بەمەبەستى پەرەپێدانى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان وڵاتى ئەڵمانیا لەگەڵ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان، شاندێکى هەرێمى (بادنڤوتمبێرگ)ى ئەڵمانیا گەیشتنە هەرێمى کوردستان.
ئێوارەى ئەمڕۆ ١٥/٤/٢٠١٩ د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر پێشوایکرد لە بەڕێزان خاتوو (تێریزیا بارەر) وەزیرى زانست و توێژینەوەو هونەر و، خاتوو (تێریزا شۆپەر) وەزیرى دەوڵەت لە هەرێمى (بادنڤوتمبێرگ)ى ئەڵمانیا و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانى هەرێمەکە.
لە دیدارێکدا کە د. ئامانج عەبدوڵا سەعید ڕاوێژکارى وەزارەت ئامادەیبوو، باس لە گەشەکردنى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و پرۆژەکانى ڕیفۆرمى خوێندنى باڵا لە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، باسى لە پوختەى کارو پرۆژەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم و ئەو ڕیفۆرم و چاکسازییانەى لەو سێکتەرەدا ئەنجامدراون بۆ ڕونکردنەوە.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و جێبەجێکردنى پرۆژە و بەرنامە تازەکانى دونیاى ئەمڕۆ لە هەرێمى کوردستان، کە لە ئێستادا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم بە جێبەجێکردنى چەند پرۆژەیەکى زانستى هەنگاوەکانى بەئاراستەى بەنێودەوڵى بوون دەڕوات، بەتایبەت جێبەجێ کردنى بۆلۆنیا پرۆسێس و بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆکان و متمانەبەخشین و ڕێزبەندى زانکۆکان و بایەخدان بەتوێژینەوە زانستیەکان لە گۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەکانى دونیا.
هەر لەو دیدارەدا باس لە ڕۆڵ و گرنگى دامەزراوەکانى وڵاتى ئەڵمانیا کرا بۆ هاوکاریکردنى پرۆسەى متمانەبەخشینى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و دواین هەنگاو و کارەکانى ئەم پرۆسەیە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
جێگەى ئاماژەیە وابڕیارە شاندى هەرێمى (بادنڤوتمبێرگ)ى ئەڵمانیا لەماوەى مانەوەیان لە هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆببنەوە، هەروەها سەردانى بەشى دیراساتى ئاشتى و بەڕێوەبردنى ململانێکان لە زانکۆى دهۆک بکەن کە کۆمەڵێک پرۆژەى هاوبەش و گرنگ لەگەل زانکۆى دهۆک تاوتوێدەکرێت و بەسەردەکرێنەوە.