بە چاودێرى و ئامادەبونى (د.یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان، زانکۆى هەولێرى پزیشکى، یەکەمین کۆنفرانسى زانستى تەندروستى ژنانى ئەنجامدا.
پێویستە بەتوێژینەوە گرنگی زیاتر بە بواری تەندروستی ژنان بدرێ
لەو کۆنفرانسەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 28/3/2018 لە هۆڵى هۆتێل دیدمان لەشارى هەولێر بەڕێوەچو، (د.یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەرزنرخانى ئەو کۆنفرانسە، دەستخۆشى لە زانکۆی هەولێری پزیشکی کرد، کە ساڵی پار لە دەستپێشخەرییەکی ناوازەدا بڕیاریاندا سێنتەری توێژینەوە و فێرکردن بۆ تەندروستی خانمان دابمەزرێنن، بۆ ئەوەی بتوانن لەڕێگەی توێژینەوەی زانستی و بەبەشداری توانا ئەکادیمیەکانی زانکۆکەیان گرنگی زیاتر بە بواری تەندروستی ژنان بدەن.
تەوەرەکانى کۆنفرانس گرنگن بۆ تەندروستى ژنان
د.یوسف گۆران دەستخۆشی لە ڕێکخەرانى کۆنفرانسەکە کرد بۆ هەڵبژادنی تەوەرەکان و ئەو بابەت و توێژینەوانەی کە لە کۆنفرانسەکەدا باسیان لەبارەوە دەکرێت، بە تایبەت گفتوگۆکردن دەربارەی پێداچونەوە بە سیاسەتی گشتی و گرنگیدان بە تەندروستی ژنان لە هەرێمەکەمان و پرسی ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژی جێندەری و ئەو بابەتە پزیشکیانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارن بە تەندروستی خانمانەوە .
دەبێت کاری جدی بۆ چەسپاندنی بەشداری ڕاستەقینە وهاوسەنگی خانمانی کوردستان لە کایەکانی گەشەپێدانی وڵاتەکەمان بکرێ
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەى بەدیدگاى وەزارت بۆ پرسەکانى ژنان کرد و ڕایگەیاند: وەزارتەکەمان بە گرنگییەوە لە پرسی یەکسانی جێندەر دەڕوانێت، باوەڕیشمان وایە کە دەبێت کاری جدی بۆ چەسپاندنی بەشداری ڕاستەقینە وهاوسەنگی خانمانی کوردستان لە هەموو کایەکانی گەشەپێدانی وڵاتەکەمان بکەین، وتیشى دەبێت هەموو توانا زانستی و ئەکادیمییەکانمان چڕبکەینەوە بۆ داڕشتنەوەی یاسا و سیاسەتی گشتی و داهێنانی پرۆگرام و خزمەتگوزاری تایبەت بە کاراکردنی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگای کوردی، ئەوەشى ڕاگەیاند: دەبێت کاربکەین بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەی جێبەجێکردنی هەموو ئەو دیدگا و ڕاسپاردانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی (Sustainable development Goal) دایانڕشتووە، کوردستان بکەینە مۆدێلێکی سەرکەوتوی جێبەجێکردنی ئەو ئامانجانە بۆ بەهێزکردنی پێگەو کاراکردنی بەشدای ژنانی وڵاتەکەمان.
