د.یوسف گۆران: خوازیارین لە بوارى خوێندنى باڵا پەرە بەخوێندنى پیشەیى بدەین و سیستمێکى بۆ دابرێژین

kobwnewe legel sendikakan

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەک چۆن هەنگاوەکانمان بەئاراستەى پەرەپێدانى خوێندنى پیشەیى و کردارى لە قۆناخى بنەڕەتى دەستپێکردوە، بەهەمان شێوە دەمانەوێ لە ئاستى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆر پەرە بەخوێندنى پیشەیى بدەین.

ئەو ڕاگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتى (٢٤/٧/٢٠١٧) لە میانەى دیدارێکى لەگەڵ سەرۆک و سکرتێر و نوێنەرى  یەکێتیى و ڕێکخراو و سەندیکا پیشەییەکانى هەرێمى کوردستان هات.

لەسەرەتای دیدارەکەدا، د.یوسف گۆران وتى: خوێندنى پیشەیى یەکێکە لە ئەولەویاتە هەرە گەورەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، حکومەت دەخوازێ لەسەرجەم ئاستەکان پەرە بەخوێندنى پیشەیى بدات، چونکە خوێندنى پیشەیى بۆتە یەکێکە لە پێداویستیە هەرە گرنگەکانى ئەمڕۆى بازارى کوردستان و جیهان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕونیشیکردەوە، کە وەک وەزارەت دەخوازین توێژێک دروست بکەین کە توانا و بەهرەى هەبێ و، بتوانێ لە بازارى کارى کوردستان کار بکات و، کاریش بۆ خەڵکى دیکە بدۆزێتەوە، د.یوسف گۆران ڕاشیگەیاند: ئێستا هەنگاوەکانمان لە خوێندنى بنەڕەتى دەستیپێکردوە، بەهەمان شێوە دەمانەوێ لە خوێندنى باڵا-ش (ماستەر و دکتۆرا) دەست پێ بکەین.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکراشیکرد بۆ گەیشتن بەو سەرەتا دبێ دیدگاى سەندیکا پیشەییەکان وەربگرێن، بۆ ئەوەى چوارچێوەیەکى یاسایى بۆ دابڕێژین و، لە داڕشتنى ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا بەشێوازێکى جیاواز باس لە خوێندنى پیشەیى بکەین، ڕونیشیکردەوە هەر خوێندکارێک کە لە خوێندنى باڵا بۆ خوێندنى پیشەیى وەردەگیرێ لە تەواوى پرۆگرامى خوێندنەکەى جەخت لەسەر لایەنى پیشەیى دەکرێتەوە، بەهیچ شێوەیەک ئەکادیمى نابێ و، بڕوانامەى ئەکادیمیشیان پێ نادرێ، بەڵکو بڕوانامەى پیشەییان پێ دەدرێ بۆ ئەوەى لە بازارى کار تواناکانى بخاتەگەڕ، وتیشى لەم هەنگاوەماندا زیاتر پشت بەسەندیکا و ڕێکخرا و یەکێتیە پیشەییەکان دەبەستین، هەر لەبەر ئەوەش دەمانەوێ لەسەرەتاوە لە ڕاو سەرەنج و پێشنیازەکانتان ئاگاداربین، ئاشکراشیکرد تا ئێستا سیستمێک بۆ خوێندنى پیشەیى لە ئاستى خوێندنى باڵا نیە، بۆیە دەخوازین لێرەوە بناخەى ئەو سیستمە دابڕێژین.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى وتى: ئەم خوێندنە کە دەست پێ دەکات زیاتر بۆ خوێندنى ماستەر و ددکتۆرا دەبێ، بەڵام بەشێوەیەکى بڕوانامەکەیان وەک پیشەیى پێ دەدرێ نەک ئەکادیمى، بەڵام هەمان ئیمتیاز و ماف و ئەرکى خاوەن بڕوانامەیەکى ئەکادیمى دەبێ، وتیشى پڕۆگرامەکان زیاتر لە بوارى ڕاهێنان دەبێ، واتا جیاواز لەلایەنى ئەکادیمى کە بەدواى نوێترین داهێنان توێژینەوە دەگەڕێ، بەڵام خوێندنى پیشەیى زیاتر توێژینەوە و دۆزینەوەکان جێبەجێ دەکات.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، د.نەژدەت ئاکرێى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: ئەزمونى خوێندنى پیشەیى لە ئێراق و کوردستان هەبوە، وەک بۆردى پزیشکى و، خوێندنى ژمێریاران و، بۆ بازارى کار زۆر سود بەخش بوە، بەڵام ئێستا دەخوازین ئەو ئەزمونە فراوان بکەین و، چوارچێوە و ڕێنماییەک بۆ ئەو خوێندنە دابڕێژین، چونکە دەمانەوێ ئابورى مەعریفە لە کوردستان بەهێز بکەین، یەکێک لە پایەکانى ئابورى مەعریفەش بایەخدانە بەخوێندنى پیشەیى، هیواى خواست سەندیکا و ڕێکخراو یەکێتیە پیشەییەکان هاریکاربن.

لە بەرامبەردا، نوێنەرى سەرجەم یەکێتیى و ڕێکخراو و سەندیکا پیشەییەکان دواى ئەوەى بەگرنگیەوە لە کۆبونەوەکەیان ڕوانى، سوپاسى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى-یان کرد بۆ بانگهێشتکردن و گوێگرتن لە ڕاو پێشنیازى سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەییەکان لە داڕشتنى ڕێنماییەکان، وتیشیان ئەوە یەکەمین ئەزمونى لەو جۆرە کە حکومەت لە داڕشتنى ڕێنماییەکان گوێمان لێ بگرێ، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیاندا بەگرنگیەوە باسیان لە خوێندنى پیشەیى کرد و، ڕاشیانگەیاند لە داهاتودا وردەکارى سەرەنج و بۆچون و پێشنیازەکانیان بۆ چۆنیەتى پەرەپێدانى خوێندنى پیشەیى بەتایبەت لە بوارى خوێندنى باڵا بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەرز بکەنەوە.

کۆبونەوەکە، بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى، د.نەژدەت ئاکرێى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان و، فوئاد سمایل یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان و، سەرتیپ خاڵص بەڕێوەبەرى خوێندنى باڵا بەڕێوەچو.