بەڕێوەبەرى گشتى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: بەهۆى هەوڵە بەردەوامەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتى (١٠/٨/٢٠١٥)، توانرا بڕى (٤٥٨,١٤١) هەزار یۆرۆ بۆ خوێندکارانى خوێندنى باڵا لە فەرەنسا خەرج بکەین.
لە چوارچیوەیەدا د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەرى گشتى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان وتى: بڕى ئەو پارەیەمان لە ڕێگەى بانکیەوە خستە سەر ژمارەى بانکى ڕێکخراوى (کامپس – فرانس)، بۆیە پێویست ناکات خوێندکارانى خوێندنى باڵا سەردانى وەزارەت بکەن، ئاشکراشیکرد ئەو پارەیە وەک مافە داراییەکانى دەرماڵەى مانگانەو هاوسەرییە بۆ نیوەى دوەمى ساڵى ٢٠١٥ بۆ سەرجەم ئەو خویندکارانەی، کە لە چوارچێوەى بەرنامەى تواناسازى و ڕێکەوتنى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ڕێکخراوى (کامپس – فرانس)، لە فەرەنسا دەخوێنن.
لە ماوەى ڕابردودا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕێکەوتنامەیەکى لەگەڵ ڕێکخراوى (کامپس – فرانس) ئیمزا کرد بۆ کارئاسانیکردن بۆ ئەو کاندیدانەى بەرنامەى تواناسازى کە لەزانکۆکانى فەرەنسا دەخوێنن.