لە رێبازی پراگماتیکی و بنیاتنەرانەی خۆی و لە کانوونی یەکەمدا گەیشتە رێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کە حکومەتی هەرێم لە ٢٠١٥ دا تێکڕای ٢٥٠،٠٠٠ بەرمیل لە نەوتی خاوی کوردستان رۆژانە بۆ سۆمۆ دابین دەکات لە بەندەری جیهان، و ئاسانکاری دەکات بۆ هەناردەکردنی ٣٠٠،٠٠٠ بەرمیل رۆژانە لەو کێڵگە نەوتیانەی کەرکوکەوە کە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورە کاریان پێدەکرێت – واتە تێکڕا کۆی ٥٥٠،٠٠٠ بەرمیل رۆژانە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رازی بوو بە ئاسانکاریکردن بۆ رۆیشتنی نەوتی قەتیسبووی کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە رێگای بۆریە نەوتیەکانی خۆیەوە بەرەو تورکیا. هێڵی بۆری سەرەکی عێراق-تورکیا لە سەرەتای ٢٠١٤ ەوە لە لایەن داعشەوە تێکشکێنراوە و لەو کاتەوە لە کار کەوتووە.
رێکەوتن کرا لەسەر ئەوەی کە ئەم رێکخستنە نوێیەی هەناردەکردن لە بودجەی فیدراڵی ٢٠١٥ دا بچەسپێت.
ئەمەش بە هەنگاوێکی سەرەتایی گرنگ دانرا بۆ دروستکردنی متمانە لەنێوان هەردوو لادا و بۆ رێگەخۆشکردن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی گشتگیر لەسەر هەموو مەسەلە هەڵپەسێراوەکانی پەیوەست بە نەوت و غازەوە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا.
٨ ی کانوونی دووەم – تێگەیشتنی لایەنەکان
کۆبوونەوەیەکی تری باڵای دوو لایەنە لە ٨ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ دا لە وەزارەتی نەوت لە بەغدا ئەنجامدرا بۆ بەرفراوانکردن و باشترکردنی ئەو هاوکاریە نوێیەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی فیرداڵ.
کۆبوونەوەکە، کە وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێکەوتن:
- لە یەکەم سێ مانگی ٢٠١٥ دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ٣٧٥،٠٠٠ بەرمیل رۆژانە، وەک رێژەیەکی تێکڕایی رۆژانە، دەنێرێت بۆ سۆمۆ.
- بۆ باقی ساڵەکە، بڕە گواستراوەکان بەرز دەبنەوە بۆ زیاتر لە ٦٠٠،٠٠٠ بەرمیل رۆژانە بۆ تەواوکردنی رێژە تێکڕاییە رۆژانەکە کە بریتیە لە ٥٥٠،٠٠٠ بەرمیل رۆژانە بۆ هەموو ساڵەکە.
- هەردوو لا رازی بوون بۆ دانانی نوێنەرایەتی هاوبەش لە "هەموو ئەو شوێنانەدا کە لایەنەکان بوونیان هەیە،" بە تایبەتی لە جیهان، فیشخابوور (وێستگەی پێوانەکردنی سنووری عێراق-تورکیا) و ئاڤانا.
- دانانی سیاسەتێکی هاوبەشی یەک-نرخی لەلایەن هەردوو لاوە بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو لە بەندەری جیهان لە ١ی شوباتی ٢٠١٥ ەوە، لەگەڵ راگەیاندنی مواسەفاتی هاوبەشی نەوتی خاو.
- دابینکردنی غازی سروشتی خاو لە کێڵگەکانی بای حەسەن و ئاڤاناوە بۆ دەزگای غازی باکوور (بۆ بەکارهێنانی لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە).
- پێشکەشکردنی هاوکاری بە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک دابینکردنی کەرەستەی یەدەگ و پسپۆڕ لەپێناو سیانەکردنی ویستگەی پەمپی ئاڤانا (ویستگە تۆڕبایینیەکان).
- پشکنینی هەردوو یەکەی جیاکردنەوەی غازی سارد (لە لایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە) لە هەنجیرە و شۆراو بۆ بەکارهێنان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە.
- وەرگرتنی غازی خاو لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و چارەسەرکردنی لە دەزگای غازی باکوور و گێڕانەوەی غازی چارەسەرکراوی ووشک بۆ بەکارهێنانی لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە.
