ئاهەنگى دەرچوانى زانکۆى دهۆک بە ئامادەبونى نوێنەرى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و، سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى سنورەکە و، کەس وکارى دەرچوان لە سەنتەرێ رەوشەنبیری و جڤاکی زانکویا دهوك بەڕێوەچو، بڕوانامەى بەکالۆریۆس پێشکەش بە (٣٥١١) دەرچو لە (١٦) کۆلێژ و (٥٨) پسپۆڕى جیاکانى ئەو زانکۆیە کرا.
ئاهەنگەکە بەهاتنە ناوەوەى دەرچوانى کۆلێژە جیاکانى زانکۆکەو مامۆستایان و ستافى ئەنجومەنى زانکۆ دەستیپێکرد، پاشان چەند ئایەتێک لە قورئانى پیرۆز خوێندرایەوە، بەدوایدا ئامادەبوان بەساتێک ڕاوەستان ڕێزیان لە شەهیدانى ڕێگەى ڕزگارى کوردستان گرت.
لە بەشێکى دیکەى ئاهەنگەکەدا چەند وتارێک پێشکەشکرا، لەو چوارچێوەیەدا د.کەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بە نوێنەرایەتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەشکرد.
لەسەرەتاى وتارەکەیدا خۆشحاڵى خۆى بەئامادەبونى لەو ئاهەنگە پیشاندا، وتیشى ئەو پۆلە لە دەرچوان دەبنە هۆکارێک بۆ زیاتر ئاوادانکردنەوەى کوردستان، چونکە گومانى تێدا نیە دەبنە پۆلێکى ئەمەکدارى ئەم خاک و نیشتمانە و، ڕۆڵى کاریگەریان لە بونیادنان و پێشخستنى ڕەوڕەوەى پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا لە ووڵاتەکەمان دەبێت، چونکە گەشەسەندن و پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوە پیویستى بە کۆشش و دەستپێشخەرى هەموانە، تا هەریەکە لە بوارى خۆیدا بە پێى پسپۆرى و شارەزایى و لیهاتوى و بەهرەمەندى خۆى بتوانێت ڕۆڵى خۆى بگێرێت چ لە کەرتى گشتى یان تایبەتدا.
هەر لە میانەى وتارەکەیدا، نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بەکارنامەو ستراتیژى وەزارەت کرد بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى خوێندن و لەوبارەیەوە وتى: لە ئێستادا وەزارەت پێى باشە زانکۆکان گرنگیەکى تایبەت بە کواڵیتى بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک هەنگاو گیراوەتە بەر وەک ڕێزبەندى نیشتمانى زانکۆکان، گرنگیدان بەدڵنیایى جۆرى، نوێکردنەوەى پرۆگرامەکانى خوێندن و زانستخوازى بەردەوام، وتیشى بە پێویستى دەزانین پێداچونەوە بەو بەش و پسپۆڕیانە بکرێن، کە لە زانکۆکان بونیان هەیە، هەروەک هەنگاو بۆ کردنەوەى ئەو بەش و پسپۆڕى و کۆلیژانە بنێین، کە دەرچوانیان کاریگەریان هەیە و شوێنى گونجاوى خۆیان لە بازارى کار دەبینەوە.
هەر لە خستنەڕوى دیدگاو ستراتیژى وەزارەت د.کەریم ساڵح عەبدول ڕایگەیاند: بەگرنگى دەزانین بوارى زیاتر بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى ڕەسەن و ئاست بەرز بڕەخسێنرێت، بەشێوەیەک توێژینەوەکان بتوانن چارەسەرى کێشەکانى کۆمەڵگەکەمان بکەن، ڕونیشیکردەوە بۆ ئەو مەبەستە وەزارەت یاداشتننامەى زانستى و هەماهەنگى لەگەڵ هەندێک لە وەزارەتەکانى حکومەتى هەرێم ئیمزا کردوە، هەروەک بە شێوەى ڕاستەوخۆ و لە ڕێگەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران داواى لە وەزارەت و دەزگاو دامەزراوەکانى هەرێم کردوە هێڵە سەرکییەکانى کێشە و گرفتەکانى دەزگاو دامەزراوەکانى حکومەت ڕەوانەى وەزارەتەکەمان بکرێت بۆ بە سەر زانکۆکاندا ئەوەى گشتاندى پێ بکرێت، بۆ چڕکردنەوەى توێژینەوەى زانستى لەسەر ئەو کێشە وگرفتانە بەمەبەستى چارەسەرکردنیان.
ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕێنمایى وەزارەتى بۆ زانکۆکان ڕونکردەوە و وتى: ڕێنمایى وەزارەت بۆ زانکۆکان ئەوەیە گرنگى زیاتر بە ڕاهێنانى قوتابیان وخوێندکاران بدەن، بەتایبەت گرنگىدان بەلایەنى کردارى و پراکتیکى، کە دەبێتە هۆى بەرزبونەوەى ئاستى دەرچوان، بە شێوازێک بگونجێت لەگەڵ پێشکەوتنى سەردەم وپەرەپێدان بە تواناکان لە ڕوى تەکنەلۆژیاى فێرکردن و ڕاهێنان. ئەوەشى ڕاگەیاند: گرنگیدان بە پەیوەندییەکانى دەرەوە خالێکى ترى گرنگە لە پڕۆسەى ڕیفورمى خوێندنى باڵا بە شێوازیک یاداشتنامەکانى لێک تێگەیشتن بخرێنە بوارى جێبەجى کردنەوە بۆ ئەوەى سود لە ئەزمونى زانکۆ پێشکەوتوەکان وەربگیرێت.
لە کۆتایی وتارەکەیدا نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایی ئاڕاستەى سەرۆکایەتى زانکۆى دهۆک و سەرجەم مامۆستایان و وانەبێژان و فەرمانبەرانى ئەو زانکۆیە کرد، کە بە بەرپرسیاریەتییەوە هەوڵیان داوە دەستەبەرى پێداویستیەکانى خوێندن و پێگەیاندنى ئەم پۆلە لە دەرچوان بکەن. لەهەمان کاتدا پیرۆزبایى ئاڕاستەى خانەوادەى دەرچوان کرد بۆ پەروەردەکردن و سەرپەرشتىکردنى ڕۆڵەکانیان، هەروەک پیرۆزبایی لە دەرچوانیش کرد ، کە بەشەو نخونى خۆیان سەرکەوتنیان بە دەستهێنا، ئومێدیشى خواست پێگەى ڕاستەقینەى خۆیان لە نەخشەى ئاوەدانکردنەوەى هەرێمى کوردستان بە پێى پسپۆڕى خۆیان بدۆزنەوە.
هەر لەو ئاهەنگەدا، دواى سوێندخواردن، لەسەر داواى ڕاگرى کۆلێژەکان، لەلایەن سەرۆکى زانکۆ بڕوانامەى بەکالۆریۆس پێشکەش بەسەرجەم دەرچوان کرا، کە ژمارەیان (٣٥١١) دەرچوبو.