وەزیرى خوێندنى باڵا: پڕۆژەى ڕوپێوى پێداویستى خاوەنکارەکان جێبەجێ دەکەین

konfransi politeknik

د.یوسف گۆران ڕاگەیاند:  لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەکارى بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەى (ڕوپێوى پێداویستى خاوەنکارەکان)ە دەکەن،  ئاشکراشیکرد ئامانج لە جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە کارکردنە بۆ دیاریکردنى شێواز و میکانیزمێکى زانستى ساڵانەى پێداویستیە بنەڕەتییەکانى بازاڕى کار.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (١٧/٥/٢٠١٧) لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێکی لە کۆنفرانسى خوێندنى تەکنیکى هات، لەو کۆنفرانسەدا، بەدروشمى (بەخوێنى شەهیدان چراى زانست هەر گەشاوەیە لە کوردستان) بەچاودێرى و ئامادەبونى (د. یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هۆڵى سێنتەرى ڕۆشنبیرى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر دەستى بەکارەکانى کرد، کۆنفرانسەکە لەلایەن زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بە هاوبەشى پەیمانگە تەکنیکیە تایبەتەکانى (ئایندە – ڕواندز – ئاکرێ) بەڕێوەدەبرێت و تایبەتە بە (بەربەستەکانى بەردەم خوێندنى تەکنیکى و پێویستییەکانى ناو بازاڕ) و، بۆ ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێ.

گرنگى خوێندنى پیشەیى لە هەرێمى کوردستان

لە وتارێکدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕايگەیاند: جێگەى خۆشحاڵیە کە ئەمساڵ زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر جێ دەستى لە رێکخستنى ژمارەیەک کۆنفرانس و دیدارو کۆڕبەندى زانستى دیارە، کە بێگوکان هەمویان خزمەت بە ڕەوتى گەشەکردنى خوێندنى پیشەیى و خوێندى باڵا لە هەرێمەکەمان دەکەن، وتیشى گەشەپێدانى خوێندنى پیشەیى یەکێکە لەو بابەتە گرنگ و هەستیارانەى کە لەسەر ئاستى دونیا دیبەیتى زانستى و جدى لەسەر دەکرێت و، بەیەکێک لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانى گەشەسەندنى ئابورى و کۆمەڵایەتى هەژمار دەکرێت.

د.یوسف گۆران ڕاشیگەیاند هەرچەندە هەرێمى کوردستان هەنگاوى بەرچاوى بۆ گەشەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى ناوە، بەڵام هێشتا کارى زیاترمان دەوێت، بۆیە لە هەنگاوى یەکەم بە کردنەوەى سێ زانکۆى پۆلیتەکنیک دەستمان پێکردو و، دواتریش پەسندکردنى ڕێنمایى کردنەوەى پەیمانگەى تایبەتەکان بو، بۆیە ئێستا کاتى ئەوە هاتوە پێکەوە هەمومان هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەم هەنگاوانە بکەین و، بەچاوێکى زانستى و ئۆبجێکتیڤ بۆ بارودۆخى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى لەهەردو کەرتى گشتى و تایبەت شیبکەینەوە.

بەبەراود بە وڵاتان ڕێژەى بەشداربوان لە خوێندنى پیشەیى لەئاستێکى دڵنیاکەرەوە نیە

لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: بەپێى داتاکانمان لەئێستادا (٢٤%)ى کۆى گشتى خوێندکارانى هەرێمى کوردستان لە ئاستى کۆلێژ و پەیمانگەکانى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان دەخوێنن، لە کاتێکدا لە وڵاتانى دیکەى دونیادا ڕێژەکە زۆر زیاترە، کەواتە بەبەراود بە وڵاتانى دونیا ڕیژەى بەشداربون لە خوێندنى پیشەیى لە هەرێمى کوردستان لە ئاستێکى دڵنیاکەرەوەدا نیە، نەلەسەر ئاستى قۆناغى ئامادەی و نە لەسەر ئاستى قۆناغى خوێندنى پاش ئامادەیى.

