هەولێر - ئەم بەیانیە، ئەندامانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پاراستنی نەوتی کەرکوک جوڵان لەپێناو پاراستنی ئاساییشی کێڵگە نەوتیەکانی بای حەسەن و ناوچەی مەخمور پاش ئەوەی زانرا بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە بەغدا فەرمانیان کردووە بە زیانگەیاندن بەو هێڵی بۆریەی کە بەم دواییانە دوو لایەنە رێکەوتنی لەسەر کرابوو و کێڵگەی ئاڤانا دۆم دەبەستێتەوە بە کێڵگەی خورمەڵەوە.

ئێستا کێڵگەی بای حەسەن و کێڵگەکانی تری قەزای مەخمور بە سەلامەتی لەژێر بەڕێوەبردنی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان. حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕواندەکات بەرهەمهێنان لەم کێڵگانەدا بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوام بێت. کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی باکوور کە پێشتر ئەم کێڵگانەیان ئیشپێکردووە ئاگادارکراونەتەوە کە لە سبەینێوە چاوەڕێیان لێدەکرێت هاوکار بن لەگەڵ بەڕێوەبردنی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. ئەوانەی نایانەوێت هاوکاربن دەتوانن بڕۆن.   

مەبەست لە نەخشەکێشان و دروستکردنی ئەو بۆریە نوێیەی کە خورمەڵە بە ئاڤاناوە دەبەستێتەوە بە تەواوی ئاسانکاریکردن بووە بۆ هەناردەکردن لە کێڵگەکانی مەخمور و ئاڤانا و ناوچەکانی کەرکوک لەرێگەی تۆڕی ‌هێڵی بۆری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەپێناو یارمەتیدانی زیادکردنی داهات بۆ خەڵکی عێڕاق لەم کاتی پێویستیە زۆرەدا و لە کاتێکدا زۆربەی هێڵی بۆری عێراق– تورکیا لەژێر کۆنترۆڵی داعشدایە.

ئەم ژێرخانە نوێیە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروستکراوە و پارەی دراوە و حکومەتی هەرێم بە هاوکاری تەواوەوە کاری لەگەڵ بەرپرسان و ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکووردا کردووە. بەڵام رۆژی پێنچشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان زانی کە هەندێک بەرپرسی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی فەرمانیان کردووە بە ژمارەیەک لە کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ ئەوەی هاوکاریان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بووەستێنن و وەلفەکانی بۆریە نوێیەکە لێبکەنەوە یان لەکاریان بخەن.

کێڵگەکانی ئاڤانا و مەخمور لە مانگی ئازارەوە نەیانتوانیوە هەناردە بکەن چونکە بۆری سەرەکی عێراق– تورکیا بەهۆی هێرشە تیرۆریستیەکانەوە شکێنراوە. هێڵی بۆری سەرەکی عێراق بەزۆری دەکەوێتە ئەو ناوچەیەی کە بەم دواییانە لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە تەسلیمی داعش کرا.

سەرباری نەتوانینی هەناردەکردن و وەستانی پاڵاوتن لە بێجی، کێڵگەکانی ئاڤانا و مەخمور نزیکەی ١١٠،٠٠٠ بەرمیل نەوتیان رۆژانە بەرهەم دەهێنا و بڕی غازەکەی ناویشیان سوودی لێوەردەگیرا بۆ یارمەتیدانی ئیشپێکردنی کارگەی بوتڵی غازی کەرکوک.

بەڵام لەبری بەکارهێنانی بۆریە نوێیەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوتە بەرهەمهێنراوەکە، بەپرسانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لەلایەن بەغداوە فەرمانیان پێکرا بۆ گێڕانەوەی نەوتەکە بۆ کێڵگەیەکی بچووک و بەکارنەهێنراوی کەرکوک. ئەم بڕیارە، کە پاڵنەری سیاسی لە پشتە، دەبووە هۆی زەرەر و زیانێکی گەورە بە کێڵگەکە و بەفیڕۆچوونی هەمیشەیی زۆربەی ئەو نەوتەی کە گێڕابوەوە. هەروەها دەبووە هۆی بێ بەشکردنی خەڵکی عێراق لە داهاتی هەناردەکردنی نەوت کە لە ئێستادا پێویستیەکی گەورەیە.

لە ئێستا بەدواوە، بەرهەمی ئەو کێڵگە نوێیانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان بەکار دەهێنرێت بۆ پڕکردنەوەی کەمی بەرهەمە پاڵێوراوەکان لە بازاڕی ناوخۆدا. ئەمەش باری سەرشانی هاوڵاتیانی ئاسایی سووک دەکات کە لە ئەنجامی شکستی دەسەڵاتی فیدراڵیەوە بۆ پاراستنی ژێرخانی نەوت لەو ناوچەیەدا دروستبووە.

هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان پشکی دەستووری داهاتی نەوت کە لەم کێڵگانەوە بەدەستدێت وەردەگرێتەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە داراییە گەورەیەی کە بەهۆی بڕینی نایاسایی پشکی ١٧٪ ی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی لەلایەن بەغداوە دروستبووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرگای کراوە بووە و هەمیشەش کراوە دەبێت بۆ هاوکاریکردن و هەماهەنگی کردن لەگەڵ بەغدا بەپێی ماف و بەپرسیارێتیەکانی هەرێمەکان هەر وەک لە دەستووری عێراقدا هاتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا ئومێدەوارە کە بەغدا واز بهێنێت لە پیادەکردنی سیاسەتی ئابڵوقەی سیاسی و ئابووری سزائامێز دژی هاوڵاتیانی کوردستان.

رووداوەکانی ئەم بەیانیە دەریانخست کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر پاراستن و بەرگریکردن لە ژێرخانی نەوتی عێراق هەر کاتێک لەژێر هەڕەشەدا بێت بەهۆی کردەوەی تیرۆریستی یان، لەم حاڵەتەدا، بەهۆی تێکدانێکەوە کە پاڵنەری سیاسی لە پشتەوەیە.

 

 

نەخشەکان

شوێنمان کەون لەسەر تویتەر

Follow Us On Twitter - Image

راپۆرتی مانگانە و زانیاری دەربارەی بەرهەمهێنان

بە پێی رێکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق و یاسای بودجەی ٢٠١٥.