بۆردى باڵاى لێكۆڵینه‌وه‌ى زانستى له‌كوردستان دامه‌زرا

newsitem-1928-16.02.2015-ku.jpg

 وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند" له‌پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانى بوارى خوێندنى باڵا له‌ هه‌رێمى كوردستان، بۆردى باڵاى لێكۆڵینه‌وه‌ى زانستى له‌ هه‌رێمى كوردستان-مان دامه‌زراند، ئامانج له‌دامه‌زراندنى ئه‌م بۆرده‌ش هاندانى زیاترى لێكۆڵینه‌وه‌ى زانستیه‌ له‌ كوردستان تا به‌شێوه‌یه‌كى زانستى رووبه‌روى كێشه‌كان ببینه‌وه‌.

 ئه‌م راگه‌یاندنه‌ى د. یوسف گۆران ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ رێكه‌وتى 15/2/2015 له‌میانى مه‌راسیمى 20 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى كۆلێژى پزیشكى ددان له‌ زانكۆى هه‌ولێرى پزیشكى هات كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتى د. یوسف گۆران" وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و راوێژكارو به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتى و سه‌رۆك زانكۆ و خوێندكاران به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ وته‌كه‌یدا وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى دواى پیرۆزبایى كردن له‌ ستاف و مامۆستایانى كۆلێژى پزیشكى ددان، ده‌ستخۆشیشى لێكردن بۆ هه‌وڵه‌كانیان له‌پێناو پێشخستنى پرۆسه‌ى خوێندن له‌ كوردستان. 

د. یوسف گۆران رایگه‌یاند:" ره‌وتى گه‌شه‌پێدان و پێشخستنى زانست له‌ كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت هه‌رچه‌ند تاریك په‌رست و كۆنه‌ په‌رستان له‌ رابردوو و ئێستاشدا هه‌وڵى زۆر ده‌ده‌ن بۆ له‌باربردنى ئه‌م ئه‌زمون و پێشكه‌وتنانه‌ى كوردستان، به‌ڵام ئه‌م ره‌وتى پێشكه‌وتنه‌ به‌خۆراگرى و قاره‌مانیه‌تى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان ده‌پارێزرێت و ئێمه‌ش به‌رده‌وام ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ى گه‌شه‌پێدانى بوارى خوێندنى باڵا په‌ره‌ى زیاترى پێبده‌ین. بۆ ئه‌مه‌ش وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى رایگه‌یاند" له‌پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانى بوارى خوێندنى باڵا، بۆردى باڵاى لێكۆڵینه‌وه‌ى زانستى له‌ هه‌رێمى كوردستان -مان دامه‌زراند، ئامانج له‌ دامه‌زراندنى ئه‌م بۆرده‌ش هاندانى زیاترى لێكۆڵینه‌وه‌ى زانستیه‌ له‌كوردستان تا به‌شێوه‌یه‌كى زانستى رووبه‌رووى كێشه‌كان ببینه‌وه‌. وتیشى" له‌ئێستادا له‌قۆناغى ده‌ستنیشانكردن و هه‌ڵبژاردنى ستافى بۆرده‌كه‌ین كه‌ به‌م نزیكانه‌ ده‌ست به‌ئه‌ركه‌كانى خۆى ده‌كات.

هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى رایگه‌یاند" له‌پێناو گرنگى دانى زیاتر به‌زمانى ئینگلیزى له‌ كۆلێژ و په‌یمانگه‌كان، پرۆسه‌ى داڕشتنه‌وه‌ى رێنماییه‌كانمان ده‌ستپێكردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ پرۆسه‌ى خوێندن له‌ناوه‌نده‌كانى خوێندندا گرنگى زیاتر به‌ زمانى ئینگلیزى بدرێت و بكرێته‌ یه‌كێك له‌مه‌رجه‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌تایبه‌ت بۆ خوێندنى باڵا/ ماسته‌ر و دكتۆرا. وتیشى بۆ پێشخستنى ئاستى زانستى زانكۆكان پرۆژه‌ى ریزبه‌ندى نیشتیمانى زانكۆكانى كوردستان ده‌ستپێده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى له‌م رێگه‌یه‌وه‌ ئاستى زانستى و ئه‌كادیمى زانكۆكان پێشبخه‌ین و له‌نه‌خشه‌ى جیهانى زانكۆكاندا ئاستى زانستى زانكۆكانى كوردستانیش به‌رچاو بێت.