حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى گه‌شتى زانستى بۆ خوێندكاران ده‌رده‌برِێت

سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ره‌زامه‌ندیدا به‌ خه‌رجكردنى بودجه‌ى پێویست، به‌ مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى گه‌شتى زانستى بۆ خوێندكارانى قۆناغى كۆتایى سه‌رجه‌م كۆلێژ و په‌یمانگه‌ ته‌كنیكییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان .

دوابه‌دواى به‌رزكردنه‌وه‌ى نووسراوێك له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستى بۆ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ دابینكردنى بودجه‌ى پێویست بۆ ئه‌نجامدانى گه‌شتى زانستى بۆ خوێندكارانى قۆناغى كۆتایى گشت كۆلێژ و په‌یمانگه‌كان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران رِه‌زامه‌ندیدا به‌ خه‌رجكردنى (2,599,430,000) دوو ملیار و پێنج سه‌د و نه‌وه‌د و نۆ ملیۆن و چوارسه‌د و سی هه‌زار دینار.

جێى ئاماژه‌یه‌ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ئه‌و برِه‌ پاره‌یه‌ى ره‌زامه‌ندیداوه‌ له‌سه‌ر خه‌رجكردنى له‌رێگه‌ى وه‌زاره‌تى داراییه‌وه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌سه‌ر زانكۆو ده‌سته‌ ته‌كنیكییه‌كان دابه‌ش ده‌كرێت: برِى 595,960,000 دینارى بۆ زانكۆى سلێمانى، برِى 713,760,000 بۆ زانكۆى سه‌ڵاحه‌ددین، برِى 310,000,000 بۆ زانكۆى دهۆك، برِى 200,000,000 بۆ زانكۆى كۆیه‌، برِى 42,000,000 بۆ زانكۆى هه‌ولێرى پزیشكى، برِى 170,000,000 بۆ ده‌سته‌ى خوێندنى ته‌كنیكى سلێمانى و، برِى 567,710,000 بۆ ده‌سته‌ى خوێندنى ته‌كنیكى هه‌ولێر ته‌رخان كردووه‌. راگه‌یاندنى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى

15/5/2010