لە کۆبونەوەى نێوان وەزیرانى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئەوقاف و کاروبارى ئاینى، چەند بابەتێکى هاوبەش لە نێوان هەردولا گفتوگۆى لەبارەوە کرا، بۆ پەرەپێدان و پێشخستنى ئاستى پەیوەندیەکانیش بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەکى هاوبەش درا.
ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (٢٤/٢/٢٠٢٠) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە د. پشتیوان سادق وەزیرى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى، لە کۆبونەوەیەکدا کە هەریەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى هەردو وەزارەت ئامادەیبون، چەند بابەتێکى هاوبەش لەنێوان هەردولا بڕیارى لێدرا.
لە سەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر دواى بەخێرهاتنى وەزیرى ئەوقاف کارى هاوبەشى هەردو وەزارەتى لەسەر چەند تەوەرێک خستەڕو، باسیشى له رۆڵ و ئهزمونى ههرێمى كوردستان كرد له بهديهێنانى ئاشتى و تهبايى نێوان پێكهاتهكان، دواتر ڕوناکی خستە سەر پێکھاتە ئاینییەکانی کوردستان و رۆڵی حکومەتی ههرێم لەخزمەتکردنی ھەمەلایەنە بەبێ جیاوازی و ئاماژەدان بە ستراتیژیەتی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم کە ئامانجی سەرەکی برەودانە بە پێکەوە ژیان و گیانی پێکەوەیی.
لەلایەن خۆیەوە، د. پشتیوان سادق لە وتەیەکدا جەختى لە پەرەپێدانى و بەردەوامى پەیوەندیەکان کردەوە لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا، وتیشى: کوردستان هەمیشە لانەی پێکەوە ژیان و کلتور و ئاین و نەتەوە جیاکان بوەو بۆتە مەڵبەندی ئاشتی و پێکەوەیی ناوچەکەو تابلۆیەکی جوان بۆ ناوچەکە. بۆ پەرەپێدانى پەیوەندیەکانیش دوپاتى بەردەوامى دیدارو کۆبونەوەکان دا بەشێوەیەک خزمەت بە بەرەو پێشبردنى ئاستى زانستى دامەزراوە زانستیەکان بدات.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا بابەتە هاوبەشەکانى نێوان هەردولا خرایەڕو و بڕیارى پێویستیان بۆ دەرکرا.