د.دلاوەر عه‌لائه‌ددین به‌ كولتوری شیرینی خواردن ماڵئاوایی كرد

newsitem-1276-08.04.2012-ku.JPG

ئەمرۆ یەك شەممە 8/4/2012 لە مەراسیمێكدا كە بۆ ماڵئاوایكردن لە د.دلاوەر عەلائەددین وەزیری پێشووی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و دەستبكاربوونی د.عەلی سەعید وەزیری نوێی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە هۆڵی وەزارەتی خوێندنی باڵا رێكخرابوو، د.دلاوەر راگەیاند خۆشحاڵم كە پرۆسەی درێژەدان و بەئەنجامگەیاندنی رێفۆرمی خوێندنی باڵا رادەستی دەستێكی ئەمینی دەكەم.

لەسەرەتای ئەو مەراسیمەدا كە بەئامادەبوونی بەڕێوەبەرەی گشتیەكانی و فەرمانبەرانی دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو، ژماریەك لە بەڕێوەبەرەكان وتەیان پێشكەش كرد، لە وتەكانیاندا ستایشی هەوڵ و كارەكانی د.دلاوەریان كرد كە لەماوەی دوو ساڵی رابردوو بۆ گۆڕینی و پێشخستنی بواری زانست و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان كاری لەسەر كرد، هیواشیان خواست د.دلاوەر بەشێوازەكانی دیكە بەردەوام بێت لە پشتیوانیكردن و گەشەپێدانی بواری ریفۆرمی خوێندن لە كوردستان، بەئامانجی بونیادنانی بەدیهێنانی ئامانجی گەلەكەمان لە رێگەی زانستەوە.

لە بەشێكی دیكەی مەراسیمەكەدا د.عەلی سەعید وەزیری نوێی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دوای بەرز نرخاندنی كارەكانی د.دلاوەر لە بواری ریفۆرم لە خوێندنی باڵا، دوپاتیشی كردەوە بەردەوام دەبن لە درێژەدان بە ریفۆرم لە بواری خوێندنی باڵا، وتیشی خوێندكاران و قوتابیان دەكەینە چەقی كارەكانمان و داكۆكیش لە مافی مامۆستایان و فەرمانبەران دەكەین.

پاشان د. دلاوەر عەلائەدین دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی كه له‌ مه‌راسیمێكدا‌ بۆ یه‌كه‌مجار به‌ كولتورێكی سه‌رده‌میانه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌خشیه‌ وه‌زیری نوێ و به شیرینی خواردن ماڵئاوایی له‌ سه‌رجه‌م كادیر و فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی كرد لە وتەیەكدا دوای ئاماژەدان بە كارو چالاكیەكانی  لەماوەی كاركردنی وەك وەزیری خوێندنی باڵا رونیشی كردەوە لەو ماوەیەدا دووچاری بەربەست و ئاستەنگی زۆر بوینەوە بەتایبەت كاتێك كە پرۆسەی ریفۆرمان دەست پێكرد، بەڵام توانیمان بناغەی ریفۆرمی راستەقینە لە بواری خوێندن لە كوردستان دابنێن، بۆ ئەوەش روو لە ئامادەبووانی كۆبونەوەكە سوپاسی بەرێوبەرە گشتیەكان و فەرمانبەرانی كرد و ووتی: پرۆسەی ریفۆرك بەبێ‌ هەوڵەكانی ئێوە بەدی ناهات، لە كۆتایشدا پاڵپشتی و پشتیوانی خۆشی بۆ وەزیری نوێ‌ خوێندنی باڵا دووپات كردەوەو راگەیاند: خۆشحاڵم كە پرۆسەی ریفۆرم رادەستی دەستێكی ئەمین دەكەم.