بەئامانجى کارئاسانیکردنى پڕۆسەى یەکسانکردنى بڕوانامەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەسەر ڕاسپاردەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پڕۆسەى یەکسانکردنى بڕوانامەکان بەئەلیکترۆنى کرا و، لەسەرەتاى مانگى (ئەیلول)ەوە کارا دەکرێ.
لەو چوارچێوەیەدا و، لە کۆبونەوەى هەفتانەى ئەنجومەنى دیوانى وەزارەتدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٢/٨/٢٠١٧) بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو، ئارى عادل بەڕێوەبەرى یەکسانکردنى بڕوانامەکان سمینارێکى پێشکەشکرد.
بەر لە پێشکەشکردنى سمینارەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگرنگیەوە باسى لە بەئەلیکترۆنیکردنى سەرجەم دامەزراوەکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد و وتى: کاتێک دەمانەوێ بەشێوەیەکى شەفاف و خێرا کاروبارى مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەران و هاوڵاتیان ڕایى بکەین دەبێ تەواوى سێکتەرەکان بەئەلیکترۆنى بکەین، ڕاشگەیاند: بەئەلیکترۆنیکردنى پڕۆسەى یەکسانکردنى بڕوانامەکان دەبێتە هەنگاوێکى گرنگى وەزارەتەکەمان، چونکە فشارێکى زۆر لەسەر ئەو بەڕێوەبەرایەتیە هەیە، ڕایکردنى کاروبارەکانى یەکسانکردنى بەو سیستمە کلاسیکیە نەیدەوانى لەگەڵ پێشهاتەکاندا بڕوات، بۆیە لێرە بەدواوە هاوڵاتیان دەتوانن هەر لە ماڵى خۆیان بەبێ ئەوەى ڕێگەیەکى دور ببڕن دەتوانن مامەڵەکانیان بۆ پڕۆسەى یەکسانکردنى بڕوانامەکان دەست پێ بکەن، ئەوەش دەسکەوتێکى گەورەیە بۆ هاوڵاتیان، چونکە بەهیچ شێوەیەک مامەڵەى بەشێوەى دەستى لە هاوڵاتیان وەرناگیرێت، لەهەمان کاتدا بەدەسکەوتێکى گەورەتر بۆ بوارى ئەکادیمى لە کوردستان دادەنرێ.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، بەڕێوەبەرى یەکسانکردنى بڕوانامەکان وردەکارییەکانى چۆنیەتى کارکردن و پێشکەشکردنى داخوازینامە بۆ یەکسانکردنى بڕوانامەکان خستەڕو لەو بارەیەوە وتى: وەک بەڕێوەبەرایەتى یەکسانکردنى بڕوانامەکان لەسەر ڕاسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەنگاوەکانمان یەکسانکردنى بڕوانامەکان دەستپێکرد، دوجار توانیمان ویبسایتێکى ئەلکترۆنى تایبەت بەپڕۆسەى یەکساکردنى بڕوانامەکان دروست بکەین، وتیشى خوازیاران بەشێوەیەکى ئەلیکترۆنى دەتوانن داواکارى بۆ یەکسانکردنى بڕوانامەکان پێشکەش بکەن، ڕونیشیکردەوە لەسەر ویبسایتەکەدا سەرجەم زانیارى و دۆکیۆمینتەکانى پێشکەشکردن، لیستى ناوى زانکۆ باوەڕپێکراوەکان و پرسیارە دوبارەکان لە ناو وێبسایتەکەدا دانراوە، بۆیە خوازیار بەر لەوەى داواکارى بەشێوەى ئۆنلاین پێشکەش بکات دەبێ سەرجەم زانیارییەکان بەوردى بخوێنێتەوە پاشان داواکارى پێشکەش بکات، هەروەک تەئکیدى لەسەر ئەوە کردەوە کە لێرە بەدواوە هیچ مامەڵەیەک دو مانگ زیاتر ناخاێنێت.