بەدروشمی (مەشخەڵى زانست - تفەنگى پێشمەرگە) ڕێوڕەسمی ئاههنگی پێنجەمین خولی دەرچوانی زانکۆی لوبنانى فەرەنسى له شاری هەولێر بهڕێوهچوو.
لهو ئاههنگهدا كه ئێوارەى دوێنێ شەممە, ڕێکەوتى (٣١/١٠/٢٠١٥) بە ئامادەبوونى "پ.د.کەریم عەبدول" نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى و و ژمارەيەكى زۆر لە مامۆستایان و كهس وكاری دهرچوان بهڕێوهچوو، چهند وتهیهكی تێدا پێشكهش كرا.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بههاتنه ناوهوهی کەژاوەی دهرچووان و مامۆستایانی زانكۆ و ئەنجومەنى زانکۆى لوبنانى فەرەنسى دهستی پێكرد، پاشان ئامادهبوان ساتێك بە بێدەنگی بۆ گیانی شههیدانی ڕێگهی ڕزگاری كوردستان وەستان، دواتر چهند ئایهتێك له قورئانی پیرۆز خوێندرایهوه.
ههر بهو بۆنهیهوه "پ.د.کەریم عەبدول" ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا وتەی د.یوسف گۆران وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی پێشکەش کرد.
لە وتارەکەیدا دواى ئەوەى کورتەیەکى لە بارەى مێژووى خویندنى باڵا لە کوردستان و ئەو گەشەکردنەى کە لەدواى ساڵى نەوەدەکانەوە بەخۆیەوە بینیوە خستەڕوو، وتی: لە ئێستادا وەزارەتى خوێندنى باڵا گرنگى زیاتر بەکواڵیتى خوێندن لە زانکۆکان دەدات، لەو بوارەشدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى هەنگاوى ناوە بەئاڕاستەى بایەخپێدان بە توێژینەوەى زانستى لە زانکۆکان, بۆ ئەو مەبەستەش سێنتەرى توێژینەوە لە زانکۆ حکومى و تایبەتیەکان دادەمەزرێنێت، جگە لە هەنگاونان بۆ دامەزراندنى بۆردێکى تایبەت بە توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان, کە پلانى وەزارەت دەبێت بۆ چارەسەرکردنى کیشەکانى وەزارەت و دەزگاو دامەزراوەکانى حکومەت.
سەبارەت بەزانکۆ تایبەتەکانیش نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: ڕێنمایى وەزارەت بۆ زانکۆ تایبەتەکان ئەوەیە, کە گرنگى زیاتر بدەن بە ڕاهێنانى مامۆستایان و خوێندکاران و, گرنگیدان بەلایەنى پراکتیکى, لەهەمان کاتدا نوێکردنەوەى پڕۆگرامەکانى خوێندن بەشێوازێک بگونجێ لەگەڵ پێشکەوتنەکانى سەردەم و پەرەدان بەتواناکان لە ڕوى تەکنەلۆژیاى فێرکردن و ڕاهێنان و دابینکردنى پێداویستیە زانستیەکان لە ڕێنماییەکانى وەزارەتەکەمانە بۆ زانکۆ تایبەتەکان, لەهەمان کاتدا ڕێنوێنى زانکۆ تایبەتەکان دەکەین گرنگى زیاتر بەدڵنیاى جۆرى و زانستخوازى بەردەوام بدەن, کە ئەڵقەى گرنگن لە پڕۆسەى ڕیفۆرمى خوێندندا.
هەر لە وتەکەیدا د.کەریم عەبدول ڕوو لە زانکۆ تایبەتەکان وتى: پێمان باشە زانکۆ تایبەتەکان گرنگى بە پەیوەندییەکانى ناوەو دەرەوە بدەن بەمەبەستى سود وەرگرتن لە ئاستى پێشکەوتن لە زانکۆ جیهانیەکاندا, بەتایبەت کار بکەن بۆ ڕێکخستنى کۆنفرانس و سمینارو ئەلقەى زانستى و چالاکى گرنگ لە زانکۆکاندا.
لە کۆتایى وتارەکەشیدا نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایی وەزارەتى ئاڕاستەى سەرۆکایەتى زانکۆى لوبنانى فەرەنسى کرد، کە زۆر بەپەرۆش و دڵسۆزانە هەوڵیانداوە بۆ ڕەخساندنى کەش و هەواى لەبارو دابینکردنى پێداویستیە زانستییەکان بۆ پێگەیاندنى ئەو پۆلە لە دەرچوان، هەروەک پیرۆزبایى ئاڕاستەى خانەوادەى دەرچووان کرد کە ئەوپەڕى هەوڵیان داوە بۆ پێگەیاندنى نەوەکانیان، لەهەمان کاتدا پیرۆزباى لە دەرچوانیش کرد کە توانیان ئەو دەسکەوتە گەورەیە بۆخۆیان بەدى بهێنن، هیواشى خواست لە ژیانى ئایندەیاندا پێگەى خۆیان لە نەخشەى ئاوەدانکردنەوەى هەرێمى کوردستان بەپێیى پسپۆڕییەکانیان دیارى بکەن.
له بهشێكی دیكهی ئاههنگهكهدا پ.د.محمد خۆشناو سەرۆكی زانكۆی لوبنانى فەرەنسى وتەیەکی پێشكهش كرد و بەخێرهاتنی گەرمی سەرجەم میوانانی ئاههنگهكهی كرد و پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستهی دهرچوان کرد.