زانكۆی سەڵاحەدین یەکەمین کۆرسى پەرەپێدانی توانای ئەكادیمی بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرا کردەوە

5.JPG

 لەبەر ڕۆشنایى ڕێنمایى تازەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ کردنەوەى کۆرسى پەرەپێداناى تواناى ئەکادیمى بۆ هەڵگرانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرا، لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان زانکۆى سەڵاحەددین یەکەمین کۆرسى پەرەپێدانی توانای ئەكادیمی کردەوە.

لە مەراسیمى کردنەوەى کۆرسەکەدا، کە بەئامادبوونی پ.ى.د ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین و ژمارەیەكی بەرچاو لە هەڵگرانی بڕوانامەی دكتۆراو ماستەر لە سەنتەری رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی زانكۆی سەڵاحەدین دەستیپێکرد، سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین لە وتەیەکدا وێڕای پیرۆزباییكردن لە بەشداربوان، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی فێركردنی بەردەوامكرد بۆ كردنەوەی ئەم خولەو، پشتگیری خۆشی دەربڕی بۆ سەرخستنی بەڕێوەچونی خولەكە، ئەوەشی ڕاگەیاند كە زانكۆی سەڵاحەدین وەك گەورەترین زانكۆ لە هەرێمی كوردستان شانازی دەكات بەوەی كە (19) خولی ڕێگەكانی وانەوتنەوەی دەستپێکرد و، سەدان كەس لە زانكۆكانی ئێراق و كوردستان لە خولەكاندا بڕوانامەی زانكۆی سەڵاحەدینانیان وەرگرتوەو توانیویانە باشترین و بە ئەزمونترین مامۆستا لە ڕێگەی  ئەكادیمیستە پرۆفیشناڵە قاڵبوەكانمانەوە پێ بگەیەنین، وتیشى ئەوەش ڕەنگدانەوەی لەسەر گۆشكردنی قوتابی و خوێندکاران بە شێوازێكی تازەی هاوشێوەی سیستەمی تازەی زانكۆ ئاست بەرزەكانی جیهان دەبێت، ئەوەشی ڕاگەیاند: زانكۆی سەڵاحەدین لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بۆ یەكەمینجار بە شێوازی تازە لەسەر ڕێنمایی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەى زانستى ئەم كۆڕسە دەكاتەوە بۆ پەرەپێدانی توانای ئەكادیمی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرا، بۆیە دیسان زانكۆی سەڵاحەدین لە ئەنجامدانی ئەو كۆڕسەو كارە زانستنی و ئەكادیمیەكانی دیكە بۆتە پێشەنگ.

لەو كۆڕسەی پەرەپێدانی توانای ئەكادیمی، کە بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرا کراوەتەوە ماوەی (6)مانگ دەخاێنێت كە(240) سەعات دەبێت و، لە ڕێکەوتى (17ی تەمموزی 2016) تا كۆتایی (مانگی شوباتی 2017) بەردەوام دەبێت، لە نێو ئەو كۆرٍسەدا (120) سەعات تایبەت دەبێت بە بەرزكردنەوەی توانای زمانی ئینگلیزی، هەروەک (120) سەعاتى دیکەش تایبەتە بە كۆڕسی (ڕێگەكانی وانەوتنەوە، توێژینەوەی زانستی، سەركردایەتی و بەڕێوەبردنی ئەكادیمی)، هەروەک لە ماوەى کۆرسەکەدا لەلایەن  (17) مامۆستای پسپۆری ئەكادیمی خاوەن ئەزمونی وانبێژی و زمانزان لە زانكۆدا چەندین بابەتی هەمەجۆر و بەسود پێشكەش بەبەشداربوان دەكرێ. وانەکان لەلایەن مامۆستایانى بەئەزمونى زانكۆ کە بریتین لە (دڵنیایی جۆری، ڕێنمایی زانكۆیی، پێوانەو هەڵسەنگاندن، زمانی جەستەو تۆنی دەنگ، ڕێنمایی دەرونزانی و كەسایەتی، فێركردنی ئەلیكترۆنی، ڕێگەكانی وانەوتنەوە، نوسینی پڕۆپۆزەڵ، تەكنەلۆجیای زانیاری، بیردۆزەكانی فێربون، ڕێنمایی دەرونی و چارەسەركردنی كێشەكان، نوسینی ئەكادیمی نامەو تێزی دكتۆرا، یاساكانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، یاساكانی لێژنەی تاقیكردنەوە، تەندروستی و سەلامەتی، بەرزكردنەوەی پلەی زانستی، یاساو ڕێنمایی قوتابیان و خوێندکارانى زانكۆ، هۆشیاری یاسایی). لە هەمان کاتدا بەشێكی دیكەی ئەو كۆڕسەكە پەیوەندی بە لایەنی تاقیكردنەوەكان هەیە، تا بەشداربوان بڕوانامە وەربگرن، كە هەر بەشداربویەك دەبێت نمرەی لە (70%) كەمتر نەبێت، بەپێچەوانەوە بە دەرچوو هەژمار ناكرێت و، ناتوانێت بچێتە قۆناغى دواتر، كە لەلایەن لێژنەیەكەوە دیسان لەسەر ئاستی زانكۆ هەڵدەسەنگێنرێت بۆ ئەوەی نازناوی زانستی پێ بدرێت و ببێتە مامۆستای زانكۆ.

دابەشكردنی نمرەكانیش بەم شێوەیە(20%) بۆ ئامابونی لە كۆڕس، (10%) ئامادەكردنی ڕاپۆرت، (10%) تۆماركردنی وانە لە سێنتەری ئیبن سینای فێركردنی ئەلیكترۆنی، (10%) ئامادەكردنی پرسیارو وڵامی نمونەیی لە بواری پسپۆڕی تایبەت، (50%) بۆ پێشكەشكردنی وانە بۆ ماوەی (15) خولەك.