بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی نوێترین توێژینەوەکانی بواری شێرپەنجە و داڕشتنی نەخشەڕێگای هەماهەنگی نێوان توێژەران و کۆمەڵگای ئەکادیمی و پزیشککارانی ئەم بوارە و لە پێناو ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگ و خۆپاراستن، دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و بەشداری پێکردنی هەمو سێکتەرە پەیوەندیدارەکان لەم پرۆسەیە، بە هەماهەنگی سێنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەلاحەددین و بەشی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکانی شێرپەنجە لەوەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگای هەولێر و بەشی بایۆلۆجی زانکۆی سەلاحەددین، بە بەشدارى ژمارەیەک لە توێژەران و پزیشککاران و مامۆستایان سیمپۆزیۆمێکى زانستى ڕێکخرا.
لەمیانەى وتەیەکیشدا کە بە ناوی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د.نەژدەت صبرى ئاکرەیى بەڕێوەبەرى گشتى توێژینەوە و پەرەپێدان ڕایگەیاند: پرسی خۆپاراستن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، یەکێکە لە گرفتە گەورەکانی بەردەم زانستی پزیشکی لە سەدەی بیست و یەک، هەر چەندە لە ڕێگای توێژینەوەی زانستی بەردەوام و گەشەکردنی تەکنۆلۆجی و داهێنانی میتۆدو هۆکاری نوێ لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی شێرپەنجە مرۆڤایەتی بەڵام هێشتا کاری زیاتر و، توانیویەتی بەرەوپێشجوونی بەرچاو تۆمار بکات، وتیشى:پرسی نەخۆشیەکانی شێرپەنجە بەرپرسیارێتی هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان هەم بەرامبەر کۆمەڵگای خۆمان و هەم بەرامبەر، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەرکی زانستی و مرۆییمان لەسەر شانە
هەر لە وتارەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەش خرایەڕو: سەرهەڵدان و زیاد بوونی نەخۆشی شێرپەنجە لە وڵاتان و چۆنیەتی ڕێلێگرتنی بەتایبەت توێژینەوە لەبارەی ئەو فاکتەرانەی کە پرسیاری گەورەیان لەسەرە، وەک سەرچاوەکانی خۆراک و ستایڵی ژیان و ژینگە و ئاوو هەواو باکگراوندی بۆماوەیی و هۆکارەکانی دیکەن. لەو چوارچێوەیەشدا ڕوونى کردەوە: کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیارى داوە، لەمەو دوا ناوەرۆکی توێژینەوەکانی زانکۆکان بەتایبەت "توێژینەوەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا" باشتر ببەسترێنەوە بە چارەسەرکردنی پرس و گرفتەکانی کۆمەڵگە، بێگومان ئەم بڕیارەش توێژینەوەکانی بواری پزیشکیش دەگرێتەوە، وتیشى: پلانمان هەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان بودجەی توێژینەوەی زانستی لە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستاندا بچەسپێنین بۆ ئەوەی بتواین سەرچاوەی دارایی باشتر بۆ پشتیوانی توێژەران و پەرەپێدانی ژێرخان و تاقیگەو پێداویستییە زانستییەکانی توێژینەوە دەستەبەر بکەین.