وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا (30) سكۆله‌رشیپ له‌ چیك بۆ ده‌رچوانی پۆلی دوانزه‌ ڕاده‌گه‌ێنێت

palacky @mhekrg

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌هاوكاری هه‌ردو زانكۆی ته‌كنیكی ئۆستراڤا/ لقی هه‌ولێر و، زانكۆی (په‌لازكی) ده‌رفه‌تی (30) سكۆله‌رشیپ بۆ خوێندنی پزیشكی گشتی و، پزیشكی ددان ڕاده‌گه‌ێنێت.

ده‌رچوانی پۆلی دوانزه‌ی ئاماده‌یی به‌شی زانستی له‌ ساڵی خوێندنی (2017-2018) ده‌توانن داواكاری بۆ ئه‌م سكۆله‌رشیپه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن، كه‌ له‌لایه‌ن زانكۆی (په‌لازكی) چیكیه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ركراون.

زانكۆی (په‌لازكی) یه‌كێكه‌ له‌ زانكۆ هه‌ر پێشكه‌وتوه‌كانی جیهان، كه‌ له‌سه‌ر ئاستی زانكۆكانی كۆماری چیك له‌ رێزبه‌ندی چواره‌مه‌ و، له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش له‌ ڕیزبه‌ندی (700) باشترین زانكۆكانی جیهانه‌.

پێشكه‌شكاران له‌ پڕۆسه‌یه‌كی وردی و زانسیدا، ده‌چنه‌ پێشبڕكێ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رزترین كۆنمره‌ی قۆناخی پۆلی دوانزه‌ی ئاماده‌یی، پاشان سه‌ركه‌وتوه‌كانی قۆناخی یه‌كه‌می پێشبڕكێ به‌شداری تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵسه‌نگاندنی توانستی زانستی  له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، كه‌له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك پرۆفیسۆری زانكۆی (په‌لازكی)یه‌وه‌ به‌رێوه‌ده‌برێن و، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌كه‌ ده‌كات.

مه‌رجه‌كانی پیشكه‌شكردن بۆ ئه‌و سكۆله‌رشیپه‌:

1.    ده‌رچوی پۆلى ١٢ى ئامادەیى لقی زانستی بێت له‌ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧  ٢٠١٨).

2.    كۆنمره‌ی پۆلی دوانزه‌ی ئاماده‌یی لە (٩٥)ی تاقیكردنه‌وه‌ی نیشتیمانی (به‌كالۆری)، یان (هاوتاكه‌ی) له‌ تاقیكردنه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی (SAT2 , A-level) کەمتر نەبێت.

 

تێبینی:

·سه‌ركه‌توه‌كانی ئه‌م پێشبڕكێیه‌ ده‌توانن به‌زمانی (چیكی) یان (ئینگلیزی) بخوێنن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كاندیده‌كه‌ به‌زمانی (چیكی) خوێندنی، ئه‌وا كرێ خوێندنه‌كه‌ی له‌لایه‌ن زانكۆی (په‌لازكی)یه‌وه‌ كرێی خوێندنه‌كه‌ی بۆ دابینده‌كرێت، به‌ڵام هه‌ر كاندیدیك ئه‌گه‌ر بڕیار بدات به‌زمانی (ئینگلیزی) بخوێنێت له‌وكاته‌دا كرێی خوێندنه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆی خۆیی ده‌بێت.

·بۆ بینینی نمونه‌ی پرسیاره‌كانی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ كلیك (لێره)‌ بكه‌.

·بۆ پێشكه‌شكردن كلیك (لێره)‌ بكه‌.

·دواین كات بۆ پێشكه‌شكردن ڕێكه‌وتی (25/7/2018)یه‌.

 

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه‌ بۆ ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ گه‌نجان و په‌ره‌پێدانی تواناكانیان له‌ زانكۆ پێشكه‌توه‌كانی جیهان، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌لی یه‌كسان، شه‌فافیه‌ت، دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی.