د.یوسف گۆران: دڵخۆشین بەدانانى بەردى بناغەى پەیوەندییە زانستیەکانمان لەگەڵ ژاپۆن

yaban

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ژاپۆن خاوەن ئەزمونێکى ناوازە و دەوڵەمەندە بەتایبەت لە بوارى تەکنەلۆژیا، بۆیە دڵخۆشین بەردى بناغەى پەیوەندییە زانستیەکانمان لەگەڵ یابان دادەنین. ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٢٩/٣/٢٠١٧) لە میانەى دیدارێکى لەگەڵ (کاتسومى مۆریاسۆ) کونسڵى گشتى ژاپۆنى لە هەرێمى کوردستان هات.

لەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.جوان جەلال بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان بەڕێوەچو، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى پتەوکردنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان ژاپۆن و هەرێمى کوردستان کرا. لە سەرەتاى دیدارەکەدا، کونسڵى گشتى ژاپۆن وتى: خوشحاڵم کە بۆ یەکەمینجارە سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەکەم، ئاشکراشیکرد خۆشحاڵن بەوەى کە یەکەمین خوێندکارى کوردیان لە زانکۆیەکى هێرۆشیما وەرگرتوە، هیواشى خواست لێرەوە بتوانن پەیوەندییەکانیان دەست پێ بکەن.

لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران: دواى بەخێرهێنانى کونسڵى ژاپۆن وتى: وەک حکومەتى هەرێمى کوردستان و، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵبوین بەکردنەوەى کونسڵى ژاپۆن لە کوردستان، ڕونیشکردەوە کردنەوەى نوێنەرایەتى ژاپۆن دەسکەوتێکى گەورەیە بۆ ئێمە. سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: گەلى ژاپۆنى و گەلى کورد لە قوربانیدان خاوەن مێژویەکى هاوبەشان، هەردوو گەل ڕوبەڕوى تاوانێکى گەورە بونەتەوە بەتایبەت لە بۆردومانکردنى بەچەکى کیمیاى ئەتۆمى، وتیشى هەر ئەو قوربانیدانە بۆتە هۆکارى پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ژاپۆن و، لەماوەى ڕابردودا چەندین وەفد بۆ بەرزڕاگرتنى قوربانیانى هەڵەبجە و هێرۆشیما سەردانى یەکتریان کردوە.

د.یوسف گۆران ئەوەشی ڕاگەیاند: بەڕەوانەکردنى یەکەمین خوێندکارمان بۆ یەکێک لە زانکۆ پێشەنگەکانى ژاپۆن خۆشحاڵین سەرەتای پەیوەندییەکى زانستى و ئەکادیمى لەگەڵ ژاپۆن دروست دەکەین، چونکە ژاپۆن لەسەر ئاستى جیهان خاوەن ئەزمونێکى زانستى و ئەکادیمى ناوازەى دەوڵەمەندە، بۆیە دەکرێ سود لە ئەزمون و شارەزاییەکانتان وەربگرین لە ڕێگەى ڕەوانەکردنى خوێندکار و ستافى زانستى و، ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش لە نێوان سێنتەرەکانى زانکۆکان بەتایبەت لە مەسەلەى قوربانیانى چەکى کیمیاى.

لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، د.جوان جەلال کورتەیەکى لەبارەى پڕۆژەى بەنێودەوڵەتیکردنى زمان و ئەدەبى کوردى و سۆکلەرشیپى ئەو پڕۆژەیە بۆ کونسڵى یابانى خستەڕو، وتى: خوێندکارانى ژاپۆنى هاوشێوەى خوێندکارانى دنیا دەتوانن سود لەو سکۆلەرشیپانە وەربگرن و لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان زمانى و ئەدەبى کوردى بخوێنن.

نەورەس نزار خدر، کە هاوەڵى کونسڵى یابانى دەکرد یەکەمین خوێندکارى کوردە کە بەرەو ژاپۆن بەڕێ دەکەوێ بۆ درێژەدان بەخوێندنى باڵا/ ماستەر لە بوارى (Information Engineerin).