- بەشداربوونی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە پلانی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و لە لیژنەی دانانی نرخ و هەرەوەها کردنەوی نووسینگەی پەیوەندیداری هەردوو وەزارەت (وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و وەزارەتی نەوت) بۆ هەماهەنگی و بەدواداچوون.
- پاش پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵی ٢٠١٥، گفتوگۆکان لە بەرزترین ئاستدا ئەنجام دەدرێن بۆ چارەسەرکردنی هەموو مەسەلە هەڵواسراوەکانی پەیوەست بە نەوتەوە.
ووردەکاری خشتەی هەناردەکردنی ٢٣ی کانوونی دووەم
لە کۆبوونەوەیەکی دواتردا کە لە ٢٢ – ٢٣ی کانوونی دووەمدا ئەنجامدرا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ رێکەوتن لەسەر خشتەیەکی وورد بۆ ناردنی بڕەکانی نەوت بۆ سۆمۆ لە بەندەری جیهان، واتە ٢٥٠،٠٠٠ بەرمیل رۆژانە لە کیڵگەکانی کوردستانەوە و ٣٠٠،٠٠٠ بەرمیل رۆژانە لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە (بڕوانە خشتەی هاوپێچ).
پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵی ٢٠١٥
بەرامبەر ئەم پێشینەیە لە رێکەوتن و تێگەیشتنەکان، بودجەی فیدراڵی، بە بەندەکانی پەیوست بە نەوت و غاز و پارەی تایبەتی پێشمەرگەوە، لە لایەن پەرلەمانەوە لە ٢٩ی کانوونی دووەمدا لە بەغدا پەسەند کرا.
بودجەکە ئەم بەندانەی خوارەوەی بە روونی تێدا چەسپێنرا:
ماددەی یەک (ب)
حسابکردنی داهاتەکانی بەدەستهاتوو لە هەناردەکردنی نەوتی خاوەوە لەسەر بنەمای تێکڕای نرخێک کە (٥٦) دۆلارە بۆ یەک بەرمیل و تێکڕایەکی هەناردەکردن کە (٣،٣٠٠،٠٠٠) بەرمیل رۆژانەیە، لەوانەش (٢٥٠،٠٠٠) بەرمیل رۆژانە لە نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان و (٣٠٠،٠٠٠) بەرمیل رۆژانە لە نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو لە رێگەی پارێزگای کەرکوکەوە و تۆمارکردنی هەموو داهاتە بەدەستهاتووەکان، وەک داهاتیی کۆتای راستەقینە، لە حسابی خەزێنەی گشتی دەوڵەتدا.
ماددەی ١٠
یەکەم:
پشکی هەرێمی کوردستانی عێراق بە (١٧%)ی سەرجەمی خەرجیەکان دیاریکراوە (کە روونکراوەتەوە لە خەرجیەکانی حاکیمەدا) و هاوپێچە بەم یاسایەوە و لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە دەدرێت.
دووەم:
پشکی ١٧% ی هەرێمی کوردستان لە کۆی فیعلی خەرجیەکان دیاری دەکرێت.
پێنجەم:
تەرخانکردنی رێژەیەک لە تەخسیساتی هێزی پیادەی فیدراڵی سوپای عێراق بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەپێی رێژەی دانیشتوان، بەو پێیەی بەشێکە لە دەزگای ئاساییشی عێراق.
ماددەی ١١
سێهەم:
ئەگەر هەر لایەک (حکومەتی فیدراڵ، حکومەتی هەرێمی کوردستان) پاپەندبوونەکانی خۆی پەیوەست بە نەوت و داراییەوە بەدی نەهێنا کە رێکەوتنی لەسەرکراوە لەم بودجەیەدا، ئەوا لایەنەکەی تر ناچار نیە بە بەدیهێنانی پاپەندبوونەکانی خۆی ئەگەر پابەندبوونی پەیوەست بە نەوتەوە بن یان دارایی.
هاوکاری تەکنیکی پاش بودجە
نەوتی خاوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای نەوتی باکوور لە رێگەی هێڵی بۆریەکانی کوردستانەوە دەگوازرێتەوە بۆ تانکیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جیهانی تورکیا. لەوێوە دەکرێت بگوازرێتەوە بۆ تانکیەکانی سۆمۆ.
