وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دامەزراندن و دەستبەکاربونى بۆردى توێژینەوەى زانستى ڕادەگەیەنێت و، وەک گرانتى یەکەمیش بڕى (١٠٠) ملیۆن دینار بۆ بۆردەکە تەرخان دەکات.
عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەپێناو داڕشتنى چوارچێوەى سیاسەت و ستراتیژى گشتى توێژینەوەى زانستى و، هاندان و گەشەپێدان و کاراکردنى چالاکى توێژینەوە لە بوار و پسپۆڕى جیا و، لەبەر ڕۆشنایى پێداویستیە زانستى و تەکنەلۆژى، ئابورى، سیاسى و کۆمەڵایەتیەکانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دامەزراندن و دەستبەکاربونى بۆردى توێژینەوەى زانستى ڕادەگەێنین، ئاشکراشیکرد ئەم بۆردە کار بۆ ئاراستەکردن و پشتیوانیکردنى چالاکى توێژینەوەى زانستى لە ڕێگەى دەستەبەرکردنى گرانتى ساڵانە دەکات و، هەوڵى دۆزینەوەى پارتنەرى نێودەوڵەتى بۆ پڕۆژەکانى توێژینەوە و بەخشیننى بەو پڕۆپۆزەڵانەى کە ئاستى زانستیان بەرزەو لە ئەولەویەتى بەرژەوەندى نیشتیمانى هەرێمى کوردستان دەکات.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: بۆ بەڕێوەبردنى کارەکانى بۆردەکە وەزارەتەکەمان بڕى (١٠٠) ملیۆن دینار وەک گرانتى یەکەم پێشکەش بەبۆردى توێژینەوەى زانستى کرد، تا لە ڕێگەى پێشبڕکێ بدرێتە بەپرۆپۆزەڵى ئەو توێژینەوانەى کە دەچنە خزمەتى چارەسەرکردنى بابەتەکانى تایبەت بەهەرێمەکەمان، وتیشى لەئێستادا بۆردەکە دەرگاى پێشکەشکردنى پڕۆپۆزەڵى توێژینەوەکانى بەڕوى توێژەرانى هەرێمەکەمان كردۆتەوە.
لەبارەى هەوڵەکانى وەزارەت بۆ گەیشتن بەسەرچاوە زانستیەکان بۆ توێژەران، عەباس ئەکرەم وتى: لە ئێستادا وەزارەتەکەمان سەرقاڵى ڕێکخستنى گرێبەستێکە لەگەڵ یەکێک لە بەناوبانگترین دامەزراوەکانى بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى بۆ ئەوەى بتوانین دەرفەتى گەیشتن بەسەرچاوە و گۆڤار و بڵاوکراوە زانستیە نێودەوڵەتیەکان بۆ توێژەرانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بڕخسێنین، بۆ ئەوەش وتى: توێژەرەکانمان کاتێک دەتوانن بەشدارى زیاتر لە بەرهەمهێنانى مەعریفە بکەن، ئەگەر خۆیان دەستیان بەنوێترین سەرچاوەى زانستى بگات، ئاشکراشیکرد لە ئایندەیەکى زۆر نزیکدا (ئەکسێسى) یاسایى بۆ گۆڤارە زانستیەکان لەبەردەم توێژەرانى کوردستان و، سەرجەم مامۆستایانى زانکۆ دەکەینەوە، كە ئەم هەنگاوە هەمو بوار و پسپۆڕییەکان دەگرێتەوە.
لە بەشێکى دیکەى لێدوانە ڕۆژنامەیکەیدا وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە کاریگەرییەکانى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان لەسەر توێژینەوەى زانستى کرد و لەو بارەیەوە وتى: لەدواى جێبەجێکردنى پڕۆسەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەبەراورد بە ساڵەکانى (٢٠١٥-٢٠١٦) بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى لە گۆڤارە زانستیە ئاستبەرزەکانى دونیا بەڕێژەى (٨٠%) زیادى کردوە، هەروەها ئەنجامدانى کۆنفرانسى زانستى ناوخۆیى بەڕێژەى (١٤٣%) زیادیکردوە، بەهەمان شێوە ئەنجامدانى کۆنفرانسى نێودەوڵەتى بەڕێژەى (١٠٠%) زیادى کردوە، بۆ خولى ڕاهێنان و پەرەپێدانى تواناکانیش ئاشکراشیکرد بەڕێژەى (٦٣%) زیادیان کردوە، عەباس ئەکرەم جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە جێبەجێکردنى ڕیزبەندى نیشتیمانى هۆکار بوە بۆ زیادبووى توێژینەوەکان، هەروەک جێبەجێکردنى پڕۆژەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان گۆڕانکارى زۆر گرنگى لەگەڵ خۆشیدا هێنایە ئاراوە، لەوانە کلتورى کێبڕکێی زانستى تۆخکردەوە، پێوەر و ستاندارد و کەلتورى نوێى هێنایە ناو ئەزمونى ئەکادیمیاى کوردستانەوە، لەگەڵ چەندین دەسکەوتى دیکەى گەورەى زانستى.