شێوازى وەرگرتن لە کۆلێژە تەکنیکییەکان پێویستى بە پێداچونەوە هەیە

لەبارەى شێوازى وەرگرتن لە کۆلێژە تەکنیکییەکان د. یوسف گۆران وتى: میکانیزمى وەرگرتن لە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان بەم شێوازى بەڕێوەناچێت کە لە بنەڕەتدا پلانى بۆ دانراوە، بەتایبەت شێوازى وەرگرتن لە پەیمانگە و، دواتر وەرگرتن لە کۆلێژە تەکنیکییەکان پێویستى بە دوبارە پێداچونەوە و داڕشتنى میکانیزمى نوێییە بەتایبەت میکانیزمێک، کە لەگەڵ پێداویستیەکانى بازاڕى کارو گەشەکردنى ئابورى هەرێمى کوردستان گونجاو بێت،  وتیشى بۆ ئەوەى بمانەوێت شێوازێکى نوێ بۆ خوێندنى تەکنیکى دابڕێژینەوە پێویستمان بەوەیە هەمولایەنە پەیوەندارەکان پێکەوە کار بکەین بەتایبەت وەزارەتە پەیوەندارەکان و زانکۆکان و توێژەران و کەرتى  گشتى و کۆمپانیاکان بەمەبەستى ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى مەیدانى بۆ تێگەیشتنى قوڵ لە پێداویستییەکانى بازاڕى کارى هەرێمى کوردستان.

ئامادەکارى بۆ پرۆژەى ڕوپێوى پێداویستى خاوەنکارەکان دەکرێت

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەر لەمیانى وتارەکەیدا ئاماژە بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانى وەزارەت کرد کە لەئێستادا ئامادەکارى دەکرێت کە ئەویش جێبەجێکردنى پرۆژەى (ڕوپێوى پێداویستى خاوەنکارەکان)ە، ئاشکراشیکرد ئامانج لە جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە کارکردنە بۆ دیاریکردنى شێواز و میکانیزمێکى زانستى ساڵانەى پێداویستیە بنەڕەتییەکانى بازاڕى کار، وتیشى لەو ڕێگەیەوە لە کارامەیى خاوەن کارەکانى کوردستان لە هەردو کەرتى گشتى و تایبەت تێدەگەین، کە پێویستى هەنوکەییان چیە، وتیشى لێرەوە دەتوانین ئابورى هەرێمى کوردستان گەشەى زیاترى پێ دەدرێت، هەلى کارى گرنگیش زامن دەکەین. بۆ سەرخستنى ئەم هەنگاوە د. یوسف گۆران ڕایگەیاند پێویستمان بە هەماهەنگی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانە بۆ ئەوەى بتوانین داتا بەیسێکى دەوڵەمەند بۆ پێداویستییەکانى بازاڕى کار دابمەزرێنین، هەروەها بتوانین لەبەر رۆشنایى ئەو داتایانەدا سیاسەتى گشتى خوێندنى ڤۆکەیشنەڵ دابڕێژین و، ناوەرۆکى پرۆگرامەکانى خوێندن و پێداویستییەکانى گەشەکردنى بازاڕى کار پێکەوە ببەستینەوە.

لەڕێگەى سێنتەرەکانى بەکارخستن هەلى ڕاهێنان فراوانتر بوە

لەبارەى رەخساندنى هەلى راهێنانى ڕاستەقینە بۆ خوێندکاران، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: زۆر گرنگە خوێندنى پیشەیى تەنها لە پۆلەکانى خوێندن و تاقیگەکاندا قەتیس نەبێت، بەڵکو دەبێ هەوڵ بدەین هەلى ڕاهێنانى ڕاستەقینە لە مەیدانى کاردا بۆ خوێندکاران بڕەخسێنین، وتیشى خۆشبەختانە لە ماوەى دوو ساڵى ڕابردو لە ڕێگەى سێنتەرەکانى بەکارخستن توانیمان هەلى ڕاهێنان فراوانتر بکەین، هەم لەڕوى ژمارەى خوێندکاران و، هەمیش لە ژمارەى کۆمپانیا بەشداربوەکاندا.