لە زانکۆکانی کوردستان سێنتەرى تایبەتیان بە توێژینەوە لە بوارەکانى جێندەرناسى دامەزرێندراوە
هەر لە وتەکەیدا (د.یوسف گۆران) وتى:هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت بەبێ بەشداری هاوسەنگ و ڕاستەقینەی ژنان سیستمێکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی سەقامگیر بونیاد بنرێت، وتیشى لە ئێستادا لە بەشێکی زۆری زانکۆکانی کوردستان سێنتەرى تایبەتمان بە توێژینەوە لە بوارەکانى جێندەرناسى دامەزراندوە، بۆ مەبەستی پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى و توێژینەوەى پسپۆڕیانە لەو بوارانەی کە پەیوەندیدارن بە چەسپاندنی پرسی یەکسانی جێندەر لە هەرێمی کوردستان، ڕونیشى کردەوە: هەر لەم ڕوانگەیەوە ئەنجومەنی نیشتیمانی توێژینەوەی زانستیی سەر بە وەزارەتەکەمان گرانتی تایبەتی تەرخان کردوە بۆ ئەو توێژینەوانەی کە دەچنە خزمەتی پرسی پەرەپێدانی یەکسانی جێندەر لە هەرێمەکەمان، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: بێگومان گرنگیدان بە تەندروستی خانمان هەنگاوێکی گرنگە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر بەشداری هاوسەنگی ژنان لە پێشخستنی کۆمەڵگە.
پێویستە ژنان بەئاسانى دەستیان بگاتە خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان
لەبەشێکى دیکەى وتەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: زۆر گرنگە ئێمە توانا زانستییەکانی خۆمان بخەینە گەڕ بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەو گرفتە تەندروستیانەی کە ڕوبەڕوی ژنانی وڵاتەکەمان دەبنەوە، ڕونیشیکردەوە کە پێویستە لەبەر ڕۆشنایی داتاو زانیاریەکان سیاسەتی گشتی پاراستنی تەندروستی خانمان لە هەرێمەکەمان دابڕێژینەوە، ئاشکراشیکرد: کە پێویستە پلانی ستراتیجی و بەرنامەی هاوبەشمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پەروەردە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین هاوکار بین لە چارەسەرکردنی گرفتە تەندروستییەکانی ژنان و کارێک بکەین کە ژنان بە ئاسانی دەستیان بگاتە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی تایبەت بە خۆیان.
دەبێ توێژینەوەکان ڕێنیشاندەر بن بۆ داڕشتنی پلان و سیاسەتی گشتی بۆ گەشەپێدانی زیاتری لایەنی تەندروستی خانمان
لە کۆتایی وتارەکەیدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: دەبێت کار بۆ باشترکردنی کواڵیتی تەندروستی خانمان بکەین، بەتایبەت کواڵیتی تەندروستی کاتی دووگیانی، و زوو دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی شێرپەنجەکانی ژنان و، کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان و، تەندروستی دەرونی و گرنگیدان بە کواڵیتی تەندروستی لە هەموو قۆناخەکانی تەمەن و ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژی جەستەیی و سایکۆلۆجی، وتیشى :هیوادارم توێژینەوەکانی ئێوە ڕێنیشاندەرمان بێت بۆ داڕشتنی پلان و سیاسەتی گشتی بۆ گەشەپێدانی زیاتری لایەنی تەندروستی خانمان، بێگومان ئێوەش دەتوانن لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پرۆپۆزەڵی توێژینەوەکانتان سود لە گرانتەکانی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی سەر بە وەزارەتەکەمان وەربگرن و پشتیوانی دارایی بۆ توێژینەوەکانتان بەدەست بهێنن، داواشى لە لێژنەى سەرپەرشتیارى کۆنفرانسەکە کرد گفتوگۆ و دەرئەنجامەکانی ئەم کۆنفڕانسە دۆکیومێنت بکەن، بۆ ئەوەی دوای کۆنفڕانس کار لەسەر یەکە یەکەی بڕیار و ڕاسپاردەکانتان بکرێت.
لایەنەکانى دیکەى کۆنفرانس
هەر لە مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا، وتارى د.دارا میران سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى و چەند وتارێکى دیکە پێشکەشکران، دوا بەدواى پێشکەشکردنى وتارەکان کارنامەى کۆنفرانسەکە دەستپێکرد، لە یەکەمین کۆنفرانسى زانستى تەندروستى ژنان، کە ماوەى دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، تیایدا چەند پانێڵێک سەبارەت بەلایەنە جیاکانى تەندروستى ژنان لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایان و توێژەران و مامۆستایانى زانکۆ پێشکەشە دەکرێن.