وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى سه‌ردانى ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كانى قه‌زاى كه‌لار ده‌كات

كاتژمێر 9 ى سه‌ر له‌به‌یانى رۆژى چوار شه‌ممه‌ 14/4/2010 پرۆفیسۆر (د.دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددین) وه‌زیرى خوێندنى باڵا  و توێژینه‌وه‌ى زانستى به‌ هاورِێیه‌تى (د. عه‌لى سه‌عید) سه‌رۆكى زانكۆى سلێمانى، ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمى و زانستییه‌كانى قه‌زاى كه‌لارى به‌سه‌ركرده‌وه‌ .

و سه‌ره‌تا له‌ په‌یمانگاى ته‌كنیكى كه‌لار له‌لایه‌ن راگرى په‌یمانگا و مامۆستایان و خوێندكارانه‌وه‌ پێشوازی كران و خۆشحاڵی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌م سه‌ردانه‌ى وه‌زیرى خوێندنى باڵا ده‌ربرِى.

پاشان (د.دلاوه‌ر) هۆڵه‌كانى خوێندن و به‌ش و تاقیگه‌كانى په‌یمانگاى به‌سه‌ركرده‌وه‌و له‌گرفت و كێشه‌و كه‌موكورِییه‌كانیانى كۆڵییه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ مامۆستایان و خوێندكاراندا گفتوگۆى كرد و دڵنیاى كردنه‌وه‌، كارى سه‌ره‌كى وه‌زاره‌ت جێبه‌جێكردنى ستراتیژى نوێى خوێندنى باڵایه‌، به‌مه‌به‌ستى پێشخستن و په‌ره‌پێدانى زانست و ئه‌كادیمیا له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌جۆرێك بتوانین بازارِى كار، به‌ كادرى شاره‌زا و پسپۆرِ و پرۆفێشناڵ و چه‌كدار به‌ زانستى نوێ و سه‌رده‌میانه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ین.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانیشدا له‌گه‌لڕ راگر و سه‌رۆك به‌ش و مامۆستایانى په‌یمانگادا، وه‌زیرى خوێندنى باڵا، ره‌وشى خوێندن و گرفت و پێداویستییه‌كانى په‌یمانگاكه‌ى تاوتوێ كرد و وتى: ناوچه‌ى گه‌رمیان یه‌كێكه‌ له‌ كاره‌ساتبارترین ناوچه‌كانى كوردستان و خاوه‌ن قوربانییه‌كى زۆره‌ و بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موومان هاوكارى یه‌كتربین بۆ چاره‌سه‌ركردنى گرفت و دابینكردنى پێداویستییه‌كان و داواى لێكردن ره‌خنه‌و پێشنیار و سه‌رنجه‌كانیان به‌ راشكاوى ئاراسته‌ى وه‌زاره‌ت بكه‌ن و به‌دڵنیاییه‌وه‌ وه‌ڵامى هه‌موو داواكارییه‌كان ده‌درێته‌وه‌. هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا وه‌زاره‌ت له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه‌ بۆ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى مامۆستایان و  بینینى خولی زانستى و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى زانستى و ئه‌كادیمیان، ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجى سه‌رخستنى پرۆسه‌ى دڵنیایی جۆرى و پێشخستنى خوێندن باڵا له‌ كوردستان. له‌به‌رامبه‌ردا راگر و مامۆستایانى په‌یمانگا سوپاسى وه‌زیرى خوێندنى باڵایان كرد بۆ ئه‌و سه‌ردانه‌.

هه‌مان رۆژ وه‌زیرى خوێندنى باڵا و  وه‌فدى هاورِێى سه‌ردانى كۆلیژى په‌روه‌رده‌ى كه‌لاریان كرد و له‌لایه‌ن د. به‌هرۆز جاف راگرى كۆلیژ و مامۆستایان و خوێندكارانى كۆلیژه‌وه‌ پێشوازی كران.

پاشان (د. دلاوه‌ر) به‌ش و هۆڵه‌كانى خوێندنى كۆلیژه‌كه‌ى به‌سه‌ركرده‌وه‌و مامۆستایان باسیان له‌ گرفت و كێشه‌ى په‌یمانگاكه‌یان كرد، كه‌ خۆى له‌ نه‌بوونى بینایه‌ى پێویست و كه‌مى وانه‌بێژ و نه‌زانینى زمانى دووه‌م لاى خوێندكاران و  چه‌ند گرفتێكى تردا خۆى ده‌بینێته‌وه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ وه‌زیرى خوێندنى باڵا به‌ڵێنى پێدان ئه‌وه‌ى له‌ تواناى وه‌زاره‌تدا بێت بۆ خزمه‌تكردنى زانكۆ و په‌یمانگاكان درێغى نه‌كات و باسى له‌وه‌ش كرد، بۆ گرفتى نه‌زانینى زمانى ئینگلیزى و عه‌ره‌بى پێویسته‌ به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌لڕ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ پلانێكى ستراتیژى و به‌رنامه‌یه‌كى نوێ دابرِێژرێت، به‌جۆرێك خوێندكاران پێش قۆناغى خوێندنى باڵا زمانى دووه‌م به‌باشى فێرببن. هه‌روه‌ها له‌ گفتوگۆى له‌گه‌لڕ خوێندكاراندا داواى لێكردن گرنگى زیاتر به‌ خوێندن و پێگه‌یاندن و خۆرِۆشنبیركردن بده‌ن و هاوكارى مامۆستا و راگرایه‌تى كۆلیژه‌كه‌یان بكه‌ن له‌پێناو ئاینده‌یه‌كى باشتر و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى زانستى و ئه‌كادیمی زانكۆكانى كوردستان بۆ ئاستى ستانداردى جیهانى.


 له‌كۆتاییدا راگرو مامۆستایان و خوێندكارانى كۆلیژه‌ى په‌روه‌رده‌ هه‌وڵه‌كانى وه‌زیرى خوێندنى باڵایان بۆ گۆرِانكارى له‌ سیسته‌مى خوێندنى باڵا به‌رز نرخاند و  سوپاسی ئه‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌یان  دووپاتكرده‌وه‌.