وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تاوێى هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى یاداشتنامەى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم و حکومەتى فەرەنسا کە ماوەى سێ ساڵ دەخایەنێت و تایبەتە بە کورسى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا و خولى ڕاهێنان بۆ مامۆستا و فەرمانبەران لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا دەکات.
تاوتوێکردنى ئەم تەوەرانە ئەمڕۆ پێنجشەمە ڕێکەوتى (٢١/١١/٢٠١٩) لەمیانى پێشوازیکردنى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هات لە (ئۆلیڤێ دیكۆتێنێز) کونسوڵى فەرەنسا لە هەرێمى کوردستان، کە هەریەک لە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون.
لەسەرەتاى دیدارەکەدا کونسوڵى فەرەنسا لە هەرێمى کوردستان خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە ئاسۆى هەماهەنگى نێوان حکومەتى فەرەنسا و هەرێمى کوردستان کە لە ئاستێکى باشدایە، بۆ ئەمەش کورتەیەکى لەبارەى یاداشتنامەکە جارێکى تر خستەڕو کە تایبەتە بە دابینکردنى کورسى خوێندن بۆ فێرخوازان لە هەرێمى کوردستان، بۆ ئەمەش وتى: لە ئامادەکارى و هەماهەنگى تەواوداین بۆ جێبەجێکردنى بڕگەو خاڵەکانى یاداشتەکە.
لەبەرامبەردا د. ئارام محمد قادر ئاماژەى بە گرنگى پەیوەندییە مێژوییەکانى نێوان هەردو گەلى کوردستان و فەرەنسا کردو ڕایگەیاند: بە ئیمزاکردنى یاداشتنامەى لێکگەیشتنمان لەگەڵ حکومەتى فەرەنسا دەتوانین دەرفەتى خوێندنى باڵا/ ماستەرو دکتۆراو خولى ڕاهێنان بۆ مامۆستا و فەرمانبەران لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا دابینبکەین، بۆ ئەمەش وتى: مەبەستمانە لە نزیکترین دەرفەتدا خاڵ و بڕگەکانى یاداشتنامەکە بچێتە بوارى جێبەجێکردن، بۆ ئەوەى خوازیاران بتوانین داواکار بۆ خوێندنەکان پێشکەش بکەن.
هەر لە وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر وتى: بۆ ئێمە ئەم یاداشتنامەیە گرنگ و پڕ بایەخە چونکە دەتوانین دەرفەتى خوێندن فەراهەم بکەین بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران، چونکە هەموشمان لەوە تێدەگەین کە سیستمى خوێندنى فەرەنسا سیستمێکى پێشکەوتو و مۆدێرنە، ئەوەش بۆ ئێمە جێگەى بایەخە، هیوادارین دەرفەتى باش بڕەخسێندرێت بۆ خوازیارانى خوێندنى باڵا و پەرەپێدانى توانا مرۆییەکان له كوردستان.
جێگەى ئاماژەیە بەپێى یاداشتنامەکە خوێندنى تەرخانکراو بریتیە لە خوێندنى ماستەر و دکتۆرا، توێژەرانی دوای بەرنامەی دکتۆرا، ئەندامانی دەستەی وانەبێژان و فەرمانبەرانی ئەندازیار و کارگێری و تەکنیکی و خولى ڕاهێنان بۆ مامۆستا و فەرمانبەران.