پەرەپێدانى پڕۆگرامەکان

پەرەپێدانی پرۆگرامەکان

زانکۆ/دەستەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی پڕۆگرامی خوێندن و مێتۆدی فێرکردن پێویستی  بە گۆڕانکاری ڕیشەیی هەیە بۆ کەم کردنەوەی تەواوی کەلێن و بۆشاییەکانی ناو پرۆسەی فێرکردن . ئەم پرۆگرامە لە شێواز و ستاندەری ئەکادیمیدا دەبێت هاوتا بێت لەگەڵ زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیهان کە بە جۆرێک توانستی زانستی فێرخوازان وەها باڵا بکات کە دوی دەرچوونیان پەکیان نەکەوێت وبەشداری لە پێشخستنی ووڵات بکەن.

ئامانجی سەرەکی پەرەپێدانی پرۆگرامی خوێندن لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە پشتبەستن بە دەرخکردن کۆتایی پێبێنێ و خۆفێرکردن و تێگەیشتن و ڕەخنەگرتن بچەسپێنێ.

بەرنامەی پەرەپێدانی پڕۆگرامی خوێندن بەشێکە لە دڵنیایی جۆری و جەخت لەسەر فێربوونی زمانی دووەم دەکات ،گەڕان بەدوای زانیاری و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە critical thinking و بۆ یەکەمجار دروشمی (( لە فێرخوازێکی ناچاڵاک بۆ بیرکەرەوەیەکی ڕەخنەگر کاری بۆ دەکرێت from passive learner to critical thinkers  .

لەهەموو زانکۆ و دەستەکاندا بەڕێوەبەری پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان دەستنیشان کراوە و ئەرکەکانیان بریتین لە:

  • ئاڕاستەکردنی هێڵەگشتیەکانی پلانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ پەرەپێدانی و گەشەپێدانی پڕۆگرامەکانی خوێندن و گونجاندنی یەکەی بابەتەکانی خوێندن لەگەڵ ستاندەرە جیهانییەکاندا.
  • پەیڕەوکردن لەگەڵ لێژنەی زاستی بەشە زانستیەکان و ڕێنوێنیکردنیان بۆ پیادەکردنی پلانەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە بواری پەرەپێدانی پرۆگرامەکاندا.
  • هەڵسەنگاندن و پەرەسەندنی ئەو بابەتانەی گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە بە پێی ڕێنماییەکانی وەزارەت و زانکۆ و دەستەکاندا.
  • هەڵبژاردنی ئەندامانی لێژنەی پەرەپێدانی پرۆگرامەکان بە هەمان شێوازی لێژنەی دڵنیایی جۆری دەبێت .

لە فەرمانی ژمارە ن/٨٥ لە ڕێكه‌وتی ٢٣/١٠/٢٠١١ بڕیاردراوە کە :

  • ستافی پەرەپێدانی پرۆگرامەکان جیاوازن لە ستافی دڵنیایی جۆری لە زانکۆ و دەستەکاندا بەڵام هەماهەنگی ڕاستەوخۆ و بەردەوام لە نیوانیاندا هەیە.
  • دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان لە زانکۆ و دەستەکان هاوشێوەی دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەرانی دڵنیایی جۆری دەبێت.
  • دەسەڵات دراوە بە ئەنجومەنی زانکۆ و دەستەکان کە ،لەبڕی کۆنگرە ،ئەرکی پەسەندکردنی گۆڕانکاری و ڕیفۆڕمی پڕۆگرامی خویندن لە ئەستۆی بگڕن.
  • گۆڕینی پرۆگرامی خویندن لە بەشە زانستیەکانەوە پێشنیاز دەکرێت (باشترە هەماهەنگی لەگەڵ بەشە هاوشێوەکان بکرێت بۆ سوود وەرگرتن) و بەرزدەکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی کۆلێژ و بەڕێوەبەرایەتی پەرەپێدانی پرۆگرامەکان لە زانکۆ و دەستەکان بۆ ئەوەی بە ووردی گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و دوا درافتی ئامادە بکرێت ،پاشان دەدرێتە وەزارەتی خویندنی باڵا.
  • پێویستە ئاڕاستەی کۆبوونەوەکانی نێوان بەشە هاوشێوەکانی زانکۆ و دەستەکانی کوردستان بۆ دەوڵەمەندکردنی پڕۆسەی پەرەپێدانی پرۆگرام و ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا بێت نەک کۆپیکردن و هاوتاکردنی پرۆگرامەکان.

