وەزارەتى خوێندنى باڵا پەرە بەپڕۆژە ئەکادیمییەکانى لەگەڵ وڵاتى ئەرمینیا دەدات

بریكاری وەزیر + باڵیۆزی ئەرمینیا

بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ  باڵیۆزى ئەرمینیا لە عێراق ڕایگەیاند: گەلى کورد و گەلى ئەرمینیا له‌ ڕوی پاکتاوی نه‌ژادی و به‌رگرییه‌وه‌ خاوەن مێژوییەکى هاوشێوه‌‌ن، بۆیە ئارەزوى تەواومان هەیە لە ڕێگەى ئەکادیمیەوە پەرە بەپەیوەندییەکانى نێوانمان بدەین.

ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتى (٩/٩/٢٠٢٠) د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمی کوردستان لە دیوانى وەزارەت لەگەڵ بەڕێز (هۆراچ پۆلاديان) باڵیۆزى ئەرمینیا لە عێراق کۆبویەوە.

لەو کۆبونەوەیەدا کە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، باڵیۆزى ئەرمینیا لە عێراق ڕایگەیاند: ژمارەیەکى زۆرى خوێندکارى بیانى و، لە ناویشیاندا خوێندکارى عێراقى و هەرێمى کوردستان لە زانکۆکانى ئەرمینیا دەخوێنن، بۆ ئەمەش باسى لە گرنگى پتەوکردنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان وڵاتەکەى لەگەڵ هەرێمى کوردستان کرد.

لەلایەن خۆشیەوە بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى ئەو سەردانەى باڵیۆزى ئەرمینیاى کرد بۆ وەزارەت و سڵاوى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێ گەیاندو ڕایگەیاند: وڵاتى ئەرمینیا و کوردستان له‌ ڕوی پاکتاوی نه‌ژادی و به‌رگرییه‌وه‌ خاوەن مێژوییەکى هاوشێوه‌‌ن، بۆیە دەمانەوێت لە ڕێگەى ئەکادیمی و ئاڵوگۆڕى زانستیەوە پەرەى زیاتر بەپەیوەندییەکانى نێوانمان بدەین، بۆ ئەمەش بە وردى تیشکى خستە سەر ڤیژن و سیاسەتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ کرانەوەو بەرەوپێشبردنى ئاستى ئەکادیمى و زانستى زانکۆکانى کوردستان و سودوەرگرتن لە ئەزمونى ئەو وڵاتە بۆ پێشخستنى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە کوردستان.

لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا هەردولا هاوڕابون لەسەر پەرەپێدانى زیاترى ئاستى پەیوەندییەکان و ئەنجامدانى پرۆژەى کارى هاوبەشى زانستى لە نێوان هەردولا.