کۆمیتەیەکى هاوبەش لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، کۆمارى ئیسلامى ئێران پێکێهنرا

IMG_0003.JPG

بەئامانجى پتەوکردنى زیاترى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان هەردولا و، ئاگاداربون لە ئاستى جێبەجێکردنى ڕێککەوتننامەى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و، وەزارەتى زانست و توێژینەوەو تەکنەلۆجیاى کۆمارى ئیسلامى ئێران وەفدێکى کۆنسڵگەرى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر، سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد و، دواى تاوتوێکردنى پەیوەندییەکان، کۆمیتەیەکى هاوبەش بۆ جێبەجێکردنى خاڵەکانى ڕێکەوتننامەى نێوان هەردولا پێکهات.

ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى ٨/٨/٢٠١٦ د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پێشوازیکرد لە مورتەزا عەبادى سەرکونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر و وەفدێکى کونسوڵگەرییەکە.

 لە دیدارێکدا کە بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.محمد کەلارى بەرپرسى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو. سەرکونسوڵى ئێران لە هەولێر باسى لە بەرەوپێشچوونى پەیوەندییەکانى نێوان هەردولا کرد و خۆشحاڵى خۆى بەسەردانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران و زانکۆکانى ئەو وڵاتە دەربڕى. لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرکونسڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران باسى لە خاڵ و وردەکارى ڕێکەوتننامەکە کرد و، وتى: "زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران خوازیارن هەنگاوى فراوانتر بنرێ بۆ جێبەجێکردنى خاڵەکانى ڕێکەوتنامەکە"، ئاشکراشیکرد کە زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران ئامادەییان پیشاندا لە کردنەوەى بەشى فارسى لە زانکۆى سلێمانى بەدابینکردنى ستافى مامۆستایى زانستى هاریکارى زانکۆکە بکەن، لەهەمان کاتدا دو کورسى خوێندنى دکتۆرا بۆ بەشى زمانى فارسى لە زانکۆى سەڵاحەددین دابینکراوە.

لە بەشیکى دیکەى دیدارەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دواى ئەوەى کورتەیەکى لەبارەى سەردانەکەى بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران باسکرد، ئەوەى ڕاگەیاند: "سەردانەکەمان بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران زۆر سەرکەوتوو بو و، کۆمەڵێک ڕێکەوتننامەمان ئیمزا کرد، ئێستا زۆڕیک لەو ڕێکەوتننامانە چۆتە بوارە جێبەجێکردنەوە، داواشمان لە زانکۆکان کرد سەردانى هەرێمى کوردستان بکەن و لقى زانکۆکانیان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بکەنەوە".

لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا و، لەسەر پێشنیازى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆمیتەیەکى هاوبەش لە نێوان هەردوو لا پێکهات بۆ بەدواداچونى ئیش و کارەکان و جێبەجێکردنى خاڵەکانى ڕێککەوتنامەکە بەشێوەیەکى باشتر.

هەر لەو دیدارەدا سەر کۆنسڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران کۆمەڵێک پەرتوکى زانستیو ئەکادیمیان پێشکەش بەوەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، هەروەک پڕۆژەیەکى زانکۆى علم و سەنعەتى پێشکەشکرد بەوەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ کردنەوەى لقێکى زانکۆکە لە یەکێک لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ خوێندنى پیشەیى لە کوردستان.

 

لە کۆتایى دیدارەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان وتى: "سوپاسى هاتنتان دەکەین، سوپاس بۆ بایەخدانتان بۆ ئەو ڕێکەوتنەى کە لە نێوانماندا هەیە"، وتیشى: " تواناى زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێرانمان زۆر بەباشى بینى بەتایبەت لە بوارى پزیشکى و تەکنەلۆجى و پیشەیى، ڕێنمایی سەرۆک و جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش ئەوەیە کە پەیوەندییەکانمان زیاتر پتەوتر بکەین"، ئەوەشى ڕاگەیاند: ئەو ڕێکەوتن و سەردانانە سەرەتایی کارەکانمانەو دەتوانین لە داهاتودا کارى زۆر باشتر بکەین.