لە لایەن هەردوو لاوە دانیپێدانراوە کە بەهۆی پێویستیە تەکینکیەکانی ئەو ژێرخانەی کە کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور و بۆریەکانی حکومەتی هەرێم پێکەوە دەبەستێتەوە، کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور ناتوانن لە چارەکی یەکەمی ٢٠١٥ دا بڕی ٣٠٠،٠٠٠ بەرمیل رۆژانە پێشکەش بکەن.
هەنووکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی باشترکردنی هێڵی بۆری خورمەڵە-فیشخابوورە لەسەر تێچووی خۆی بۆ زیادکردنی توانستی بۆریەکە. وا چاوەڕواندەکرێت ئەم کارە لە کۆتایی مانگی ئازاردا تەواو ببێت. کاتێک توانستی بۆریەکە لە کەرکوکەوە زیادی کرد، ئەوا چاوەڕواندەکرێت بڕی نەوتیش لە کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات بۆ بەدیهێنانی تێكڕای ساڵانەی مەبەست کە بریتیە لە ٣٠٠،٠٠٠ بەرمیل رۆژانە و بەدیهێنانی ئەو بەشەی خۆی لە پابەندبوون بۆ بڕی ٥٥٠،٠٠٠ بەرمیل رۆژانە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رازیە لە ئاستی هاوکاری تەکنیکی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکوک بەڵام هێشتا چاوڕێی جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی حکومەتی فیدراڵە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری تەکنیکی بەپێی بەندەکانی رێکەوتنی ٨ ی کانوونی دووەم (پەرەگرافی ٦ لە تێگەیشتنی ٨ ی کانوونی دووەم). حکومەتی هەرێم پاپەندبوونەکانی خۆی بەدیهێناوە بەپێی ئەو رێکەوتنە.
وەستانی کار و چالاکیەکان
شایانی تێبینی کردنە کە لە یەکەم دوو مانگی ٢٠١٥ دا، چەندین وەستانی بەرچاوی هەناردەی نەوت روویانداوە لە عێراقەوە بەهۆی وەستانی رۆیشتنی نەوتەوە لە بۆریدا لە بەرە تورکیەکەی سنوورەوە. لە کانوونی دووەم و شوباتدا، ئەم جۆرە وەستانانە بوونەتە هۆی لانی کەم ١٥% ی نوقسانی بڕی فەراهەم لە بۆریدا. (بڕوانە خشتەی هاوپێچ)
ئەم جۆرە وەستانانە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نین و وەک حاڵەتی ناچاریی دادەنرێن لە لایەن هەموو لایەنەکانەوە.
هەروەها شایانی تێبینی کردنە کە پڕبوون یان نەمانی جێگە لە تانکیەکانی سۆمۆ لە بەندەری جیهان وای لە سۆمۆ کردووە لە چەند بۆنەیەکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادار بکاتەوە کە لە توانایاندا نیە بە پێی خشتەی پێشکەشکردنی پلان بۆ دانراو نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت. ئەو کاتەی سۆمۆ نەوت دەنێرێت بۆ تانکەرەکانی یان بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکانی، ئەوا ناتوانێت هیچ نەوتێک لە تانکیەکانی حکومەتی هەرێمەوە وەربگرێت.
بە کورتی
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندی رێکەوتنی نەوتە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا و پابەندیش دەبێت بە یاسای بودجەی ٢٠١٥ ەوە.
لەسەر رێچکەی خۆیەتی بۆ پێشکەشکردنی بڕە بەڵێندراوەکانی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان بۆ سۆمۆ لە بەندەری جیهان، و هەروەها ئاسانکاری دەکات بۆ هەناردەکردنی نەوتی بەرهەمهاتووی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک.
خشتە هاوپێچەکانی ئەم راگەیەنراوە بە روونی پیشانی دەدەن کە پابەندبوونی رێکەوتن لەسەر کراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی نەوت بۆ حکومەتی فیدراڵ بەدیهاتووە.
زانیاری زیاتر لەسەر بڕی نەوتی رێکەوتن لەسەرکراوی حکومەتی هەرێم بۆ حکومەتی فیدراڵ لە بەندەری جیهان لە ٢٠١٥ دا لەم (خشتە هاوپێچەدا) هەیە و لەم گرافیکەشەدا خراوەتەڕوو.
تاوەکو ئەمڕۆ، حکومەتی فیدراڵ کەمتر لە ٢٠% ی پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بودجە بۆ مانگی کانوونی دووەم دابینکردووە و هیچیشی بۆ مانگی شوبات دابین نەکردووە.