شێوازی پەیوەندیکردنی نێوان بەڕێوەبەرایەتی پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی وەزارەت و زانکۆ و دەستەکان هاوشێوەی دڵنیایی جۆری دەبێت کە بەشیوەیەکی سەرەکی لە ڕێگای ئیمێڵەوەیە.

تایبەتمەندییەکانی ئەندامانی لێژنەی پەرەپێدانی پرۆگۆامەکان بریتین لە:

  1. باوەڕی تەواوی بە گۆڕانکاری و چاکسازی پڕۆگرامەکانی خویندن هەبێت .
  2. ئارەزووی کارکردن و کاتی کارکردنی هەبێت .
  3. خاوەنی پلەی زانستی شیاو بێت.
  4. شارەزایی تەواوی هەبێت لە زمانی ئینگلیزی و کۆمپیوتەر و شێوازی وانەووتنەوە.
  5. شارەزایی هەبێت لە پرۆگرامەکانی خویندن و شێوازی هەڵسەنگاندنی پرۆگرامەکان.

ئەم بەرنامەیە ساڵی یەکەمی خویندنی زانکۆ دەکاتە ساڵی ئامادەکاری ،ئەمەش لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی توانستی زمان بە تایبەتی زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و هاندانی قوتابی بۆ بەشداری کردن لە پرۆسەی فێربوون و فێرکردن ،بۆ ئەمەش بابەتێک بەناوی گفتوگۆی ئەکادیمی  academic debate  یان گفتوگۆی زاستی scientific debate  دادەنرێت و قوتابی دابەشدەکرێت بۆ چەند گروپێک و کاردەکەن لەسەر بابەتیک یان گرفتێگ لە بواری پسپۆڕی خۆیاندا و دواتر گشتیان گفتوگۆی لەسەر دەکەن ئەرکی مامۆستا تەنیا سەرپەشتی کردنەوە و قوتابی فێردەکات لە دۆزینەوەی سایت و سەرچاوەکان و پێدانی فیدباک.

لەساڵی یەکەمدا خوێندنی زانکۆ دەبێتە ساڵی ئامادەکاری و ٧٠% ی بابەتەکان تەرخان دەکرێت بۆ بنیادنانی توانستەکانی قوتابی خوێندکار و ئامادەکردنیان بۆ ژیان و خویندنی زانکۆ ، لە ٣٠% ی بابەتەکان دەروازە بێت بۆ پسپۆڕی بەشەکە. ژمارەی بابەتەکانی قۆناغی یەکەم ٦-٨ بابەت دەبێت (بەپێی پسپۆڕی بەشەکە و ڕەچاوکردنی ژمارەی یەکەی پێویست بە گوێرەی ستانداردە  کارپێکراوە جیهانییەکان).

ساڵی دووەمی خوێندنی بەکالۆریۆس زیاتر پەیوەندی بە خویندن و ئایندەی قوتابیەوە دەبێت واتە ئامادەکاریەکی تیۆری دەبێت ، بەڵام ساڵی سێیەم و چوارەم جەخت لەسەر بواری پراکتیکی سوودبەخش دەکرێت لەگەڵ فێربوونی سەردەمیانە و هەڵومەرجی بازاڕی کار بگونجێت .قوتابی هەڵی چەند بابەتێکی هەڵبژاردەی پێدەدرێت options وەک هاندان بۆ دۆزینەوەو  بڕیاردانی ئایندەی خۆی بە ئارەزووی خۆی.

لە هەر بابەتێکی پسپۆڕی دەبێت لە ٣٠% وانەکان بە شێوەی critical thinking  پێشکەشبکرێت و بە درێژی هەموو ساڵەکانی خوێندن جەخت لەسەر بەردەوامبوونی زمانی ئینگلیزی تایبەت بە وانە پسپۆڕیەکان دەکرێت.

لە قۆناغی دووەم و سێیەم چوارەمی بەشە مرۆییەکاندا لە هەر ساڵیک بەلانی کەمەوە یەک بابەتی پسپۆڕی بە زمانی ئینگلیزی و یەک بابەتیش بە زمانی عەرەبی دەخوێنرێت . زۆر گرنگە کە سوود لە بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆکانی هەرێم وەربگیرێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی وانەی زمانی ئینگلیزی ، پێویستە خولی تایبەت بۆ ڕاهێنانی ئەو مامۆستایانە ڕێکخرێت لە بەشە مرۆییەکان کە ئاستی زمانی ئینگلیزیان باشە تاوەکو بتوانن بەشداری لە ووتنەوەی وانەی زمانی ئینگلیزی پسپۆڕیدا بکەن.