د.ئارام محەمەد: لەمساڵدا (٤١٨٣٣) خوێندکار ناویان لە زانکۆ و پەیمانگه‌کان گەڕاوەتەوە

ئه‌نجامی وه‌رگرتنی ده‌رچوانی پۆلی دوانزه‌ی ئاماده‌یی

بەبۆنەى ڕاگەیاندنى ئەنجامەکانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى پیرۆزباى لە دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى کردو هیواى خواست ببن بەسەرمایەى مرۆیى سوود بەخش بۆ داهاتووى وڵاتەکەمان.

ئەم وتانەى د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (٨/١٠/٢٠١٩) لە میانى ئەو کۆنگرە رۆژنامەوایەدا هات کە بەمەستى ڕاگەیاندنى ناوى دەرچوان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان لە دیوانى وەزارەت ڕێکخرابوو.

لەدەسپێکى کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە د.ئارام محەمەد پیرۆزبایى لەدەرچوانى پۆلى دوانزە کردو ڕایگەیاند خوێندکاران سەرمایەى مرۆیى گرنگى ئەم هەرێمەن و ئێمە وەک وەزارەت تەواوى ئامادەکارى و پشتیوانیان دەبین بۆ سەرکەوتنیان لەپرۆسەى خوێندن.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: چەند سەرنج و تێبینییەک هەن لەبارەى دواکەوتنى ڕاگەیاندنى ناوى درەچووان، بەو هۆیەى ئەم پڕۆسەیە پڕۆسەیەکى وردو تەکنیکییە بۆیە ئێمە لەگەڵ وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر هێڵین بتوانین بۆ ئەوەى ئەم بابەتە زیاتر تاوتوێ بکەین، وتیشى: بابەتى ڕاگەیاندنى ناوى دەرچوانیش پەیوەندى بەزیادکردنى پلانەوە هەبوو کەسەرەتا زانکۆکان پلانیان زیاد کردو دواتریش ئێمە وەک وەزارەت ڕیژەى (%٣٠) کورسى خوێندنى گشتیمان زیاد کرد ئەمەش لەپێناو ڕەخساندنى هەلى زیاتر بەدەرچوان.

د.ئارام محەمەد وتیشى: بەگشتى ڕێژەى وەرگرتن بۆ ساڵى خوێندن بەم شێوەیە بووە: بۆ پلانى بەخۆڕایى لەزانکۆ و پەیمانگەکان (%٧٤) و ئێواران (%١٤) و پارالێڵ (%٨) وتیشى بەم شێوەیە بۆ ساڵی خوێندنى (٢٠١٩-٢٠٢٠) لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان دا (٤١٨٣٣) خوێندكار وەرگیران.

 

 

وه‌رگیراوان به‌ژماره‌:

د.خەتاب ئەحمەد شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتى خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئەنجامی وەرگرتنی خوێندكارانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكان ڕاگەیاندو وتی: وەزارەتەکەمان ماوەیەكە بەچڕی و ورد كار بۆ وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەكات، وتیشی ئەمساڵ دەرچوانى خولى يەکەم و دوەمى قۆناخى (١٢)ی‌ ئامادەیی لە یەک کاتدا بەسیستمەکانى (زانکۆلاین, پارالێل و ئیواران) داوایان پێشکەش کرد کە (٣٨٢٨٤) ده‌رچوی پۆلی دوانزەى ئەمساڵ‌ فۆرمی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان پێشكەش كردووە، لە ئەنجامدا (٢٨١٨٥) خوێندكار کە دەکاتە ڕێژەى (%٧٤) لەپلانى گشتى واتە خوێندنى بەخۆڕایى لە زانكۆ و پەیمانگە حكومیەكان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٩-٢٠٢٠) وەرگیران، و (٣١٣٦) دەرچوى دیکەش کە دەکاتە (%٨) لەخوێندنى پارالێڵ وەرگیراون و (٥٥٤٤) دەرچوى دیکەش کە دەکاتە ڕێژەى (%١٤) لە خوێندنى ئێواران وەرگیراون به‌وه‌ش ڕێژه‌ی وه‌رگرتن بریتیه‌ له‌ (٩٦%)ه‌، (١٤٨١) خوێندکاریش کە دەکاتە ڕێژەى (%٤) بەهۆى هەڵە پڕکردنەوەى فۆڕم لەهەڵبژاردنى بەشەکان ناویان نەگەڕاوەتەوەو هاوکات (٣٠٥٢) کورسى بەتاڵیش لەزانکۆ و پەیمانگەکان ماون بەپێشکەشکردنى سکاڵا ناوى ئەوانەش دەگەڕێتەوە و ڕێژەى وەرگرتن دەبێت بە لە (%١٠٠).

كاتی دۆزینه‌وه‌ی شوێنی وه‌رگرتن له‌ زانكۆكان

د.خەتاب ئەحمەد شێخانى دەرچوانى پۆلى دوانزەی ئامادەیی ئاگادار كرد، كه‌ ئێوارەى ئەمڕۆ، لە سەعات (٥) بەدواوە لە ڕێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنی  (www.regayzanko.com)  بە بەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەرو وشەى تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆرمەکانیان پێ‌ بڕكردبوەو، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لێیی وەرگیراون.

دەچووانى ساڵانى دیکەش ناویان گەڕاوەتەوە

 هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەییەدا د.خەتاب شێخانى وتیشى جگە لەدەرچووانى ساڵى ٢٠١٩ دەرچوانى ساڵى پاریش کە ناویان نەگەڕابۆوە داوایان پێشکەش کردووە کە ژمارەیەان (٦٧٩٣) خوێندکارەو (٩٦٥) دەرچو ناویان لە پلانى گشتى واتە خوێندنى بەخۆڕایى گەڕاوەتەوەو (١٠٢٢) دەرچوش لە خوێندنى پارالێڵ و (٢٩٨١) دەرچوش لەخوێندنى ئێواران ناویان گەڕاوەتەوەو بەمەش (٤٩٦٨) دەرچوى ساڵانى رابردو لەمساڵى خوێندن ناویان لە زانکۆ و پەیمانگاکان گەڕاوەتەوەو بەمەش لەگەڵ دەرچووانى ئەمساڵ کۆى وەرگیراوان (٤١٨٣٣) خوێندکار ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکان گەڕاوەتەوە.

دەرچوان دەتوانن سکاڵا بە ئۆنڵاین پێشکەش بکەن

لەبارەى پێشکەشکردنى سکاڵا، د.خەتاب شێخانى وتى: ئەو دەرچوانەى سکاڵایان هەیە بەهەمان پاسۆرد و یوزەرنەیمەوە دەچنە ناو سیستمەکەو دەتوانن سکاڵا پێشکەش بکەن کە تا ئێوارەى ڕۆژى شەممە سەعات (١٢)ى شەو پێشکەشکردنى سکاڵا بەردەوام دەبێت، هاوکات بۆ دابەزینى بەش و کۆلێژەکانیش وتى: بەهەمان پڕۆسە و لەنێو سیستمى وەرگرتندا واتە وێب سایتى (www.regayzanko.com) دەرچوان دەتوانن داواى دابەزین بکەن.