لەدرێژەى کۆبونەوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ یەکلاکردنەوەو چارەسەرکردنى بابەتە هاوبەشەکانى نێوانیان، ئەمڕۆ چوارشەمە رێکەوتى ١٢-٨-٢٠١٥ بەسەرپەرشتى (د.یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و (د.رێکەوت حەمە رەشید) وەزیرى تەندروستى، کۆبونەوەى هاوبەشى نێوان هەردوو وەزارەت لەبارەى چەند بابەتێکى هاوبەش و پەیوەست بەیەکتر بە ئامادەبوونى راوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى نێوان هەردوولا لەدیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو.
سەرەتایى کۆبونەوەکەدا باس لەگرنگى ئەنجامدانى ئەم جۆرە کۆبونەوانە کرا، بەتایبەت لە بوارە پزیشکییەکان و چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى لەو بوارەدا هەیەو دانانى بەرنامەو میکانزمێک بۆ کارەکانى داهاتووى هەردوولا بە دروستکردنى پەیوەندى بەردەوام و هەماهەنگى پێویست لەبارەى بەش و کۆلێژە پزیشکییەکان لەزانکۆکانى هەرێمى کوردستاندا.
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا باس لە ڕێکخستنى دەوامى پزیشکانى پسپۆر لەنێوان هەردوو وەزارەت و بابەتى گواستنەوەى ڕاژەى پزیشکانى پسپۆر و یەکسانکردنى بڕوانامەى ئەکادیمی و پرسى بەشەکانى زانستە تەندروستیەکان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و، بەوەرگرتنى راو بۆچوونى ئامادەبووان و دروستکردنى هەماهەنگى زیاتر لەنێوان زانکۆکان و فەرمانگە تەندروستییەکان لەشارەکان بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا بڕیاردرا لێژنەیەکى باڵا لەنێوان هەردوو وەزارەت پێکبهێنرێت بۆ هەماهەنگى تەندروستى و خوێندنى باڵا بەمەبەستى ئەنجامدانى کۆبونەوەى دەورى (٣) مانگ جارێک بەبەشدارى نوێنەرى هەردوو وەزارەت بۆ تاوتوێکردنى پرسەکانى نێوان هەردوولا.
لەکۆتایى کۆبونەوەکەدا چەند بابەتێکى ترى پەیوەست بە داواکارى و پێشنیازى فەرمانگەکانى تەندروستى هەولێر و دهۆک و سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و، بڕیارى پێویستیان بۆ درا. هەروەک ئەو بابەتانەشى پەیوەست بوون بە پرسى بودجەو تەرخانکردنى پێداویستى بڕیاردرا هەردوو وەزارەت بەهاوبەشى لەگەڵ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کۆببنەوە بەمەبەستى تاوتوێکردنى.
واش بریارە لە داهاتودا کۆبونەوەى هاوشێوە لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و دەزگاو دامەزراوەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان بکرێت بۆ باشترکردنى کارەکان و چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکان.