د.یوسف گۆران لەگەڵ وەفدێکى زانکۆى ئەمریکى لە بەیروت جەختى لە فراوانکردنى پەیوەندییەکان کردەوە

DSC_3997.JPG

 وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى دیدارێکیدا لەگەڵ وەفدێکى زانکۆى ئەمریکى لە بەیروت جەختى لە فراوانکردنى پەیوەندییەکانى دامەزراوەکانى خوێندنى لە هەرێمى کوردستان لەگەڵ ناوەندەکانى خوێندنى باڵا لەسەر ئاستى جیهان کردەوە.

لەو دیدارەدا کە دوێنێ یەک شەممە، ڕێکەوتى (١٠/١/٢٠١٦) بەئامادەبونى د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان و، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا د.ئیمان نەویهیر سەرۆکى وەفدەکە خۆشحاڵى خۆى دەربڕى کە زانکۆکەیان لە لیستى زانکۆ باوەڕپێکراوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستاندایە.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا د.ئیمان نەویهیر دواى ئەوەى کورتەیەکى لەبارەى مێژوى دامەزراندنى زانکۆکەیان و پێکهاتە و بەشەکانى خستەڕوو، ئاماژەى بەسیستمى خوێندنى لە زانکۆکەیان کرد بەتایبەت لە بوارى تەندروستى گشتیدا، ڕاشگەیاند کە بەئامانجى دروستکردنى پەیوەندییەکى بەهێز لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردوە، هەروەک هیواشى خواست دواى شارەزابون لە سیستمى خوێندن و چۆنییەتى یەکسانکردنى بڕوانامەکان لە هەرێمى کوردستان بەردنى بناغەى پەیوەندییەکى ئەکادیمیى بەهێز لەگەڵ وەزارەت و زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بونیاد بنێن.

لەبەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى ئەوەى بەگرنگیەوە باسى لە پێگەى زانکۆى ئەمریکى لە بەیروت کرد ڕایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵە و کاریش دەکات بۆ ئەوەى پەیوەندییە ئەکادیمى و زانستیەکانى لەگەڵ زانکۆ و ناوەندە گەورەکانى خوێندنى باڵا لەسەر ئاستى جیهان فراوان بکات، هەربۆیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ئامادەییە هەموو کارئاسانیەک بۆ دروستکردن و بەهێزکردنى پەیوەندییەکان بکات، لەو چوارچێوەیەشدا د.یوسف گۆران وەفدى میوانى ڕاسپارد لە نزیکەوە سەردانى زانکۆکانى کوردستان بکەن بەتایبەت زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان و ئەو زانکۆیانەى کە فاکەڵتى و کۆلێژى پزیشکیان هەیە، هەروەک دڵنیایى خۆشى پیشاندا کە ئەو جۆرە سەردان و دیدارو کۆبونەوانە بۆ داهاتوى پەیوەندییەکان بەرهەمدار دەبن و ڕێکەوتنى هاوبەشیش بەدواى خۆیدا دەهێنێت.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەموو کات دەرگاى بەڕوى ئەو زانکۆیانە کراوەیە کە پێگەیەکى دیاریان هەیەو ڕانکینگیان بەرزە. هەر لە میانەى قسەکانیدا د.یوسف گۆران وتى: بەراورد بەمێژوى وڵاتان هەرێمى کوردستان تەمەنێکى کەمى لە بوارى خویندنى باڵا هەیە، بەڵام بەبەراورد بەو تەمەنە کەمەى کە هەیەتى لە بوارى چەندایەتیدا هەرێمى کوردستان گەشەکردنێکى بەرچاوى بەخۆیەوە بینیوە، بەشێوەیەک لە ساڵى (١٩٩١) یەک زانکۆ لە هەرێمى کوردستان هەبوو، بەڵام لە ئێستادا نزیکەى (٣٠) زانکۆمان هەیە، جگە لە پەیمانگە تەکنیکیەکان، ڕونیشیکردەوە کە وەزارەتى خوێندنى باڵا لەکارى بەردەوامدایە بۆ بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن، وتیشیى بۆ گەیشتن بەو ئامانجەمان پێویستمان بەو زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمیایانە دەبێت، کە خاوەن ئەزمون و پێگەیەکى زانستى و ئەکادیمى گەورەو دیارن لەسەر ئاستى جیهان.