وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بەهۆى نزیکبونى کەلتور گەلانى ناوچەکە لە یەکتر، دەبێ هەوڵ بدەین بۆ دروستکردنى ناوچەیەکى ئازاد و سیستمێکى خوێندنى یەکگرتو.
ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى دیدارێکدا لەگەل کونسڵى تورکیا لە هەرێمى کوردستان هات.
لەو دیدارەدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى (١٦/٥/٢٠١٧) بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى چۆنێتى بەهێزکردنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا کرا و چارەسەرکردنى کێشەکان کرا.
لەو چوارچێوەیەدا، د.یوسف گۆران تورکیا وڵاتیکى گرنگە، بۆیە پێمان باشە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتە بەهێز بکەین بەتایبەت لە بوارى خوێندنى باڵا، وتیشى ئەگەر پەیوەندییەکانمان لە بوارى خوێندن بەهێز ببێ رێگە خۆش دەکات بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییەکانمان لە بوارەکانى دیکە، هەروەک کارئاسانى بۆ ئاشنابون بەکەلتور و ئەقڵیەتى یەکتر دەکات، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران پێشنیازى کرد هاوشێوەى کۆمارى ئیسلامى ئێران، بۆردێکى خوێندنى باڵا-ى هەمیشەى لەگەڵ تورکیا دروست بکرێ، ڕاشیگەیاند: دەبێ هەوڵ بدەین بۆ دروستکردنى ناوچەیەکى ئازاد و سیستمێکى خوێندنى یەکگرتو.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بەهۆى ئەوەى کەلتور و شێوەى ژیانى نێوان گەلانى ناوچەکە لە یەکەوە نزیکن، بۆیە ژمارەیەکى زۆرى خوێندکارانى کوردستان ڕویان لە زانکۆکانى تورکیا کردوە، لە هەمان کاتدا پەیوەندى لە نێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و تورکیا هەیە، بەڵام ئەو پەیوەندیانە پێویستیان بەجۆرێک لە ڕێکخستن هەیە، وتیشى هەر ئەوەش بۆتە هۆکارى دروستبونى چەند کێشەیەک بەتایبەت بۆ ئەو خوێندکارانەى لەو وڵاتە دەخوێنن، ئاشکراشیکرد لە دواین سەردانى سەرۆک وەزیرى تورکیا بۆ هەرێمى کوردستان، کە وەزیرى پەروەردەش هاوەڵى دەکرد بەڵێندرا کە چارەسەرى کێشەکان بکرێ، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى چەند پێشنیازێکى خستەڕو.
د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: بەشێک لەو خوێندکارانەى کە بەهۆى داخستنى بەشێک لە زانکۆکانى تورکیا ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە ئەو وڵاتە و کێشەیان بۆ دروست بوە، وتیشى بۆ هەر جۆرە چارەسەرێک ئێمە هاوکار و هەماهەنگتان دەبین، ڕونیشیکردەوە ئەگەر ئەو جۆرە کێشانە چارەسەر نەکرێن، ڕەنگە تێڕوانینى خوێندکارانمان بۆ خوێندن لەو وڵاتە بگۆڕێ. سەبارەت بەزانکۆى ئیشق لە کوردستان وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: کاتى خۆى ئەو زانکۆیە لە ژێر چاودێرى و هاندانى حکومەتى تورکیا کراوەتەوە، وتیشى ئێستا ئەو زانکۆیە زانکۆیەکى لۆکاڵییە خاوەنەکەى خەڵکى هەرێمى کوردستانە و ستافى زانکۆکەش بەهەمان شێوە ستافێکى لۆکاڵیە، بەڵام نامانەوێ ئەو گۆرانکاریانە کاریگەرى بکاتە سەر کواڵیتى زانکۆکە، وتیشى دەخوازین دەرچوانى ئەو زانکۆیە کاتێ ویستیان لە تورکیا بخوێنن کێشەیان بۆ دروست نەبێ و، بەهەمان شێوەى زانکۆکانى دیکە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ.
لە بەرامبەردا، محمد عاكیف كونسڵی توركیا له ههرێمی كوردستان سەربارى جەختکردنەوە لەسەر پێشنیازەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییەکان، ڕایگەیاند: بوارى خوێندنى باڵا یەکێکە لەو بوارانەى کە لە کوردستان زۆر بایەخى پێ دەدەین، وتیشى وەک کونسڵگەرى ئاسانکارییە بۆ ڕایکردنى کارەکان دەکەین و، هەوڵ دەدەین کێشەکان چارەسەر بکەین، سەبارەت بەخوێندکاران لە زانکۆ داخراوەکان وتى: بەشێک لەو خوێندکارانە گوازراوەنەتەوە بۆ زانکۆ حکومیەکان، بەشێکیشیان بۆ زانکۆ تایبەتەکان، داواشى کرد لیستێک بەناوى ئەو خوێندکارانە ئامادە بکەن و ڕادەستیان بکەن، سەبارەت بەزانکۆى ئیشق کونسڵى تورکیا لە هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند: ئێمە چاومان لەوە نیە کێشە بۆ خوێندکارانى ئەو زانکۆیە دروست بکەین، هەروەک سەردانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستانى بۆ تورکیا بەگرنگ زانى بۆ چارەسەرکردنى سەرجەم کێشەکان، وتیشى چاومان لەوەیە خوێندکارى تورکیا بێنە هەرێمى کوردستان بۆ خوێندن.
سەبارەت بە دروستکردنى ناوچەیەکى ئازادى خوێندن، کونسڵى تورکیا پشتیگرى بیرۆکەی کرد و، وتی دەتوانین جێبەجێى بکەین و زیاتر تەرکیز لەسەر ئەو شتانە بکەین کە خاڵى هاوبەشن، ئەوەش ڕێگە خۆش بۆ چاەسەرکردنى کێشەکان دەکات، وتیشى لە ڕێگەى خوێندنى باڵا –وە دەتوانین داهاتو بونیاد بنێین.