پەیمانگە تایبەتەکان لە پڕۆگرامەکانى خوێندن و ڕاهێنان مۆدێلێکى نوێیان هێنایە ئاراوە

لەبارەى خوێندنى پیشەیى و ڤۆکەیشنەڵ لەکەرتى تایبەتدا، د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: چاوەڕوانیمان لە پەیمانگە تایبەتەکان ئەوەبو بتوانن مۆدێلێکى نوێ لەبەر رۆشنایى ئەزمون و شارەزایى نێودەوڵەتى لە خوێندنى تەکنیکى بونیاد بنێن، کە لە سیستم و ناوەڕۆکى پڕۆگرامەکانى خوێندن و ڕاهێنان جیاواز بێت لەو مۆدێلەى کە چەندین ساڵە لە ئیراق پەیڕەو دەکرێت، وتیشى هەرچەندە بەشێک لە پەیمانگە تایبەتەکان هەوڵە دەدەن، بەڵام ئەوەى جێگەى داخە بەشێکیان نەیانتوانیوە ئامانجە سەرەکییەکانى گەشەکردنى خوێندنى تەکنیکى بهێننەدى، چونکە ئەرکى ئەم پەیمانگەیانە وەک ئەرکى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان دروستکردنى کادیرێکى ناوەندی پیشەییە بۆ کەرتە جیاکانى بازاڕى کار، د.یوسف گۆران ئاشکراشیکرد کە دەیانەوێت و داوا لەو پەیمانگە و زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان دەکەن کارامەیى (skill) كار بۆ خۆێندكاران دروست بكەن، نەك تەنها بڕوانامەیان پێ ببەخشین، بۆیە گرنگە بزانین ئێمە لەگەڵ و لە پێناو چ توێژێکى کۆمەڵ کار دەکەین.

لەکۆتایى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە ڕێگەى سیستمى دڵنیایى جۆرى و ڕاپۆرتەکانى (Audit)ى ساڵانە وەزارەتەکەمان بەوردى چاودێرى پەیمانگە تایبەتەکان دەکات، وتیشى لە ئێستادا زانیارى تەواو لەسەر ئاست و ئەداى پەیمانگە تایبەتەکانیان لەبەردەستدایە و، لەبەر رۆشنایى بەرژەوەندى گشتى دا بڕیارى پێویست دەدەن.

خوێندنى تەکنیکى لە کوردستان پێوستى بە چاکسازى و ڕیفۆرم

هەر لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا، د. کاوە عىەبدولکەریم شێروانى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر لە وتەیەکیدا ڕایگەیاند: خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى لە هەرێمى کوردستان گرنگى زۆرى هەیە و هەست بە گرنگى زۆرى ئەم خوێندنە دەکەین، بۆیە لەسەرتاسەرى جیهاندا ئەو زانکۆیانەى گرنگى بە خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى دەدەن لە ڕیزى پێشەوەى ڕیزبەندى جیهانى زانکۆکاندان، هەر بۆیە کەرتى خوێندنى تەکنیکى لە کوردستان پێوستى بە چاکسازى و ڕیفۆرم هەیە بۆ ئەوەى لەگەڵ بازاڕى کاردا بگونجێت.

 لە کۆنفرانسەکەدا (٣٠)توێژینەوە دەخرێتەڕو

لە کۆنفرانسى زانستى (بەربەستەکانى بەردەم خوێندنى تەکنیکى و پێویستییەکانى بازاڕى کار) کە بۆ ماوەى دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، تەوەرە سەرەکییەکانى کۆنفرانس بریتین لە (کارى سەبەرخۆ، رێگاکانى وانە وتنەوە، دڵنیایى جۆرى، ...)، هەروەک ئامانج لە بەستنى کۆنفرانسەکە بریتیە لە بەستنەوەى ڕاستەوخۆى خوێندنى تەکینکى بەبازاڕى کار و دەستنیشانکردنى پێویستییەکانى بازار، هەروەها سودوەرگرتن لەدەرفەتەکان بۆ پێگەیاندنى گەنجان و لاوان، هەروەک لە کۆنفرانسەکەدا سود لە کەسانى ئەکادیمى وپسپۆڕ وەرگیراوەو، و ٣٠ توێژینەوە لە بوارەکانى (ژمێریارى، کارگێڕى دارایى، تەکنەلۆژیا، ئینگلیزى ، دڵنیایى جۆرى، گەشتوگوزار) پێشکەش دەکرێن و، گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.