بەمەبەستى پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوان هەریمى کوردستان و وڵاتى سریلانکا، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى ٢٩/١١/٢٠١٧ د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەشارى هەولێر پێشوازیکرد لە (نيرانجان اسوكا راناسنگها) باڵیۆزى کۆمارى سریلانکا لە ئێراق و، (ئەحمەد جەلالەدین) کونسوڵى فەخرى ئەو وڵاتە لە هەرێمى کوردستان.
لە دیدارێکدا کە د. ئامانج عەبدوڵا سەعید راوێژکارى وەزیر ئامادەیبو، گفتوگۆ لەبارەى پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوان هەردوولا کرا، بەتایبەت لەڕوى ئەکادیمى و زانستى و کلتورى لەبوارەکانى ئاڵوگۆرى خوێندکاران و ڕاهێنان و توێژینەوە.
لە وتەیەکدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وێڕاى بەخێرهێنانى باڵیۆزى کۆمارى سریلانکا لە ئێراق بۆ هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، هیواى خواست پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و وڵاتى سریلانکا لەگشت بوارەکاندا پەرەى زیاترى پێبدرێت و سود لە ئەزمون و گەشەسەندنەکانى نێوان هەردوولا لەبوارە جیاکان وەربگیرێت، هەروەک پیرۆزبایى کردنەوەى کونسوڵگەرى فەخرى ئەو وڵاتەى لە هەرێمى کوردستان کرد و، بەهەنگاوێکى گرنگى پەرەپێدانى پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان داناو وتى: کردنەوەى کونسوڵگەرى فەخرى سریلانکا لە هەرێم سەرەتایەکى بەسودو کاریگەر دەبێت بۆ فراوانکردنى پەیوەندیەکانى نێوان هەردولا، لەهەمان کاتدا کردنەوەى دەرگایەکى دیکەى سیاسى و بازرگانى و کلتورى و زانستى بۆ هەرێمى کوردستان لەلایەک و وڵاتى سریلانکا لەلایەکى دیکەوە.
هەر لەوتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە دۆخى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و ئەو پێشکەوتنانەى لەو ڕوەوەو بەدەستهاتوون بۆ باڵیۆزى وڵاتى سریلانکا لەئێراق کردو، وتى: وەزارەتەکەمان لەڕوى جێبەجێکردنى پڕۆژەو بەرنامە ستراتیژەکانى بەئامانجى بەرەوپێشبردن و بەرزرکردنەوەى ئاستى زانستى هەنگاوى گرنگى ناوە.
بۆ گەشەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان وڵاتى سریلانکا و حکومەتى هەرێمى کوردستان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتى کردوە بۆ ئێمە گرنگە پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو وڵاتێک لە بوارى خوێندنى باڵادا هەبێت، بەتایبەت لەبوارى گۆڕینەوەى ئاڵوگۆڕى زانستى لەنێوان زانکۆکانماندا، بۆ پەیوەندیەکانیشمان لەگەڵ وڵاتى سریلانکا ئامادەین بۆ پێدانى ژمارەیەک کورسى خوێندن (بەکالۆریس – ماستەر – دکتۆرا) لە چوارچێوەى پرۆژەى کورد سکۆلەرشیپ، بۆ خوێندکارانى سریلانکا لەبوارەکانى زمان و مێژو و جوگرافیا و ئەدەبى کوردى و ئاشنابوونى خوێندکارانى سریلانکا بە زمان و کلتورى کوردى و دروستکردنى تێکەڵاوى لەنێوان هەردولا، هەروەها کارکردن بۆ دروستکردنى هەماهەنگى بەمەبەستى دانپێدانانى زانکۆکانى نێوانمان.
(نيرانجان اسوكا راناسنگها) باڵیۆزى کۆمارى سریلانکا لە ئێراق وێڕاى سوپاسگوزارى بۆ ئەم پێشوازیە، باسى لە گرنگى دیدارى لەگەڵ وەزیرى خوێندنى باڵا کردو وتى: ئێمە خۆشحاڵین کە دەبینین لە ئێستادا وڵاتەکەمان کونسوڵگەرى فەخری لە شارى هەولێر هەیەو هیواخوازین بەم هەنگاوەمان پەیوەندیەکانى نێوان سریلانکاو کوردستان فراوانتر بکەین و بتوانین لە داهاتوو دەرگاى زیاتر بەڕوى یەکتردا بکەینەوەو گەشە بەو پەیوەندیانە بدەین، بۆیە دەمانەوێت لەڕوى خوێندنى باڵا-وە ئاڵوگۆڕى خوێندکاران و زانستیمان لەگەڵ کوردستان فراوان بکەین و ئامادەى هەموو ئاڵوگۆڕێک دەبین لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم بۆ بەرژەوەندى زانستى نێوانمان، بۆ ئەوەش وتى: کاردەکەین بۆ پێدانى زەمالەى خوێندن لەبوارى جیا بۆ خوێندکارانى هەرێمى کوردستان بەمەبەستى دروستکردنى تێکەڵاوى و ئاشنابوون بەفەرهەنگ و کلتورى یەکتر.
لە کۆتایى دیدارەکەدا جەخت لەبەردەوامى هەماهەنگى راستەوخۆ لە نێوان هەردولا لەبوارى زانستى و ئەکادیمی و راهێنان کرایەوەو دوپاتیش کرایەوە لەسەر تاوتوێکردنى ئەنجامدانى یەکەمین قۆناخى ئاڵوگۆڕى خوێندکاران .